هاوار مستەفاخان توێژینەوە لەسەر 80 فیلمى کوردى دەکات

:: AM:10:06:15/08/2018 ‌
دواى ئەوەى هاوار مستەفاخان لە میسر پلەى نایابى لە بەدەستهێنانى بڕوانامەى ماستەر لەسەر تێزەکەى وەرگرت، لێکۆڵینەوەکەى لە دووتوێى کتێبێک بڵاو کردەوە. ئەو پێی وایە توێژینەوە لەبارەى سینەماى کوردى کەمە، هۆکارەکەش ئەوەیە خوێندنى ئەکادیمى بە ماستەر و دکتۆراوە لە بوارى سینەما هێشتا لە زانکۆکانى کوردستان نەکراوەتەوە.

کتێبى "سینەماى دۆکیۆمێنتارى کوردى" لە دووتوێى 301 لاپەڕە، لەلایەن دەزگەى هاوار فیلم، چاپ کراوە و لە بازاڕەکانى کوردستان بڵاو کراوتەوە، ئەم کتێبە بە زمانى عەرەبییە، لەلایەن دەرهێنەرى کورد هاوار مستەفاخان نووسراوە.

 هاوار لەبارەى ناوەڕۆکى کتێبەکەى لە دیمانەیەکى لەگەڵ "وشە" گوتی، لە بنەڕەتدا کتێبەکەى تێزى ماستەر بووە و بە یەکێک لە زانکۆکانى میسر دراوە و پلەى نایابى لەسەر وەرگرتووە. خۆی دەڵێ "ئەو کارەم بۆ زانکۆ کرد، بەر لەوەى چاپى بکەم، بەڵام لەبەر گرنگى ناوەڕۆکەکەى، بەزمانى عەرەبى چاپم کردووە، هۆى عەرەبییەکەیشی ئەوەیە وەک گوتم پێشکەش بە زانکۆ کراوە، هیوادارم دەرفەتم هەبێت تا لە ساڵى داهاتوو بەزمانى کوردیش بڵاوى بکەمەوە".

 ئەوەى تێبینى دەکرێت، لەم ساڵانەى دواییدا فیلمێکى زۆر بە هەموو جۆرەکانیەوە بەرهەم دەهێنرێت، بەڵام توێژینەوە لەبارەى سینەماى کوردى زۆر کەمە، هاوار مستەفاخان پاڵپشتی ئەو بۆچوونە دەکات بەوەی "ڕاستە توێژینەوە لەبارەى  سینەماى کوردى کەمە، هەرچەندە لێرە و لەوێ هەوڵ و کۆششى چاک هەیە، بەڵام وەک پێویست نییە".

جیا لە پێشەکییەک لەبارەى مێژووى سەرهەڵدانى فیلمى دۆکیۆمێنتارى لە عێراق و کوردستان، توێژینەوەکەى هاوار زیاتر کارکردنە لەسەر بەرهەمەکانى سینەمایی دواى 2003. لێکۆڵینەوەکەشى بە شرۆڤەکارى و مەیدانى وەسف کراوە. وەک خۆی ئاماژەی بۆ دەکات، "12 ساڵم بۆ توێژینەوەکانم وەرگرتووە، لە ساڵى 2003 دەست پێ دەکات و لە ساڵى 2015 کۆتایى دێت، بەشێکى لێکۆڵینەوەکەم مەیدانییە، فۆرمم لە هەر پێنج شارى کوردستان، هەولێر، دهۆک، سلێمانى، کەرکووک و هەڵەبجە بڵاو کردووەتەوە، تا بزانم لە ماوەى ئەم 12 ساڵە فیلمە دۆکیۆمێنتارییەکان باسیان لە چى کردووە، شێوازێکى تر شرۆڤەکارییە بۆ فیلمەکان، بۆ ئەمەش لە هەر شارێک فیلمێکم وەرگرتووە، کۆى ئەو فیلمانەى من لێکۆڵینەوەم لەسەر کردوون، ژمارەیان 80 فیلمى دۆکیۆمێنتارین".

لەبارەى کامە فیلمى کوردى لەڕووى مێژوویییەوە بە یەکەم فیلمى کوردى دادەنرێت، لە وەڵامدا مستەفاخان گوتى، "من کارم لەسەر مێژووى فیلمەکان نەکردووە، تەنیا وەک نموونە 12 ساڵم بە دیارکراوى وەرگرتووە".

 وەک ئەم توێژەرە تێبینى کردووە، زۆربەى ئەو فیلمانەى لەم ماوەیە بەرهەم هاتوون، باس لە مەینەتییەکانى گەلى کورد دەکەن لە کوردستانى عێراق، بابەتەکانیش بەشێوەیەکى سەرەکى بریتین لە ئەنفال، کیمیاباران و خەباتى کورد، دواتریش داعش و جینۆسایدى ئێزیدییەکان، سەرکەوتنەکانى پێشمەرگە. 

بەڵام هاوار رەتى دەکاتەوە کە فیلمەکان تەنیا بە سیاسى بزانرێن و گوتى "هەڵبەتە فیلمى دۆکیۆمێنتارى تۆمارکردنى راستییەکانە، ئەمەش راستى کۆمەڵگەى کوردى لەژێر سایەى رژێمى بەعس ئاشکرا دەکات و دواتریش ئەم رووداوانەى وەک شەڕى داعش و سەرکەوتنەکانى پێشمەرگە، رووداوى راستەقینە بوون بەسەر کۆمەڵگەى ئێمەدا هاتوون".

"سینەماى دۆکیۆمێنتارى لە کوردستان لەم چەند ساڵەى رابردوودا گەشەى کردووە، چەندان هۆکاریش بۆ ئەمە هەیە، لەوانە ئەنجامدانى فێستیڤاڵەکان و رۆڵى تەلەڤزیۆنەکان لە بەرهەمهێنانى ئەو فیلمانە" هاوار مستەفاخان وای گوت.

ئاماژەی دا "دەتوانین بڵێین لە 25 ساڵى رابردوو کەناڵەکانی تەلەڤزیۆن رۆڵیان هەبووە لە بەرەوپێشبردن و بەرهەمهێنانى ئەو جۆرە فیلمانە، کەناڵەکان هەموویان بە کەناڵى دراما و کەناڵى خێزانى و هەواڵەوە، هەوڵیان داوە کەم تا زۆر فیلمى دۆکیۆمێنتارى بەرهەم بێنن، هەرچەندە رەنگە لە ئاست خواستى ئێمەى سینەماکاران نەبێت، لەگەڵ ئەوەشدا هۆکارێکى گرنگ بوون".


وشە - فه‌یسه‌ڵ خه‌لیل