دوو حاجی كوردستان لە سعوودیە بەر ئۆتۆمبێل كەوتن

:: AM:09:00:14/08/2018 ‌
دوای گەیشتنی حاجییانی هەرێمی كوردستان بۆ سعوودیە، دوو حاجی هەرێمی كوردستان لەو وڵاتە ئۆتۆمبێل لێی داون و گەیەنراونەتە نەخۆشانە و تەندروستیان بەرەو باشبوون دەڕوات.

ئەمڕۆ سێشەم 14ـی ئاب، هەژار میرانی سەرۆكی لیژنەی تەندروستی حاجییان لە تیمی راگەیاندنی حاجییانی كوردستان بەپێی ڕاگەیەنراوێكی وەزارەتی ئەوقاف كە وێنەیەكی بۆ "وشە" هاتووەتە ناردن و تێیدا هاتووە، تا ئێستە پێشوازییان لە چوار هەزار و 150 حاجی كردووە لە نۆرینگەی تەندروستیی حاجییان و كە دوو حاڵەتی روودانی لێدانی ئۆتۆمبێل هەبوونە كە ئێستە تەندروستییان باشە.

سەرۆكی لیژنەی تەندروستی حاجییان ئاشكرای كردووە، 45 حاجی كوردستان رەوانەی نەخۆشخانەی مەلیك فەیسەل كراون بە مەبەستی وەرگرتنی چارەسەر.

لەبارەی جۆری نەخۆشییەكان سەرۆكی لیژنەی تەندروستی حاجییان رای گەیاندووە، لە %65ـی حاڵەتەكان بریتین لە پەتای ئەنفلونزا پێوەندییان بە كەشوهەواوە هەیە. هەروەها %20ـی نەخۆشییە درێژخایەنەكانن وەك شەكرە و بەرزبوونەوەی فشاری خوێن. %8ـی  گرژبوونی ماسوولكەكانە كاتێك حاجییان ماندوو دەبن یان لەكاتی تەوافكردن تووش دەبن. %7ـی بریتین لە نەخۆشییەكانی پێست و كۆئەندامی هەرس كە ئەویش بەهۆی گۆڕانی كەشوهەوا و خواردنەوە تووشی ژەهراویبوون دەبن سەرجەمیان چارەسەركراون.



وشە - رامیار جەواد