چی لە پشت دووپاتكردنەوە لە مردنی ئەبوبەكر بەغدادی هەیە؟


جارێكی تر هەواڵی بە سەختی برینداربوونی ئەبوبەكر بەغدادی سەركردەی رێكخراوی تیرۆریستی داعش لە میدیاكان بڵاو كرایەوە، ئەمەیش یەكەمینجار نییە وەها هەواڵێك لە بارەی پێكانی یان كوژرانی بڵاو بكرێتەوە. هەر لە دەست پێكی هێرشی هاوپەیمانان و سوپای عێراق بۆ سەر داعش لە 2015ەوە، تا ئێستە چەندانجار هەواڵی كوژران یان برینداربوونی بەغدادی بڵاو كراوتەوە، لێرە پرسیار ئەوەیە چی شاراوە لە پشتەوەی ئەو هەواڵانە هەیە؟.

تا ئێستە هەموو ئەو هەواڵانەی لە بارەی كوژران یان برینداربوونی ئەبوبەكر بەغدادی سەركردەی گرووپی تیرۆریستی داعش، بڵاو كراونەتەوە، هیچ بەڵگەیەكی سەلمێنەری لەگەڵدا نەبووە. دوایین هەواڵیش كە رۆژی دووشەم 13ی ئاب/ئۆگستس بڵاو كرایەوە باس لە مردنی بەغدادی دەكات لەسەر جێگەكەی لەسەر خاكی سووریا، دوای ئەوەی گوایە لە حوزەیرانی رابردوو لەو كاتەی سەرپەرشتی كۆبوونەوەیەكی سەركردەكانی داعشی كردووە، لەلایەن فڕۆكە جەنگییەكانی عێراقەوە بۆمبباران كراوە.

هەواڵەكە بە جۆرێك بڵاو كراوەتەوە كە دووپات لە مردنی بەغدادی دەكاتەوە، بەوەی بەهۆی هێرشەكەوە بە سەختی بریندار بووە و هەر بەهۆی سەختی برینەكەی گیانی لە دەست داوە و ناكۆكیش كەوتووەتە نێوان سەركردەكانی داعش بەوەی كێ شیاوە جێگەی بەغدادی بگرێتەوە؟.
لە هەواڵەكەدا ناوی ئەبو عوسمانی توونسی دێت كە جێگەی بەغدادی بگرێتەوە، هاوكات باس لە رەتكردنەوەی توونسی دەكرێتەوە لەلایەن داعشە عێراقییەكان.
تا ئێستە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بە هیچ شێوەیەك هەواڵەكەی پشتڕاست یان رەت نەكردووەتەوە، تەنیا ئەوە نەبێت كە دەڵێ بەگوێرەی راپۆرتەكان بەغدادی بەهۆی سەختی برینەكەی لەسەر جێگەكەی گیانی لە دەست داوە.

زانیارییەكەی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لەو كاتەدا جێگەی گومانە كە تەواوی زانیارییەكە پشتی بەستووە بە یەك سەرچاوە، ئەویش سەرچاوەیەكی عێراقییە.

گومانەكان لەبارەی مردنی بەغدادی لەو كاتەدا زیاتر دەبن، داعش بە قۆناغێكی زۆر هەستیار تێدەپەڕێت و هیچ زانیارییەك لەسەر ئەو پرسە نارووژێنێت، ئەمەیش وای كردووە میدیا جیهانییەكان نەتوانن لە رێگەی سەرچاوەی تایبەتەوە لەناو داعش پشتڕاستی زاینارییەكانیان بكەنەوە، بەوەیش زیاتر دەرگای پێشبینی و مقۆ مقۆ دەكاتەوە و هەواڵەكانیشی بڵاو دەكرێنەوە زیاتر لە یەك چوارچێوەدا دەخولێنەوە.

بڵاوبوونەوەی هەواڵەكە لە كاتێكدایە داعش لە عێراق لە خۆرێكخستنەوەدایە لە نێو ئاوارەكانی ناو كەمپی ئاوارەكان و ناو شاریش، كە ئەو پرسە رەهەندێكی سیاسی قووڵی لە نێوان شیعە و سوننەی عێراق هەیە، بەتایبەتتر لە دوای 2003 كە شیعەكان دەسەڵاتیان گرتە دەست، هاوشانی ئەو رەهەندەش بوونی میلیشیاكانی شیعە لەو ناوچانە زیاتر بەنزین بە ئاگرەكە دادەكەن و وەك هێزێكی داگیركەر مامەڵە لەگەڵ خەڵكی ناوچەكە دەكەن.

لە راپۆرتەكەی "شەرقولئەوسەت" باس لە شكستی داعش لە رووی سەربازییەوە دەكات، پێی وایە ئەو شكستە پەردەپۆشی پرسە لە قووڵاییەوە دەكات كە ئەویش پشتگوێخستنی سوننەی عەرەبی عێراقییە، كە سیاسییە شیعەكان جگە لە مامەڵەكردنێكی سەر پێیانە لەگەڵ سیاسییە سوننەكان كە خۆیان پێ نوێنەری پێكهاتەی سوننەیە، هیچی تریان نەكردووە، ئەو شڕۆڤەیەش وا دەكات ناوچە سوننەكان ژینگەیەكی لەبار بێت بۆ گەڕانەوەی قاعیدە یان داعش.

هەروەها هەبوونی سەركردەیەكی سەربازی زۆری بەعس لەناو داعش، وا دەكات ململانێیەكی سەخت هەبێت لەسەر شوێنگرتنەوەی بەغدادی، ئەگەر هەواڵی مردنی راست دەربچێت. ئەمەیش هۆكار و پاڵنەرە كە ئەبو عوسمان توونسی لە نێو زۆرینەی بەرپرسانی داعش رەتكراوەتەوە بەهۆی وابەستەیی قووڵی داعش بە عێراقەوە بە پلەی یەكەم، پێش ئەوەی بپەڕێتەوە بۆ سووریا و ببێتە رێكخراوێكی نێو نەتەوەیی بۆ جیهادییەكان كە لە هەموو دنیاوە روویان تێ كرد.

ناكرێت بڵاوكردنەوەی هەواڵی كوژرانی بەغدادی لە دیوە سیاسییەكەی دایماڵی، بەتایبەت لە دۆخێكی وەك ئێستەدا كە دوای هەڵبژاردنی 12ی ئایاری رابردووی عێراق، هێشتا نەتوانراوە حكوومەت پێك بهێنرێت. بۆیە بڵاوبوونەوەی وەها خەبەرێك رەنگە وەك كەرەستەیەكی ململانێ لەسەر ئەوەی كێ براوە دەبێت لە پێكهێنانی حكوومەت و دەبێتە سەرۆك وەزیرانی داهاتوو، بۆیە دوور نییە هەواڵی مردنی بەغدادی پێشەكی قۆناغێكی نوێی سازشی سیاسی بێت لە عێراق.




وشە - فه‌رمان سادق


PM:09:21:15/08/2018




ئه‌م بابه‌ته 369 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



زۆرترین خوێنراو‌
بابەتی پێوه‌ندار ‌