تۆمەتبارێكی هەڵهاتووی سلێمانی لە هەولێر گیرا

:: PM:03:35:15/08/2018 ‌
بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی سلێمانی گرتنی چەند تۆمەتبارێكی ڕاگەیاند و ئاماژەی بەوەیش كردووە كە تۆمەتبارێكی هەڵهاتوو لە سلێمانی، لە هەولێر گیراوە.

ئەمڕۆ چوارشەم 15ی ئاب/ ئۆگستس، بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی سلێمانی لە ڕاگەیەنراوێكدا ڕای گەیاند، دوای ئەوەی لە نزیك پردی وڵوبە لە شاری سلێمانی هاووڵاتی (ك، ع، ش) كوژرا، پاش گەیشتنی هێزەكانی پۆلیس و تیمەكانی بەڵگەی تاوان توانرا تۆمەتبار (ه، ق، م) لەدایكبووی ساڵی 1990 كە پیشەی كاسبە بگرن.

وەك لە ڕاگەیەنراوەكەدا هێمای بۆ كراوە، تۆمەتباری سەرەكی (د، م، ق) لە دایكبووی ساڵی 1991 كە هەڵاتبوو دوای لێكۆڵینەوە و دەستكەوتنی زانیاری ورد لەسەر شوێنی نیشتەجێبوونی، دەركەوت كە تۆمەتبار بەرەو شاری هەولێر هەڵاتووە و دواتر بە هاوكاری هێزەكانی پۆلیسی هەولێر توانرا تۆمەتباری سەرەكی بگیرێت و ڕەوانەی شاری سلێمانی بكرێتەوە بە مەبەستی لێكۆڵینەوە یاسایییەكان .

راگەیەنراوەكە ئاماژەی بۆ ئەوەیش كردووە كە ئێستە هەردوو تۆمەتبار بە فەرمانی دادوەر و بەپێی مادەی 406 لە یاسای سزادانی عێراقی بەندن.





وشە - سه‌رخێڵ هاشم