چوار لایەنە ناڕازیییەكە لەگەڵ پارتی و یەكێتی گفتوگۆ دەكەن

:: AM:10:16:15/08/2018 ‌
بەرپرسێكی یەكێك لە چوار حزبە ناڕازیییەكەی هەرێمی كوردستان ئاشكرای دەكات، وەك چوار لایەنە ناڕازیییەكە ئێمە ئامادەیی هەموو گفتوگۆیەكمان هەیە لەگەڵ سەرجەم لایەنەكانی عێراق.

ئەمڕۆ چوارشەم 15ـی ئاب، ئەبوبەكر هەڵەدەنی ئەندامی سەركردایەتی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان بە "وشە"ـی ڕاگەیاند،ـ وەك چوار لایەنە ناڕازیییەكە ئامادەیی هەموو گفتوگۆیەكمان هەیە بۆ دۆخی سیاسیی عێراق.

ئەو بەرپرسەی یەكگرتوو گوتی، بەرنامە و ستراتیجی خۆمان هەیە بۆ گفتوگۆ لەگەڵ لایەنەكان، بۆیە ئەو بەرنامەیەی دامانڕشتووە لەسەری دەڕۆین جا گفتوگۆ لەگەڵ هەر لایەنێك بێت.

هەڵەدەنی ئاشكرای كرد، بەر لە ئەنجامدانی هەر گفتوگۆیەك چوار لایەنەكە كۆبوونەوەیەكی تر ئەنجام دەدەن، دواتر گفتوگۆكان لەگەڵ هەر لایەنێكی ناڕازی بێت ئاسایییە ئەگەر پارتی و یەكێتیش بێت ئاسایییە بۆ بەرنامەیەكی نیشتمانی بێت، گفتوگۆ دەكەین.

دوای ڕاگەیاندنی ئەنجامی هەڵبژاردنەكانی 12ـی ئایاری عێراق، هەریەكە لە یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان و كۆمەڵی ئیسلامی و گۆڕان و هاوپەیمانی بڕیاری بایكۆتی هەموو گفتوگۆیەكیان دا تا یەكلاكردنەوەی ئەنجامی دەنگەكان لەلایەن دادگای فیدڕاڵ.



وشە - رامیار جەواد