وادەی دابەشكردنی مووچەی سەرجەم وەزارەتەكان ڕاگەیەنرا

:: PM:08:02:14/08/2018 ‌
بڕیارە كۆتای ئەم هەفتەیە مووچەی سەرجەم وەزارەتەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان دابەش بكرێت.

ئەمڕۆ سێشەم 14ی ئاب/ ئۆگەستس، سەرچاوەیەكی تایبەت بە "وشە"ی ڕاگەیاند، بڕیارە پێش جەژنی قوربان  مووچەی سەرجەم وەزارەت و داودەزگاكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان دابەش بكرێت.

سەرچاوەكە گوتی، سبەی مووچەی دەزگا تەناهییەكان و وەزارەتی ناوخۆ دابەش دەكرێت و ڕۆژی پێنجشەمی داهاتووش مووچەی سەرجەم وەزارەتەكان دابەش دەكرێت.

وەك سەرچاوەكە هێمای بۆ كرد پێش جەژنی قوربانی مووچەی خانەنشینیش دابەش دەكرێت.

ئەوە لەكاتێكدایە كە پێشتر مونا قهوەچی ئەندامی پەرلەمانی كوردستان بە "وشە"ی ڕاگەیاندبوو پێش جەژنی قوربانی مووچە تەواوی فەرمانبەران دابەش دەكرێت.

هاوكات فازڵ نەبی بریكاری پێشووی وەزارەتی دارایی عێراق بە "وشە"ی گوتبوو، حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئیتر دەتوانێ‌ مانگانە و لەكاتی خۆیدا مووچەی فەرمانبەران دابەش بكات.

وەزارەتی دارایی و ئابووری حكوومەتی هەرێمی كوردستان بۆ ئەم مانگە خشتەی دابەشكردنی مووچەی ڕانەگەیاند ئەوەیش وەك هەوڵێك بۆ ئەوەی دابەشكردنی مووچە ئاسایی ببێتەوە.





وشە - سه‌رخێڵ هاشم