لە هەولێر كەسێك چەندان پارچە زەوی حكوومەت داگیر دەكات و دەیفرۆشێتەوە

:: PM:05:28:13/08/2018 ‌
ئەندامێكی پێشووی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان نهێنی داگیركردنی چەندان پارچە زەوی لە هەولێر ئاشكرا دەكات و پەیامێكیش ئاراستەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەكات.

ئەمڕۆ دووشەم 13ی ئاب/ئۆگەستس، شاخەوان عەبدوڵا ئەندامی پێشووی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە واڵی تایبەتی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبووك ڕای گەیاندووە، لەناو پایتەختی هەرێمی كوردستان و لەسەر شەقامی نێوان هەولێر و كەسنەزانە زەوی حكوومەت پارچە پارچە كراوە و لەلایەن كەسێكەوە هەر پارچەیەك لەو زەوییانە بە 50 هەزار دۆلار دەفرۆشێت و لەسەر شەقامەكەیش هەر مەترێك بە هەزار دۆلار دەفرۆشێت.

پەرلەمانتارەكەی پارتی دەڵێت، هەزاران خانەوادەی شەهید هەیە كرێچییە و خێزانی شەهید هەیە پێوەندی كردووە كرێی خانوی نییە سەرباری ئەوەی هەزاران شەهیدی گەرمیان و كەركووك و سلێمانی و راپەرین یەك مەتر زەوییان لەناوچەكانی خۆیان پێ نەدراوە لەبەر ئەوەی پارتین، بۆیە پێویستە دزینی ئەو زەوییە ڕابگیرێت.

شاخەوان عەبدوڵا داوا لە حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەكات ڕێگا بەو كەسە نەدات بە داگیركردنی ئەو زەیوانە ببێتە خاوەنی 50 ملیۆن دۆلار و خەڵكیش نانی ڕۆژێكی نەبێت.




وشە - سه‌رخێڵ هاشم