حزبە شیعەكان لەسەر ئێران دژی عەبادی دەوەستنەوە و شەقامیش پشتگیریی دەكات

:: PM:04:02:15/08/2018 ‌

مشتومڕی سزاكانی سەر ئەمەریكا لە ناوەندی سیاسی و جەماوەری عێراقی بە قووڵی كاریگەری جێهێشتووە بەتایبەت دوای راگەیاندنی هەڵوێستی حكوومەت، حزبە شیعە نزیكەكانی ئێران سەركۆنەی عەبادی دەكەن و دژی دەوەستنەوە، بەڵام شەقامی عێراقی پشتگیریی لێ دەكەن.

ئەگەرچی دوای 2003 تا ئێستە، ئەوەی باوە عێراق حەوشەی پشتەوەی ئێرانە، بەڵام پێ دەچێ ئەو چەمكە لە دیوی سیاسی و حزبە شیعەكان راست بێت، بەڵام لە دیوە جەماوەرییەكەی پێچەوانەكەی راست بێت.

دوای جێبەجێكردنی گەڕی یەكەمی سزاكانی ئەمەریكا بۆ سەر ئێران، هەفتەی رابردوو كاتێك حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق هەڵوێستی وڵاتەكەی لە بارەی بڕیارەكەی واشنتن راگەیاند، لەلایەن دەسەڵاتدارانی ئێرانەوە زۆر بە توندی رەخنەی لێ گیرا تا ئاستی هەڵوەشانەوەی سەردانی عەبادی بۆ ئێران كە بڕیار بوو ئەمڕۆ چوارشەم 15ی ئاب/ ئۆگستس دوای سەردانەكەی بۆ توركیا، لەگەڵ حەسەن رووحانی سەرۆك كۆماری ئێران لە تاران كۆ ببێتەوە، بەڵام وەزارەتی دەرەوەی ئێران رای گەیاند، هیچ ئامادەكارییەك نەكراوە بۆ پێشوازی لە عەبادی و سەردانی سەرۆك وەزیرانی عێراقیش بۆ ئێران لە بەرنامەدا نییە.

رەتكردنەوەی سەردانەكە، نووسینگەی سەرۆك وەزیرانی عێراقی ناچار كرد بێتە دەنگ و دوێنێ سێشەم 14ی ئاب، لە روونكردنەوەیەكدا رای گەیاند كە لە بەرنامەی عەبادی نەبووە سەردانی ئێران هەر بكات، بەڵكو ئەوەی هەبووە سەردانی بووە بۆ توركیا.

دوای رەخنەكانی ئێران لە هەڵوێستی عێراق، لە ئاستی ناوخۆشدا حزبە سیاسییە شیعەكانی نزیك لە ئێران، یان سەر بە ئێران، هاوشانی كەناڵە ئاسمانییەكانی نزیك لە ئێران، رەخنەی توندیان لە هەڵوێستی عەبادی گرت، بەگوێرەی ئامارێك كە چالاكان كۆیان كردووەتەوە، حزبە سیاسی و چەكدارییەكان زیاتر لە 30 بەیاننامەی سەركۆنەكردنیان دژ بە هەڵوێستی حكوومەتی عێراق لەسەر سزاكانی ئەمەریكا بۆ سەر ئێران دەكردووە، كاتێك عەبادی رای گەیاند پابەند دەبن بە جێبەجێكردنی.

لە گوتاری هەینی رابردوو، جەلالەدین سەغیر پیاوی ئاینی شیعەی توندڕۆ كە ئەندامی سەركردایەتی ئەنجوومەنی باڵای ئیسلامییە و نزیكە لە تاران، بە سەرسوڕمانەوە باسی لە هەڵوێستی عەبادی كرد دژ بە ئێران، تۆمەتباری كرد بەوەی ئێرانی ناچار كردووە دۆسیەی قەرەبووی جەنگی هەشت ساڵەی عێراق و ئێران هەڵداتەوە كە ئێرانییەكان داوای قەرەبووی زیاتر لە ترلیۆنێك دۆلار دەكەن.

هاوكات كەناڵە ئاسمانییە عێراقییەكانی كە ئێران كۆمەكیان دەكات، هێرشێكی توندیان كردە سەر عەبادی، ئەگەرچی دواتر سەرۆك وەزیرانی عێراق روونكردنەوەی لەسەر هەڵوێستەكەی راگەیاند و تۆزێك نەرمی كردەوە، بەڵام ئەو كەناڵانە بەلایدا نەچوون و گرنگییان پێی نەدا، بەڵكو بەردەوام بوون لەسەر هەڵوێستی خۆیان و وەها وێنای عەبادییان كرد كە پاسەوانی بەرژەوەندییەكانی ئەمەریكایە لە عێراق و تۆمەتباریشیان كرد بە بەكرێگیراوی ئەمەریكا.

عەبادی كورسییەكەی لە دەست دا؟
لەگەڵ ئەوەی ئێران رۆڵێكی كاریگەری هەیە لە ناوەندی شیعەدا لە دەستنیشانكردنی سەرۆك وەزیرانی داهاتوو، پێ دەچێ حەیدەر عەبادی بەهۆی راگەیاندنی هەڵوێستی عێراق لەسەر سزاكانی ئەمەریكا بۆ سەر ئێران، كورسیی دەسەڵات بۆ خولی دووەم لە دەست بدات، بەڵام بەشێك لە چاودێران پێیان وایە پێچەوانەكەی راست بێت.

بەپێی راپۆرتێكی "عەرەب" هەڵوێستی حزبە سیاسییەكان و كەناڵەكانی میدیای سەر بە ئێران لە عێراق دەرخەری هەژموون و باڵادەستی ئێرانە لە عێراق لە دوای 2003ەوە، كاتێك لە ماوەی دوو رۆژدا 30 بەیاننامەی دژایەتی هەڵوێستی عەبادییان راگەیاند.

ئەگەرچی عەبادی هەوڵی دا جۆرێك لە گۆڕانكاری لە هەڵوێستەكانی بكات بۆ خاتری رازیكردنی ئێرانییەكان، بەڵام پێ ناچێت سەركەوتوو بووبێت بەتایبەت دوای رەتكردنەوەی پێشوازیكردنی لە لایەن ئێرانەوە.

شەقام پشتگیریی عەبادی كرد
لە كاتێكدا نزیك لە سێ مانگە جەماوەری شیعەی نۆ پارێزگای باشوور و بەغدای پایتەخت رژاونەتە سەر شەقامەكان و بەردەوامن لە خۆپێشاندان دژی ئەو دەسەڵاتە لەسەر نەبوونی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەكان تا گەیشت بە بەرزكردنەوەی دروشمی گۆڕینی سیستەمی حوكمڕانی، بەڵام بەرانبەر بە هەڵوێستی حزبە شیعەكانی سەر بە ئێران و كەناڵەكانی لەلایەن تارانەوە كۆمەك دەكرێن، شەقامی شیعەی عێراقی لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان زۆر بە توندی دژی هەڵوێستی ئەو حزبانە وەستانەوە و پشتگیرییان لە هەڵوێستی عەبادی كرد.

چاودێران پێیان وایە هەڵوێستەكەی عەبادی لە ئاستی شەقامی شیعەدا جۆرێك لە جەماوەریبوونی بۆ گەڕاندووەتەوە دوای ئەوەی بە هۆی كۆمەڵێك هەڵوێستی سیاسی هەڵەوە لە دەستی دابوو، بە تایبەت هەوڵەكانی بۆ دانوستاندن و بەستنی هاوپەیمانی لەگەڵ ئەو لایەنانەی بە نزیك لە ئێران هەژمار دەكرێن.

ئەگەرچی عەبادی جۆرێك لە پاشەكشەی لە هەڵوێستی بەرانبەر بە ئێران كرد، بەڵام پشتگیریی گەنجان دژ بە هەژموونی ئێران لە عێراق هێشتا بەردەوامی هەیە، چاودێرانیش پێیان وایە ئەوەی لە شەقام روو دەدات پێچەوانەی ئەوە دەسەلمێنێت كە هەژموونی ئێران بەسەر عێراقەوە حوكم دەكات كە زۆر لە سیاسییەكان بەرژەوەندییەكانی ئێران پێش بەرژەوەندییەكانی نیشتمانی خۆیان دەكەن.

ئەوەی روو دەدات لە كاتێكدایە لەو كاتەی عەبادی دەسەڵاتی گرتووەتە دەست، هەوڵی داوە هاوسەنگی لە نێوان پێوەندییەكانی عێراق لەگەڵ ئێران و ئەمەریكا و وڵاتانی هەرێمایەتی بپارێزێت، كە ئەو هەوڵەی عەبادی هەمیشە لەلایەن حزبەكانی شیعەی نزیك لە ئێران رووبەڕووی رەخنە دەبووەوە.

ئەمەریكا هەڕەشە لە عەبادی دەكات
لەسەر هەڵوێستەكانی بەرانبەر بە سزادانی ئێران، وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا هەڕەشەی سەپاندنی سزای ئابووری لە عێراق دەكات و دەڵێ ئەوەی پابەندی بڕیارەكە نەبێت وەك خۆی، ئەوا ئەمەریكا هاوشانی ئێران سزای دەخاتە سەر.

بە پێی هەواڵێکی "RT"ی رووسی، هیزر نویرت گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی رای گەیاند، هەر وڵاتێك پێشێلكاری لە سزاكانی ئەمەریكا بۆ سەر ئێران بكات، ئەوا خۆی دەخاتە بارێكەوە كە ئەمەریكا سزای بدات.

گوتەبێژەكەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا، ئاماژەی بەوە دا هەموو لایەك دەزانن هۆشدارییەكانی ئەمەریكا لە بارەی ئێرانەوە چین، ئەگەر هەر وڵاتێك پێشێلی بكات، ئەوا هەمان سزای خراوەتە سەر ئێران دەخرێتە سەر ئەو وڵاتەش.

سەدر و عەبادی و عەلاوی حەكیم رێككەوتن دەكەن
ئەندامێكی لیژنەی دانوستاندكاری هاوپەیمانی سائیروون بە ڕێبەرایەتی موقتەدا سەدر ئاشكرای كرد، هەریەك لە لیستەكانی سائیروون و نەسڕ و حیكمە و وەتەنییە، گەیشتوونەتە بنەمایەكی هاوبەش بۆ پێكهێنانی گەورەترین هاوپەیمانی و تەنیا كاتی ڕاگەیاندنی ماوە.

نسار روبێعی ئەندامی لیژنەی دانوستانكاری هاوپەیمانی سائیروون لە لێدوانێكی ڕۆژنامەوانی ئاشكرای كرد، سائیروون و نەسڕ و حیكمە و وەتەنییە لەسەر تەواوی خاڵ و بنەماكانی ڕێككەوتنی تایبەتی نێوانیان ڕێككەوتن بۆ پێكهێنانی گەورەترین فراكسیۆنی پەرلەمانی و دیاریكردنی ناوی سەرۆك وەزیرانی حكوومەتی داهاتوو.

ئاماژەی دا، ڕێككەوتنەكە دەسەڵاتی بە كاندیدی سەرۆك وەزیران داوە كە ئەندامانی حكوومەتەكە خۆی هەڵیبژێرێ و كەسانی سەربەخۆ و دوور لە حزبەكان بۆ پۆستەكان دیاری بكات، بۆ ئەوەی لە پرسی بەشبەشێنە و مەزەوییەت و نەتەوەیی بە تەواوی دوور بكەوینەوە.

ئەو ئەندامەی لیژنەی دانوستانكاری سائیروون گوتی، دەرگای هاوپەیمانی ئەو چوار لایەنە بە ڕووی سەرجەم لایەنەكانی تر كراوەیە، تا بێنە ناو هاوپەیمانییەكە و ڕێككەوتن لەسەر پێكهێنانی گەورەترین هاوپەیمانی ساز بكرێ و لەمیانەی یەكەم دانیشتنی پەرلەمانیش گەورەترین فراكسیۆن دروست دەكرێ.

لیستە براوەكانی هەڵبژاردنی 12ی ئایار/مایۆی ئەمساڵ چاوەڕێی پەسەندكردنی ئەنجامی هەڵبژاردن لەلایەن دادگای باڵای فیدراڵی عێراق دەكەن، پاشان بڕیارە هەردوو بەرەكەی شیعە كە سەدر لەلایەك و عامری و مالیكی لە لایەكی تر هەردوولا هەوڵی پێكهێنانی گەورەترین هاوپەیمانی و فراكسیۆن دەدەن.



وشە - فه‌رمان سادق