دابەشكردنی مووچە بەردەوام دەبێت

:: PM:06:58:06/09/2018 ‌
وەزارەتی دارایی و ئابووری حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە دوێنیوە دەستی كردووە بە دابەشكردنی مووچە و بڕیارە هەفتەی داهاتوو مووچەی چەندان وەزارەت و دامەزراوەی تری هەرێمی كوردستان دابەش بكرێ‌.

ئەمڕۆ پێنجشەم شەشی ئەیلوول/ سێپتێمبەر، سەرچاوەیەك لە وەزارەتی دارایی و ئابووری حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە "وشە"ی ڕاگەیاند، دابەشكردنی مووچە هەفتەی داهاتوو بەردەوام دەبێت و چەندان وەزارەت و دامەزراوەی حكوومەت مووچە وەردەگرن.

سەرچاوەكە گوتی، ئەمڕۆ مووچەی دیوان و لیواكانی وەزارەتی پێشمەرگەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان دابەش كراوە و پێدەچێت هەفتەی داهاتوو مووچەی وەزارەتی پەروەردە و وەزارەتی كاروباری كۆمەڵایەتی و وەزارەتی خوێندنی باڵا دابەش بكرێ.

چەند مانگێكە حكوومەتی هەرێمی كوردستان هەوڵدەدات مووچە مانگانە و لەوادەی دیاری كراودا بداتە فەرمانبەرانی و هاوكات بڕیاری داوە كە خشتەی مووچە بڵاو نەكرێتەوە، بۆیە ئەو خشتانەی مووچە كە ئێستە لەتۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا بڵاو كراوەنەوە بەگوێرەی قسەی سەرچاوەكەی وەزارەتی دارایی فەرمی نین و لەلایەن وەزارەتەوە بڵاو نەكراوەتەوە.


وشە - سه‌رخێڵ هاشم