رۆناڵدۆ ئێستاش ركابەری لەگەڵ میسی دەكات

:: AM:09:50:15/08/2018 ‌

بەگوێرەی زانیارییە رۆژنامەوانییەكان هەرچەندە كریستیانۆ رۆناڵدۆی ئەستێرەی پورتوگالی ریزی یانەی ریال مەدریدی جێهێشتووە و ئێستا لە خولی ئیتاڵیا و یانەی یۆڤێنتۆس یاری دەكات، بەڵام تا ئێستا لە ركابەریكردن لەگەڵ لیۆنێل میسی ئەستێرەی یانەی بەرشەلۆنە نەوەستاوە.

رۆژنامەی (دەیلی ستار)ی ئینگلیزی چەند نهێنییەكی دەست كەوتووە و بڵاوی كردەوە: رۆناڵدۆ لە هەوڵی ئەوەدایە پۆڵ پۆگبای ئەستێرەی فڕەنسی و یانەی مانچستەر یونایتدی ئینگلیزی كە یەكێكە لە ئامانجە سەرەكییەكانی یانەی بەرشەلۆنە، رازی بكات بگەڕێتەوە ریزی یانەكەی پێشووی یۆڤێنتۆس.

رۆژنامەكە ئاشكراشی كرد: رۆناڵدۆ تا ئێستاش لە ركابەریكردنی ئەستێرەی یەكەمی یانەی بەرشەلۆنە میسی نەوەستاوە و هەوڵ دەدات رێگە لە پۆگبا بگرێ بچێتە ریزی یانەكەیان كە بە دڵنیاییەوە سودێكی گەورە دەگەیەنێ بە ئەستێرە ركابەرەكەی.

یاریزانە تەمەن 33 ساڵییەكە هەوڵ دەدات بەهەموو شێوەیەك رێگە لەم ئاواتەی میسی بگرێ بۆ یاریكردن لەتەك یاریزانێكی بەهێزی هێڵی ناوەڕاست وەك پۆگبا.

ئەمە لە كاتێكدایە كە یانەی بەرشەلۆنە ماوەیەكە بەهەموو شێوەیەك هەوڵی گرێبەستكردن لەگەڵ پۆگبا دەدات و لەم هاوینەشدا تا ئێستا دوو دەستەوارەی فەرمی پێشكەش بە یانەی مانچستەر یونایتد كردوو كە یەكێكیان پێشكەشكردنی یاری مینا و ئەندرێ گۆمێز بوو لەگەڵ 44 ملیۆن پاوەن، بەڵام یانە ئینگلیزییەكە هەردوو داواكارییەكەی رەت كردبووەوە.




وشە - ئامانج ئه‌كره‌م