بەوێنە.. ئامرازەكانی بانگەشەی یەكێتی هاتوچۆی خەڵكی پەك خستووە

:: PM:12:02:15/08/2018 ‌


بە داكوتانی ئاسنی سەخت بۆ مەبەستی هەڵواسینی وێنەی كاندیدەكانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، شۆستەی هاتوچۆی هاووڵاتییان زیانی پێ گەیشتووە و هاتوچۆكردنی خەڵك بەرتەسك بووەتەوە، هاوكات مەترسی بۆ سەر ژیانی هاووڵاتییانیش دروست بووە.

بەپێی بەدواداچوونێكی  وێنەیی "وشە" ئەگەرچی هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی عێراق لە 12ی مانگی ئایاری ئەمساڵەوە ئەنجام دراوە و كۆتایی هاتووە، كەچی هێشتا یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە شارۆكەی كەلاری ناوەندی ئیدارەی گەرمیان، شەقامێكی نزیك لە مەڵبەندی 11ی رێكخستنی گەرمیانی بەئاسنی سەخت داكوتاوە و شوێنی شۆستەكەش بەو هۆیەوە چاڵ بووە و هاتوچۆی خەڵك بەرتەسك بووەتەوە.

سامان حەسەن كە شۆفێرێكی خەڵكی كەلارە بۆ "وشە" ئاماژەی دا، چەندان جار هاتوچۆی هاووڵاتییان بەسەر شەقامەكەدا رووداوی هاتوچۆی لێ كەوتووەتەوە و تا ئێستە سێ كەسیش لە لێواری مەرگ گەڕاونەتەوە.

بە گوتەی ئەم شوفێرە، هاووڵاتی ناچار دەبێ لە شۆستە بێتە خوارەوە چونكە لەكاتی تێپەڕینی بەسەر ئەو شۆستەدا دوو كەس ناتوانن رووبەڕووی یەكتر بێن.

لەبارەی مانەوەی هۆكارەكانی بانگەشە لە سنووری شارەوانی كەلار، ئەكرەم ساڵح سەرۆكی شارەوانیی كەلار بۆ "وشە" ئاماژەی دا كە هۆكارەكانی بانگەشە لە كەلار و دەوروبەری ماون .

ئەو دەڵێت "ئێمە چەندان جار لایەنەكانمان ئاگادار كردووەتەوە بەلابردنی هۆكارەكانی بانگەشە، بەڵام دەبێ كۆمسیۆن لێپرسینەوەیان لەگەڵدا بكات، چونكە دواجار رێكارەكان لای كۆمسیۆنە.

هاوكات ئەندامانی كومسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانیش بە بیانووی نەبوونی مۆڵەتی لێدوان لێدوانیان نەدا.

گەرمیان / سەبری هۆرێنی









وشە - سلێمان تاشان