ئێواره‌ى ئه‌مڕۆ دووشه‌م 13ی ئاب/ ئۆگه‌ستس، له به‌رده‌م باڵه‌خانه‌ى نه‌خۆشخانه‌ی منداڵبوون له سلێمانى مه‌راسیمی په‌رده‌لادان له‌سه‌ر په‌یكه‌ری "خاتوونه" به‌ڕێوه‌چوو.
په‌رده له‌سه‌ر په‌یكه‌ری "خاتوونه" له‌لایه‌ن په‌یكه‌رتاش "چێنه‌ر نزار" لادرا كه نوێترین كاری ئه‌و پهیكهرسازهیه و په‌یكه‌ره‌كه جیاواز له كاره‌كانی تر‌ى له‌به‌رده‌م نه‌خۆشخانه‌ى منداڵبوون دانرا.
چێنه‌ر نزار پێشتر له واڵی تایبه‌تی خۆی له تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی فه‌یسبووك له‌باره‌ی نوێترین پڕۆژه‌ی هونه‌رییه‌وه نووسیویه‌تی:" وه‌ك ڕێز و وه‌فایه‌ك بۆ خزمه‌تی یه‌كێك له ژنه دڵسۆز و خه‌مخۆره‌كانی ئه‌م شاره پڕۆژه‌ی په‌یكه‌ری خاتوونه‌مان ئه‌نجامدا و ئه‌مڕۆ له به‌رده‌م نه‌خۆشخانه‌ی منداڵبوون په‌رده‌مان له‌سه‌ر په‌یكه‌ره‌كه لابرد، چونكه شوێنی كاری خاتوونه بووه و خزمه‌تێكی زۆری له‌بواری ته‌ندروستیدا كردووه."
خاتوون میخائیل یونان، ناسراو به خاتوونه‌ی سسته‌ر، ساڵی 1924 له شارۆكه‌ى زاخۆ له گوندی (سنات) له‌دایكبووه، له ساڵی 1943 بڕوانامه‌ی په‌رستاری له خوێندنگای په‌رستاری به‌غدا پێ به‌خشراوه، له ساڵی 1952 دوای نۆ ساڵ له‌خزمه‌تی په‌رستیاری له ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێمی كوردستان، هاتووه‌ته شاری سلێمانی و تاكۆتایی ته‌مه‌نی له‌وبواره‌دا خزمه‌تی كردووه.خاتوونه له ته‌مه‌نی 78 ساڵیدا له شاری سلێمانی ساڵی 2002 كۆچی دوایی كرد.
هاوكاتع چێنه‌ر نزار ساڵی 1986 له سلێمانی له دایكبووه، نزیكه‌ی 20 ساڵه له‌وبواره‌دا كارده‌كات و سه‌ره‌تا به‌به‌رد كاری په‌یكه‌رسازیی كردووه، تا ئێسته 19 په‌یكه‌ری دروستكراوی له‌هه‌رێمی كوردستان دانراون.