بەرپرسێكی تری كورد لە كەركووك دوور خرایەوە

:: PM:01:06:15/08/2018 ‌
بەرپرسێكی تری كورد لە كەركووك لەسەر كارەكەی دوور دەخرێتەوە و كەسێكی تر لە شوێنەكەی دادەنرێت.

بە پێی نووسراوێكی وەزارەتی بازرگانیی عێراق، "دڵشاد عەباس عوسمان" بەڕێوەبەری لقی كۆمپانیای گشتیی بازرگانیی كەرەستەی بیناسازی سەر بە حكوومەتی عێراق، لە پۆستەكەی دوور خراوەتەوە.

لە نووسراوەكە هاتووە، دڵشاد عەباس عوسمان ئەندازیار و بەڕێوەبەری لقی كۆمپانیای گشتیی بازرگانی كەرەستەی بیناسازی سەر بە وەزارەتی بازرگانی، لە پۆستەكەی لا براوە و یاریدەدەری بەڕێوەبەری بەشی گەنجینەكان لە لقی ئەو كۆمپانیایە لە كەركووك  "یاسین تەحسین" لە شوێنەكەی دانراوە.

بەپێی دواین ئامار لە شاری كەركووك كورد %12ـی پۆستەكانی لە دەست ماوە، ئەوەی تر لەلایەن توركمان و عەرەبەكانەوە كوردەكانیان لا داوە و خۆیان كەسێكیان دیاری كردووە بەبێ‌ گەڕانەوە بۆ ئەنجوومەنی پارێزگای شارەكە.

لادانی كوردەكان لە پۆستی بەڕێوەبەرایەتییەكانی شاری كەركووك بەردەوامە، ئەوەش دوای خیانەتی 16ـی ئۆكتۆبەری ساڵی ڕابردووی باڵێكی سەربازی یەكێتی كە وایكرد %51ـی خاكی هەرێمی كوردستان بكەوێتە دەست میلیشیا چەكدارەكان.





وشە - رامیار جەواد