بەرشەلۆنە نرخی فرۆشتنی دێمبێلێی دیاری کردووە

:: AM:10:34:15/08/2018 ‌

هەرچەندە بەرپرسانی یانەی بەرشەلۆنەی ئیسپانی رایانگەیاندبوو كە عوسمان دێمبێلێی ئەستێرەی لاوی فڕەنسی بۆ فرۆشتن نییە، بەڵام بەگوێرەی زانیارییەكان یانەكە ئامادەیە دەستبەداری بێت ئەگەر دەستەوارەیەكی گرانبەهای ئاراستە بكرێ.

رۆژنامەی (ماركا)ی ئیسپانی ئاشكرای كرد: بەرپرسانی یانەی بەرشەلۆنە تا ئێستاش راڕان لەسەر مانەوە و رۆیشتنی دێمبێلێ لە ریزی یانەكەیان و بەهۆی ئەوەی وەرزی رابردوو نەیتوانی وەك پێویست ئاستێكی باش لەگەڵ یانەكە پێشكەش بكات.

سەرچاوەكە جەختیشی كردەوە كە یانەكە ئامادەیە دەستبەرداری ئەم ئەستێرە لاوە تەمەن 21 ساڵییەی بێت ئەگەر دەستەوارەیەكی گرانبەهای بە بەهای 71 ملیۆن پاوەن پێشكەش بكرێ.

ئەمە لە كاتێكدایە كە یانەی بەرشەلۆنە چەند رۆژێك پێش ئێستا رایگەیاندبوو كە بەهیچ شێوەیەك بیر لە فرۆشتنی دێمبێلێ ناكەنەوە و ئەم یاریزانە لاوەیان وەك پڕۆژەی داهاتووی یانەكەیان داناوە.

لای خۆیانەوە چەند یانەیەكی خولی نایابی ئینگلیزی و یانەی پاریس سان جێرمانی فڕەنسیش ئامادەیی خۆیان پێشاندابوو بۆ گرێبەستكردن لەگەڵ دێمبێلێ، بەڵام تا ئێستا هیچ یانەیەك بەفەرمی دەستەوارەی پێشكەش بە یانەی بەرشەلۆنە سەبارەت بە كڕینی ئەم ئەستێرەیە پێشكەش نەكردووە.

جێی باسە یانەی بەرشەلۆنە لەم هاوینەدا گرێبەستی لەگەڵ مالكۆمی بەڕازیلی لە یانەی بۆردۆی فڕەنسی كردبوو كە لە هەمان شوێنی دێمبێلێ یاری دەكات و ئەمەش ئەوە دەگەیەنێ كە داهاتووی یاریزانە لاوە فڕەنسییەكە لە ریزی یانە كەتەلۆنییەكە لە مەترسیدایە.




وشە - ئامانج ئه‌كره‌م