كۆمپانیا ئەڵمانییەكان ڕوو لە هەرێمی كوردستان دەكەن

:: AM:09:03:14/08/2018 ‌
كۆمپانیا ئەڵمانییەكان بە پەڕۆشن بۆ كاركردن لە هەرێمی كوردستان و لە واژووكردنی پرۆتۆكۆڵێك بۆ زیاتر لێك تێگەیشتن و نزیككردنەوەی كۆمپانیاكانی هەرێمی كوردستان و ئەڵمانیان، لەگەڵ ژووری بازرگانی هەرێمی كوردستان نزیك دەبنەوە.

لقی هەولێری یەكێتی هاوردە و ناردنكارانی كوردستان لە هەواڵێكیدا هاتووە، نەسرین خەلیل رێكخەری كاری ئەڵمانی لە عێراق و (فلێكس نیوگارت)سەرۆكی جێبەجێكار لە وڵاتانی عەرەبی و كەنداو، سەردانی لقی هەولێری یەكێتی هاوردە و ناردنكارانی كرد.

لەم كۆبوونەوەیەدا شاندی میوان ئامادەباشی و ئارەزووی كۆمپانیا ئەڵمانییەكانی دەربڕی بۆ كاركردنیان لە كوردستان و هەرێمی كوردستانیان بە ناوچەیەكی گرنگ وەسف كرد بۆ بووژانەوە و بازرگانی دوای نەمانی مەترسی و شەڕی داعش.

لە كۆتایی كۆبوونەوەكەدا هەردوولا نزیك بوونەوە لە واژووكردنی پرۆتۆكۆڵێك بۆ زیاتر لێك تێگەیشتن و نزیككردنەوەی كۆمپانیاكانی هەردوولا بەیەكتر، بە داوەتنامەی فەرمی و بەشداریكردن لە كۆنفرانس و پێشانگای بازرگانی.

هەرێمی كوردستان لە سەرەتای ساڵی 2018 لەڕووی ئابوورییەوە گەشەی سەندووە و كاروباری هاووڵاتییان ئاسایی بوونەتەوە و كۆمپانیا بیانییەكانیش دەگەڕێنەوە بۆ كاركردن.



وشە - رامیار جەواد