"ئەوانەی بۆ گەشت دەچنە ئێران لە مەترسییەكی گەورەدان"

:: AM:11:03:15/08/2018 ‌
باڵوێزی عێراق لە ئێران هۆشداری بە گەشتیارەكانی وڵاتەكەی دەدات، لەوەی وریا بن چونكە لە ئێران ڕووبەڕووی كوشتن و دزین دەبنەوە.

راجح مووسەوی باڵوێزی عێراق لە ئێران لە لێدوانێكی رۆژنامەوانی كە لە پێگەی "سەوا" هۆشداری بە گەشتیارە عێراقییەكان دەدات و داوایان لێ دەكات لەكاتی گەشتكردنیان بۆ ئێران وریا بن.

مووسەوی ئاماژەی بۆ ئەوە كردووە، ئەو هۆشدارییە لە كاتێكدایە كە گەشتیارە عێراقیییەكان لە ئێران ڕووبەڕووی تاوانەكانی كوشتن و دزین دەبنەوە. دەڵێ‌ "رۆژانە 20 هەزار گەشتیاری عێراق دەچنە ئێران".

پێشتر میدیاكانی عێراق ئاشكرایان كردبوو، عێراقییەكان لەكاتی گەشتیان بۆ ئێران دزییان لێ دەكرێت و پارەیان لێ وەردەگیرێت.

باڵوێزی عێراق لە ئێران ئامادە نییە ئاماری ئەو تاوانانە ئاشكرا بكات كە لە ئێران دەرهەق بە عێراقییەكان كراوە، لەگەڵ ئەوەشدا گوتوویەتی، "حاڵەتەكان زۆر نین، بەڵام لەبەر ئەوەی هەموویان لە یەك كاتدا روویان داوە، لە راگەیاندن بەگەورەیی دەركەوتوون".

 ئێران لە بارودۆخێكی ئابووری سەختدایە و دوای سەپاندنەوەی سزاكانیش لە لایەن ئەمەریكاوە بەسەر ئەم وڵاتە، چاوەڕوان دەكرێت بارودۆخی ئێران خراپتر بێت.



وشە - فه‌یسه‌ڵ خه‌لیل