عەبادی نووسراو بۆ مووچەی شەهیدانی كوردستان دەكات

:: AM:11:41:14/08/2018 ‌
وەزیری شەهیدان و ئەنفالكراوانی هەرێمی كوردستان ئاشكرای كرد، حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق نووسراوی فەرمی كردووە بۆ وەزارەتی دارایی تا بەدواداچوون بۆ مووچەی شەهیدانی هەرێمی كوردستان بكەن.

ئەمڕۆ سێشەم 14ـی ئاب، مەحموود حاجی ساڵح وەزیری كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراوان لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا گوتی، نێچیرڤان بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان نامەیەكی ئاراستەی حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق كردووە بۆ مووچەی شەهیدان.

وەزیری شەهیدان گوتی، ڕۆژی 31ـی تەمووزی 2018 لەلایەن حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراقەوە، نووسراوێك بۆ وەزارەتی دارایی عێراق هاتووەتە ناردن و داوا كراوە بەدواداچوونی رژد بكەن لەسەر نووسراوەكەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بۆ گواستنەوەی مووچە و ئیمتیازاتی شەهیدان بۆ سەر حكوومەتی عێراق.

لەبارەی ژمارەی كەسوكاری شەهیدان ئاماژەی دا، واریسی كەسوكاری شەهیدان و كیمیابارانكراوان و ئەنفالكراوان 79 هەزارە و مانگانە زیاتر لە 34 ملیار دینار پارەیان بۆ خەرج دەكرێ، هەروەها 20 هەزار زیندانیی سیاسی هەن.

لە كۆتاییدا ئاشكرای كرد بۆ ئەو مەبەستە سەردانی بەغدا دەكەین و گفتوگۆ دەكەین بۆ ئەوەی كەسوكاری شەهیدان و ئەنفالكراوان هاوشێوەی شەهیدانی تری عێراق مووچەیان پێ بدرێت و سوودمەند بن.




وشە - رامیار جەواد