عەبدوڕەحمان بێلافی شاعیر لە دیمانەیەكی تایبەتی "وشە" ئاشكرای دەكات، هانی زیاد ئەسعەدی داوە بگەڕێتەوە بواری هونەریی و دەڵێ، "ئەویش حەز بە گەڕانەوە دەكات".
عەبدوڕەحمان بێلافی شاعیر كە یەكێكە لە هاوڕێیە نزیكەكانی زیاد ئەسعەد لە دیمانەیەكی تایبەت بە"وشە" كە لە ژمارەكانی داهاتوودا بڵاو دەبێتەوە، باس لە پێوەندیی نێوان خۆی و زیاد ئەسعەد دەكات و باس لەوە دەكات هانی زیاد دەدات بگەڕێتەوە ناو بواری هونەری.
لە دیمانەكەدا بێلاف لە بارەی پێوەندی خۆی بە زیاد ئەسعەدەوە دەڵێ، "یەكێكە لە هاوڕێ هەرە نزیكەكانم و پێوەندیم لەگەڵی زۆر پتەوە، ئەو دوای راپەڕین چووتە دەرەوە، ئێستە زیاتر لە رێی تەلەفۆنەوە پێوەندیمان ماوە".
وەك دەزانرێت زیاد ئەسعەد یەكێكە لەو گۆرانبیژانەی زۆر لە شیعرەكانی بێلافی كردووەتە گۆرانی، بێلاف لەمبارەیەوە لە دیمانەكە دەڵێ "زیاد لەو رۆژەی دەستی بە گۆرانیگوتن كردووە، ئەگەر 100 گۆرانی گوتبێ، هەشتا گۆرانی لە تێكستی من بووە".
بێلاف باس لە چەندان بابەتی تری هونەرمەندان دەكات، لە بارەی زیاد خۆیەوە ئاشكرای دەكات، هانی داوە بگەڕێتەوە بواری هونەری و دووپاتی دەكاتەوە كە ئەویش ئارەزووی هەیە.