هاوپەیمانی نێودەوڵەتی باسی كردنەوەی رێگەی كەركووك- هەولێر دەكات

:: PM:10:16:14/08/2018 ‌

هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژ بە داعش لە سووریا و عێراق كە ئەمەریكا سەركردایەتی دەكات، دووپاتی كردەوە كە هەریەك لە حكوومەتی هەرێمی كوردستان و حكوومەتی عێراق لەسەر كردنەوەی رێگەی سەرەكیی نێوان كەركووك-هەولێر رێككەوتوون.

شۆن رایان، گوتەبێژ بەناوی هاوپەیمانیەتییەكە ئەمڕۆ سێشەم لە تویتێك لە "تویتەر" نووسیویەتی، هەردوو حكوومەتی هەرێمی كوردستان و عێراق لەسەر كردنەوەی رێگەی كەركووك-هەولێر بە زووترین كات و دامەزراندنی شوێن و خاڵی تەناهی بە درێژایی رێگەكە رێك كەوتوون.

زیاتر گوتی، تەنیا لە هەفتەی رابردوو لە ئەنجامی هەڵمەتەكانی تەناهی لە سەرانسەری عێراق زیاتر لە 50 گومانلێكراوی تیرۆر گیراون و زیاتر لە 500 ئامێری تەقینەوە و تەقەمەنی لادراون. 

لای خۆیەوە بەرپرسی ژووری ئۆپراسیۆنی هێزەكانی ئەمەریكا لە بەغدا رای گەیاند كە لە پاڵپشتیكردنی هێزی پێشمەرگەی كوردستان و هێزەكانی عێراق بەردەوام دەبن.

جەنەراڵ رینفۆرد لە لێدوانێكی تەلەڤزیۆنی رای گەیاند كە بودجەیەكی باشیان بۆ رێكخستنەوەی هێزەكانی پێشمەرگە تەرخان كردووە و ئەوان دەیانەوێ پێشمەرگە بە توانای زیاتر و باشتر سەركەوتن بەسەر داعش بەدەست بێنێ و لەناوی ببات و دووپاتی كردەوە كە وڵاتەكەی لە راهێنان و شیاندنی تواناكانی پێشمەرگە بەردەوام دەبێ.

سەرچاوە/ شەفەق نیوز





وشە - مه‌حموود ئیسماعیل