ئێران چاڵی بۆ هەرێمی كوردستان هەڵكەند خۆی تێی كەوت

:: AM:11:40:21/08/2018 ‌

ئێران بۆ سەرنەخستنی ریفراندۆمی سەربەخۆیی و دروستكردنی تەنگژەی دارایی و گەمارۆ بۆ سەر هەرێمی كوردستان، هیچ كاریك نەما دژی هەرێمی كوردستان نەیكات، بەڵام ئێستە دوای ساڵێك ئەو چاڵەی ئێران بۆ هەرێمی كوردستانی هەڵكەندبوو خەریكە پڕ دەبێتەوە، كەچی خۆی لە چاڵیكی ئەوەندە قووڵ كەوتووە، ئەستەمە بە ئاسانی بتوانێت لێی بێتە دەرەوە، سەیر لەوەدایە حەوجێی دەستی هەرێمی كورستانیش بووە.

هەرێمی كوردستان هەموو كاتێك بۆ توركیا و ئێران سەرچاوەیەكی گرنگی ئابووری و بازرگانی بووە و ئەو دوو وڵاتە زۆرترین سوودی ئابوورییان لە پێوەندییەكانیان لەگەڵ هەرێمی كوردستان وەرگرتووە، بەشێك لە هۆكارە سەرەكییەكە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە هەرێمی كوردستان بۆ دابینكردنی زۆربەی پێداویستییەكان پشتی بە بەرهەمەكانی ئەو دوو وڵاتە بەستووە.

هەرێمی كوردستان جگە لەوەی مەڵبەندێك بووە بۆ ساغكردنەوەی كەلوپەلی ئێرانی و توركی، لە هەمان كاتدا پێگەیەكی ترانزیتیشی هەبووە بۆ ساغكردنەوەی بەرهەمەكانی ئەو وڵاتانە. لە رابردوودا بەشێكی بەرچاو لەو بەرهەمە ئێرانییانەی ئامانجیان پارێزگای نەینەوا و پارێزگاكانی تری عێراق و تەنانەت سووریا و توركیاشە لە رێی هەرێمی كوردستان هەناردە كراون. هاوكات بەشێكی بەرچاو لە بەرهەمەكانی توركیاش هەر لە رێی هەرێمی كوردستانەوە بۆ پارێزگاكانی تری عێراق و ئێران و هەندێك وڵاتی كەنداو هاتوونەتە ناردن.

دۆخەكە سووڕا
ئێران لە پێوەندییە بازرگانییەكانی لەگەڵ هەرێمی كوردستان هەموو كاتێك پرسی سیاسی و تەناهی بەسەر پرسی بازرگانیدا زاڵ كردووە، تەنانەت لە هەندێك قۆناغدا ئامادە بووە زیان بە ئابووری خۆی بگەیەنێت، بەڵام قازانج بە پێگەی سیاسیی هەرێمی كوردستان نەگەیەنێت.
ئەم تایبەتمەندییەی ئێران زیاتر لە رووداوەكانی 16 ئۆكتۆبەری ساڵی رابردوو رەنگی دایەوە. بۆ نموونە بەر لەوەی عێراق هێرش بكاتە سەر هەرێمی كوردستان و كۆمەڵێك سزای ئابووری بەسەر هەرێمی كوردستاندا بسەپێنێت، ئێران دەستپێشخەری كرد.
لە 14ی ئۆكتۆبەر و دوو رۆژ بەر لە خیانەتەكەی 16ی ئۆكتۆبەر، ئێران سەرجەم دەروازەكانی بەڕووی هەرێمی كوردستاندا داخست و دواتر وەك پاساوێك بۆ هەنگاوەكەی لە میدیاكان بڵاوی كردەوە، ئەوان لەسەر داخوازی حكوومەتی عێراق پێوەندییە بازرگانییەكانیان لەگەڵ هەرێمی كوردستان هەڵپەساردووە.

راستییەكەی بڕیارەكە هەر لە لایەن ئێرانەوە دەرچووبوو و هەر ئێرانیش یەكێك بوو لە پلانداڕێژە سەرەكییەكان بۆ خیانەتەكەی 16ی ئۆكتۆبەر كە بە هۆیەوە نیوەی خاكی هەرێمی كوردستان كەوتە دەستی میلیشیاكانی حەشدی شەعبی و كۆنترۆڵی بەشێك لە گرنگترین بیرە نەوتییەكانیش لە دەستی حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەرهێنرا.

سەیر لەوەدایە لە كردنەوەی دەروازەكانیش ئێران دیسان بەرژەوەندی سیاسی بەسەر بەرژەوەندی بازرگانیدا زاڵ كرد و 10 رۆژ دوای داخرانی دەروازەكان، ئێران دەروازەی باشماخی كردەوە، دەروازەیەك كە لە ژێر كۆنترۆڵی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستاندایە، بۆیە دەروازەكەیان كردەوە بۆ ئەوەی بتوانرێت لەو رێیەوە نەوتی كەركووك بۆ ئێران بگوازنەوە و رێككەوتنەكەی 16ی ئۆكتۆبەر جێبەجێ بكەن.

ئەگەر بڕیارەكەی ئێران سیاسی نەبووایە، ئەوا دەبوو هەر ئەو رۆژە دەروازەكانی تری هەرێمی كوردستان بە گشتی و دەروازەی نێودەوڵەتیی حاجی ئۆمەران بە تایبەتیی بكرانایەوە.

ئامانجی سەرەكیی ئێران لە دوای 16ی ئۆكتۆبەر ئەوەبوو قەوارەی سیاسیی هەرێمی كوردستان بە تەواوی لاواز بكات و رێ نەدات چیتر هەرێمی كوردستان بە پشتبەستن بە نەوتی كەركووك هەنگاو بۆ سەربەخۆیی بنێت، بەڵام دواتر رەوتی رووداوەكان پێچەوانە بوونەوە و رێگر بوون لە بەردەم بەدیهاتنی ئەو خەونەی ئێران و هاوپەیمانەكانی.

خەونی ئێران لە لایەك خۆبەهێزكردن بوو بە پشتبەستن سامانی كوردستان و عێراق و لە لایەكی تر كرانەوەی دەرگەیەكی لۆجستیكی سیاسی، بازرگانی و سەربازی لە پاریزگای كەركووكەوە بۆ نەینەوا و سووریا .


سزاكانی سەر ئێران و داڕمانی تمەن
لە هەشتی ئایاری ئەمساڵ ئەمەریكا لە رێككەوتنی ناوكیی كشایەوە و دواتر بڕیاری سەپاندنی قورسترین سزای دژی ئێران دا. لە شەشی ئابیشەوە دەستی بە جێبەجێكردنی قۆناغی یەكەمی سزاكان كرد. 
هێشتا سزاكان دەستیان پێ نەكردبوو كە نرخی دۆلار لە نزیكەی پێنج هەزار تمەنەوە بۆ 10 هەزار هەڵكشا و ئێستەش كە سزاكان دەستیان پێ كردووە دۆلار لە سەرووی ئەم نرخانە دەفرۆشرێت.
قۆناغی دووەمی سزاكانی ئەمەریكا لە تشرینی دووەمی ئەمساڵ دەست پێ دەكەن كە بۆ كەرتی نەوت و وزەیە و ئەمەریكا دەیەوێت بە تەواوی رێگری لە هەناردەی نەوتی ئێران بكات كە ئەمەش هێندەی تر نرخی تمەن دادەبەزێنێت.

قەبارەی بازرگانی 
ئێران لە پێوەندییەكانی لەگەڵ هەرێمی كوردستان و عێراق، زۆرترین سوودی وەرگرتووە، بەڵام لەمەودوا ئەو بازاڕە لە دەست ئێران دەچێت و نەك پلانی نوێی ئێران بۆ بەرزكردنەوەی قەبارەكە بەدی نایەت، بەڵكو ئەوەی رابردووش دادەبەزێت. 

قەبارەی بازرگانی نێوان عێراق و ئێران دەگاتە هەشت ملیار دۆلار و سیاسەتی درێژخایەنی ئێرانیش ئەوە بووە ئەو قەبارەیە بۆ 20 ملیار دۆلار بەرز بكاتەوە. یەحیا ئال ئیسحاق سەرۆكی ژووری بازرگانی ئێران-عێراق بەر لە كشانەوەی ئەمەریكا لە رێككەوتنی ناوكیی بە ئاشكرا باسی لەو ئامانجە كرد و گوتی، عێراق وڵاتێكی چەور و دەوڵەمەندە كە زۆربەی وڵاتانی دنیا چاویان لەوەیە لە داهاتووی ئابووری و وەبەرهێنان لەم وڵاتە پشكێكیان بەربكەوێت و مادام ئێران دراوسێی عێراقە، دەبێت پشكەكەی زۆر زیاتر بێت.

ئێران و توركیا لە سێ رەهەندەوە لە ئێران سوودی ئابوورییان پێ گەیشتووە، یەكەم ئەو كاڵایانەی راستەوخۆ هەناردەی عێراق و هەرێمی كوردستان دەكرێن و لە بازاڕەكان وەك پێداویستی رۆژانە ساغ دەكرێنەوە، دووەم رۆڵی كۆمپانیاكانی ئەم دوو وڵاتە لە پڕۆژە كورت و درێژخایەنەكان كە راستەوخۆ پێوەندی بە سیاسەتی هەولێر و بەغداوە هەیە، سێیەمیش ئەو وەبەرهێنانەیە كە كۆمپانیاكانی ئەو وڵاتانە كردوویانە بۆ ئەوەی بە تێچوویەكی كەمتر لێرە شتومەك بەرهەم بهێنن و ساغی بكەنەوە.

سیاسەتی ئەمەریكا لەمپەری بەردەم بازرگانی ئێران
ئەمەریكا هەرزوو لەگەڵ راگەیاندنی سزاكان هەڕەشەی لە وڵاتان كرد نەبنە هۆی پووچەڵكردنەوەی سزاكانی سەر ئێران و هەر وڵاتێك بیەوێت بەرژەوەندی و سیاسەتەكانی ئەمەریكا بخاتە ژێر مەترسی، ئەوا ئەمەریكا رەحمی پێ ناكات.

زیاتر لە وڵاتانی تری دراوسێی ئێران، عێراق هەستی بەو مەترسییە كردووە، بۆیە هەرزوو حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیران چووە پاڵ سیاسەتەكەی ئەمەریكا لە پێناو بەرژەوەندییەكانی عێراق.

توركیا كە هەر لە دوای راگەیاندنی سزاكانی ئەمەریكا بە فەرمی رای گەیاند درێژە بە پێوەندییە بازرگانییەكانیان لەگەڵ ئێران دەدەن و حیساب بۆ سزاكانی ئەمەریكا ناكەن. ئەو هەڵوێستەی توركیا نرخی لیرەی تووشی داشكانێكی مێژوویی كرد. نرخی دۆلار لە پێنج لیرەوە بۆ نزیكەی حەوت لیرە هەڵكشاوە. 

ئەگەرچی ئەم لێدوانەی حەیدەر عەبادی ناڕەزایەتی ئەو حزب و لایەنانەی بەدواوە بوو كە لە ئێرانەوە نزیكن، بەڵام هەڵوێستەكەی عەبادی هەڵوێستێكی لۆجیكانەتر لە هی توركیا بوو. 

حكوومەتی عێراق كە خۆی لە تەنگژەی ئابووریدایە، وڵاتێكی وێرانبووی بۆ بە میرات ماوەتەوە و لە لایەن هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بە سەرۆكایەتی ئەمەریكا پارێزگاری لێ دەكرێت و بە هیچ شێوەیەك ناتوانێ دژی سیاسەتی ئەمەریكا یەك هەنگاو بهاوێژێت.

بە بۆچوونی دكتۆر ئەرشەد تەها پسپۆڕی ئابووری، هەرێمی كوردستان لە دۆخێكدا نییە لەسەر بڕیارێك سەرپشك بكرێت، بەڵكو هەرێمی كورستان دەبێت لێرە پابەندی سیاسەتەكانی بەغدا و بەغداش هەر دەبێت پابەندی سیاسەتەكانی ئەمەریكا بێت، چونكە ئەگەر پێچەوانەی ئەمە بكات، ئەوا عێراق ناتوانێت لەسەر پێی خۆی بوەستێت.

بۆ نموونە ئەگەر عێراق بیەوێت هاوكاری ئێران بكات، ئەوا ئەمەریكا لە هەموو پێوەندییە دارایییەكان كێشە بۆ عێراق دروست دەكات و هەموو ئەو دۆلارانە بلۆك دەكات كە هی عێراقە و لە لایەن ئەمەریكا پارێزراون، هاوكات دەتوانێ ئەو پارەیە بلۆككراوانەش بۆ عێراق نەگەڕێنێتەوە.

بە بۆچوونی ئەم ئابووریناسە، هەرێمی كوردستان نابێت بە ئاشكرا دژایەتی سیاسەتی ئێران بكات، بەڵام دەكرێ زۆر ژیرانە لە چوارچێوەی سیاسەتە ئابووری و دارایییەكانی عێراق خۆی یەكلا بكاتەوە و هیچ بەرپرسیارێتییەكیشی ناكەوێتە ئەستۆ. جێی باسە نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان باسی لەوە كرد كە لە پێوەندییەكانیان لەگەڵ ئێران، هەمان سیاسەتی بەغدا پێڕەو دەكەن و ئەو كێشەیەی لە كۆڵ هەرێمی كوردستان كردەوە.

پێوەندیی ئابووری و بازرگانی نێوان ئێران و هەرێمی كوردستان كە سنوورێكی درێژیان لەگەڵ یەكتردا هەیە ئەگەر فەرمییەكەشی رابگیرێت، ئەوا قاچاخییەكەی راناگیرێت و ئەمە لە داهاتوودا دەرهاویشتەی تری دەبێت.

دابەزینی تمەن و لیرە لە قازانجی هەرێمی كوردستاندایە
بەشێكی بەرچاو لە پێداویستی هەرێمی كوردستان لە ئێران و توركیاوە دێن و كاتێك بەهای تمەن و لیرە بەرانبەر دینار دابەزیون، ئەوا بە گوتەی ئەم ئابووریناسە هەرێمی كوردستان لە هەردوو حاڵەتدا قازانج دەكات، چونكە بەرهەمی ئێرانی و توركی زۆر هەرزانتر لە جاران دەست بەكارهێنەری هەرێمی كوردستان دەكەوێت و هۆكارەكەش بۆ بەهێزیی دینار بەرانبەر بە تمەن و لیرە دەگەڕێتەوە.

بۆ نموونە ئەگەر بازرگانێكی هەرێمی كوردستان پێش چوار مانگ بەرهەمێكی ئێرانی بە ملیۆنێك و 500 هەزار تمەن كڕیبێت، ئەوا بڕی 400 هەزار دیناری كردووەتە تمەن و بەرهەمەكەی كڕیوە، بەڵام هەر ئێستە ئەم بەرهەمە بە 200 هەزار دینار دێتە كڕین، چونكە نرخی تمەنی ئێرانی بۆ نیوە دابەزیوە. ئەم هاوكێشەیە بۆ بەرهەمی توركیاش دروستە و لە داهاتوودا هاووڵاتییانی هەرێمی كوردستان بەرهەمی هەرزانتریان دەست دەكەوێت.

وەك دكتۆر ئەرشەد تەها ئاماژەی پێ كرد، هەرێمی كوردستان لەو بەرهەمانە زیان دەكات كە لێرە بەرهەم دێن، بەڵام بە هەرزان لە ئێرانەوە هاوردە دەكرێن و ئەمەش لە یەك رێوە چارەسەر دەبن كە بریتییە لە سەپاندنی باجی زیاتر بەسەر بەرهەمی دەرەكی لە  پێناو پاڵپشتیكردنی بەرهەمی ناوخۆ.

ئێران دەستی لە نەوت بەربوو
هەموو ئامانجێكی 16ی ئۆكتۆبەر فرۆشتنی نەوتی كەركووك بوو لە رێی ئێران كە ئێران قازانجێكی زۆری لێ دەكرد و دەیكردە خۆراكی پاڵاوگەكانی خۆی لە كرماشان و تەورێز و لە باشووری ئێرانیشەوە هەمان بڕە نەوت بۆ بەسڕە دەگوازرایەوە بۆ ئەوەی هەناردە بكرێت.
لەگەڵ دەستپێكردنی قۆناغی دووەمی سزاكان، ئەم گرێبەستانەش هەڵدەوەشێنەوە كە لە نێوان عێراق و ئێراندا هەبوون و چیتر نەوتی كەركووك بۆ ئێران ناڕوات، عێراقیش ناتوانێت نەوت لە ئێران بستێنێت و لە بەسڕەوە بیفرۆشێتەوە. گرێبەستەكەی نێوان ئەم دوو وڵاتە راكێشانی هێڵی نەوت بوو لە كەركووكەوە بۆ ئێران و تا ئەو كاتەش بە تانكەر نەوت دەگوازرێتەوە.

جگە لە هەڵوەشانەوەی راكێشانی هێڵی نەوت، ئەوا لە داهاتوویەكی نزیكدا عێراق ناتوانێت بە تانكەریش نەوت بۆ ئێران بگوازێتەوە و تاكە رێیەك بۆ هەناردەی نەوتی كەركووك، ئەویش هێڵی نەوتی كوردستان جەیهانە. بەگوتەی دڵشاد شەعبان ئەندامی لیژنەی سامانە سروشتییەكان، عێراق هیچ چارەیەكی نییە جگە لەوەی لە هەرێمی كوردستانەوە نەوتی كەركووك هەناردە بكات.

بەگشتی دەردەكەوێت ئەو چاڵەی كۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ هەرێمی كوردستان هەڵیكەندبوو، ئێستە بۆ خۆی هەڵكەنراوە و بۆ هاتنەدەرەوەشی لەم چاڵە، دەستەویەخەی عێراق و هەرێمی كوردستان بووە و پێشهاتەكانیش ئەوە دەردەخەن چاڵەكەی ئێران زۆر لەوە قووڵترە كە بە ئاسانی بتوانێت لێی بێتە دەرەوە.



وشە - سلێمان تاشان