ساڵانه له ناوه‌وه‌ى عێراق و وڵاتانى ناوچه‌كه و له‌سه‌ر ئاستى دنیا، به ئاستى جیاجیا، فیلمه كوردییه‌كان به‌شدارى له فێستیڤاڵه‌كانى سینه‌ما ده‌كه‌ن، به‌ڵام ئه‌وه‌ى تێبینى ده‌كرێت، زۆر به ده‌گمه‌ن ژنه ده‌رهێنه‌ره كورده‌كان له‌م فێستیڤاڵانه به‌شدار ده‌بن و ته‌نیا فیلمه‌كانیان ده‌نێرن. ده‌رهێنه‌رێك ده‌ڵێ، "به‌هۆى ته‌نگژه‌ى دارایییه‌وه نه‌ك ته‌نیا ژنه‌كان، به‌ڵكو پیاوه‌كانیش ناتوانن به‌شدارى له فێستیڤاڵه جیهانییه‌كان بكه‌ن".
چه‌ند ساڵێك بوو، فیلمه كوردییه‌كان به دهرهێنهرهكانیانهوه به‌شدارییان له‌و فێستیڤاڵانه ده‌كرد كه له وڵاتانى ناوچه‌كه و له‌سه‌ر ئاستى دنیا له بوارى سینه‌ما ئه‌نجام ده‌دران، ئه‌وكات تێبینى ده‌كرا، ژنه سینه‌ماكاره‌كان به ده‌گمه‌ن نه‌بێت، به‌شدارییان له‌و فێستیڤاڵانه نه‌ده‌كرد، به‌ڵام ئێسته ده‌رهێنه‌رانی كورد باس له‌وه ده‌كه‌ن كه نه‌ك ته‌نیا ژن، به‌ڵكو پیاوانیش ناتوانن به‌شدارى له فێستیڤاڵه‌كان بكه‌ن.
عه‌بدولخالق جه‌وده‌ت یه‌كێكه له ده‌رهێنه‌ره گه‌نجه‌كان، ساڵانى رابردوو ئه‌م ده‌رهێنه‌ره، به‌شدارى له چه‌ندان فێستیڤاڵ كردووه، له‌وانه له مه‌غریب و هیندستان و قاهیره، كه‌چى دواجار له فێستیڤاڵى مه‌سقه‌ت له سوڵتاننشینى عومان فیلمه‌كه‌ى به‌شدار بوو، به‌ڵام خۆى نه‌یتوانى له فێستیڤاڵه‌كه ئاماده بێت.
عه‌بدولخالق جه‌وده‌ت له‌و باره‌یه‌وه بۆ "وشه" گوتى، "پێشتریش زۆر له‌و به‌شدارییانه له‌سه‌ر ئه‌ركى تایبه‌تى خۆمان بوو، به‌ڵام ئه‌وكات بارى ئابووریمان باش بوو، ئێسته به‌هۆى ته‌نگژه‌ى ئابوورییه‌وه ناتوانین به‌شداریى ئه‌م فێستیڤاڵانه بكه‌ین، ئه‌وه‌ى به‌شداریش ده‌بێت له‌سه‌ر ئه‌ركى خۆیه‌تى".
ئه‌م ده‌رهێنه‌ره روونى كرده‌وه كه خه‌رجى مانه‌وه له رۆژانى فێستیڤاڵ له‌سه‌ر فێستیڤاڵه‌كه‌یه، به‌ڵام تێچووى گه‌شته‌كه له بلیتى فڕِۆكه و پێداویستییه‌كانى تر له‌سه‌ر ئه‌ركى كه‌سه بهشدارهكهیه، بۆیه ده‌یگوت "ئه‌گه‌ر هیچ نه‌بێت ئه‌وا گه‌شتێك دوو هه‌زار دۆلارى ده‌وێت".
وه‌ك سینه‌ماكاران باسى لێوه ده‌كه‌ن، به‌شێوه‌یه‌كى گشتى ئاستى به‌شداریى فیلمه كوردییه‌كان له فێستیڤاڵه‌كان له‌م دوو ساڵه‌دا له ئاستێكى لاوازدایه، بۆ ئه‌مه‌ش چه‌ندان هۆكار هه‌ن، له‌وانه: نه‌بوونى پێوه‌ندییه‌كى چاك له‌گه‌ڵ ناوه‌نده‌كانى سینه‌ماى جیهانى و نزمى ئاستى به بازاڕكردن و بره‌ودان به فیلمه‌كان.
پشتیوان عه‌بدوڵا ده‌رهێنه‌ر و چالاكی بواری سینه‌ما، بۆ "وشه" ئه‌وه ده‌خاته ڕوو كه به تایبه‌تى له‌لاى ژنه‌كان پێوه‌ندى و بره‌ودان بۆ فیلمه‌كانیان لاوازه، هه‌ڵبه‌ته ئه‌مه‌ش زانیارى و تێچووى دارایى ده‌وێت. به‌گوته‌ی پشتیوان "جیا له‌وانه‌ش، ئه‌گه‌ر ژنێك له فێستیڤاڵێك فیلمه‌كه‌ى به‌شدار بێت، له‌به‌ر زۆر هۆكارى تر‌ى كۆمه‌ڵایه‌تى و ئابوورى ناتوانێ به‌شدارى بكات".
پشتیوان عه‌بدوڵا كه بۆ چه‌ندان فێستیڤاڵى سینه‌مایى سه‌رۆكى شاندى هه‌رێمى كوردستان بووه، باس له هۆكاره‌كانى به‌شدار نه‌بوونى ده‌رهێنه‌ره ژنه‌كان ده‌كات و ده‌ڵێ، له بنه‌ڕه‌تدا له بوارى سینه‌ما ژماره‌ى ده‌رهێنه‌رانى ژن كه‌مه، له بوارى فیلمسازیدا ئه‌م زه‌وینه له‌باره نه‌ڕه‌خساوه، ته‌نیا ژماره‌یه‌كى به‌رچاو له ژنان له بواره‌كه كار ده‌كه‌ن، ئه‌وانیش له ژماره‌ى په‌نجه‌كانى ده‌ست تێپه‌ڕ ناكه‌ن و ره‌نگه كه‌متریش بێت".
سه‌ره‌ڕاى ئه‌م هۆكاره، پشتیوان باس له هۆكارێكى تر ده‌كات، ئه‌ویش كه‌مبوونه‌وه‌ى به‌رهه‌مه سینهمایییهكانه له‌م چه‌ند ساڵه‌ى دواییدا، ئه‌مه‌ش راسته‌وخۆ كارى له‌سه‌ر به‌شدار بوون له فێستیڤاڵه‌كان ده‌بێت. زیاتر گوتى "به‌شداریكردن له فێستیڤاڵه سینه‌مایییه‌كان پێوستى به به‌رهه‌مى تازه‌یه كه ئه‌ویش به‌هۆى ته‌نگژه‌ى ئابوورى زۆر كه‌م بووه‌ته‌وه، ئه‌و هه‌وڵانه‌ى ئه‌نجامیش دراون له‌سه‌ر ئه‌ركى شه‌خسى بووه و یان خۆبه‌خشانه بوو".
دواین فێستیڤاڵ كه بڕیاره ئه‌نجام بدرێت له سه‌ره‌تاى مانگى ئۆكتۆبه‌رى داهاتووه كه له عێراق به‌ڕێوه ده‌چێت به‌ناوى "رێزگرتن له ده‌رهێنه‌رانى سینه‌ما"، ئه‌م فێستیڤاڵه تایبه‌ته بۆ ژنانى ده‌رهێنه‌ر له كوردستان و عێراق. هه‌نار ئه‌نوه‌ر كه كچه ئه‌كته‌ر و پێشكهشكارێكه، له لاى ده‌سته‌ى رێكخستنى فێستیڤاڵه‌كه وه‌ك به‌رپرسى پێوه‌ندییه‌كان له كوردستان دانراوه.
ئه‌و فێستیڤاڵه سێ رۆژ ده‌خایه‌نێ و له به‌غدا ئه‌نجام ده‌درێ. به‌پێى زانیارییه‌كانى "وشه"، فۆرمێكى تایبه‌ت بۆ به‌شداران دانراوه، بۆ ئه‌وه‌ى ناو و زانیاره‌كانیان بنووسن. به‌ڵام وه‌ك هه‌نار ئه‌نوه‌ر بۆ "وشه" ئاماژه‌ی پێ ده‌كات، تا ئێسته هیچ ژنێكى ده‌رهێنه‌ر ناوى تۆمار نه‌كردووه، به‌ڵام هێشتا زووه بۆ ئه‌وه‌ى بڵێین كه‌س به‌شدار نابێت، ره‌نگه یه‌كێك له هۆكاره‌كان ئه‌وه بێت ماوه‌یه‌كى زۆر ماوه".
عه‌دنان عوسمان سینه‌ماكار كه پێشتر به‌ڕێوه‌به‌رى سینه‌ماى هه‌ولێر بووه له وه‌زاره‌تى رۆشنبیرى، بۆ "وشه" رای ده‌گه‌یه‌نێت كه كێشه‌ى سه‌ره‌كى ئه‌وه‌یه سینه‌ما وه‌ك پیشه كاری له‌سه‌ر نه‌كراوه و نه‌بووه‌ته هۆكارێك بۆ به‌ده‌ستهێنانی داهات و خۆشگوزه‌رانی، به‌ڵكو ئه‌وه‌ی هه‌یه له چوارچێوه‌ی حه‌زێك تێپه‌ڕێ نه‌كردووه. جا ره‌نگه ئه‌وه‌یان بۆ پیاو ئاساییتر بێت نه‌ك بۆ ژنان، به تایبه‌تی له كۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه كه هێشتا سینه‌مامان وه‌ك هونه‌رێكی ره‌سه‌ن نه‌ناسیوه و نه‌بووه‌ته كولتوورێكی باو".
عه‌دنان عوسمان باسى له چه‌ند هۆكار كرد كه هه‌ندێكیان كۆمه‌ڵایه‌تى و ئاینین. ئه‌و گوتى "كاریگه‌ری نه‌رێنیی ئاین له‌سه‌ر تاكه‌كانی كۆمه‌ڵگه، یه‌كێكه له هۆكاره‌كانی كه‌می به‌شداریكردنی ژنان له فێستیڤاڵ و فیلمه‌كاندا. هۆكاره‌كانی كۆمه‌ڵایه‌تی و شارستانی و كولتووری به‌ربه‌ستی گه‌وره و كۆنكریتیان داناوه به‌رانبه‌ر به ژن و به‌شداریكردنیان له كاری سینه‌مایی به‌شێوه‌یه‌كى گشتى".
وێڕاى هه‌موو هۆكاره‌كانیش عه‌دنان عوسمان پێی وایه "ده‌بێت ده‌ستخۆشى له‌و ژنانه بكرێت كه له بواره‌كه‌دا كار ده‌كه‌ن، له‌گه‌ڵ ئه‌مانه‌شدا به‌و رێژه كه‌مه، ژنان به‌شداری به‌رچاویان هه‌یه له بزووتنه‌وه‌ی سینه‌مای كوردی، جێی پشتگیری و ده‌ستخۆشی و ئافه‌رینن"