دوای پێشكەشكردنی ناوی كاندیدان لەلایەن حزبە سیاسییەكانی بەشداری هەڵبژاردنەكانی 30ـی ئەیلوول، بڕیارە لە چەند ڕۆژی داهاتوودا ناوی كاندیدەكان ئاشكرا بكرێت.
ئەمڕۆ چوارشەم 15ـی ئاب، ژیار دزەیی بەڕێوەبەری قەوارە سیاسییەكان لە كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و ڕاپرسی لە هەرێمی كوردستان بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، بڵاوكردنەوەی ناوی كاندیدانی قەوارە سیاسییەكان لە دەسەڵاتی ئەنجوومەنی كۆمسیارانە و ئەوان بڕیاری لێ دەدەن.
ئەو بەرپرسەی كۆمسیۆن گوتی، پێشبینی دەكرێت لە چەند ڕۆژی داهاتوودا بەشێوەی فەرمی ناوی سەرجەم كاندیدان ئاشكرا بكرێت بۆ هەڵبژاردنەكانی هەرێمی كوردستان.
دزەیی ئاماژەی دا، سەرجەم ناوەكان گەڕاونەتەوە دوای پكشنینی دەستپاكی و كۆمەڵێك ڕێوشوێنی تر كە نزیكەی سەرجەمیان پەسەند كراون.
ڕۆژی هەشتی ئایار/مایۆ، سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان بە مەرسوومێك ڕۆژی 30 ئەیلوول/سێپتێمبەری بۆ ئەنجامدانی خولی پێنجەمی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان دیاری كرد و كۆمیسیۆنیش دەستی بە ئامادەكارییەكان بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنەكە كردووە، پەرلەمانی كوردستان لە 111 كورسی پێك دێ، 11 كورسی بۆ پێكهاتە نەتەوەیییەكانی كوردستان دیاری كراوە و لە 19ی ئایار/مایۆی 1992 هەڵبژاردنی خولی یەكەم ئەنجام درا، لە 2005 و 2009 و 2013 خولی دووەم و سێیەم و چوارەمی پەرلەمان هاتنە هەڵبژاردن.