شێخان.. پەرستارێك لەجیاتی سونەتكردن ئەندامی نێرینەی منداڵێكی بڕییەوە

:: PM:02:27:12/09/2018 ‌
لە نۆرینگەیەكی كۆمەڵگای مەهەتی سەر بە شارۆكەی شێخان، منداڵێكی ئاوارە لە جیاتی سونەتكردن، ئەندامی نێرینەی دێتە بڕین، بەوهۆیەوە ئەندامەكەی لە دەست داوە و باوكی منداڵەكەیش تا ئێستە سكاڵای تۆمار نەكردووە.

جەلال قاسم باوكی منداڵەكه كە ئاوارەیە و لە كەمپی مام ڕەشانی سنووری شارۆكەی شێخان نیشتەجێیە،‌ بە "وشە"ی ڕاگەیاند، 11 مانگە منداڵەكەم لە دایك بووە، دوای ئەو ماوەیە بردمان بۆ نۆرینگەیەكی تایبەت بە سونەتكردنی منداڵان لە كۆمەڵگای مەهەتی سەر بە شارۆكەی شێخان، بەڵام ئەو پەرستارەی سونەتی كردووە، بەهۆی نەزانییەوە ئەندامی نێرینەی منداڵەكەمی بڕیوە و تووشی هەوكردنی زۆر و ڕەشهەڵگەڕان بووە و ئەندامی نێرینەی لە دەست داوە.

ئاماژەی دا، بۆ ئەوەی منداڵەكەم چارەسەری بۆ بكرێ و هەوكردن و ڕەشهەڵگەڕانی بوەستێنرێت، بە پەلە گەیاندوومانەتە شاری دهۆك، بەڵام لەوێ پزیشكان دوای پشكنینی ورد دووپاتیان كردەوە كە ئەندامی نێرینەی لە دەست داوە و دەبێ ئەندامێكی دەستكردی بۆ دابنێن و منیش تا ئێستە سكاڵام دژی ئەو پەرستارە تۆمار نەكردووە.

ئیبراهیم ئیسلام بەرپرسی بەشی بەدواداچوون و سكاڵا لە سەندیكای كارمەندانی تەندروستی لقی دهۆك بۆ "وشە" گوتی، تا ئێستە باوكی ئەو منداڵانە هیچ سكاڵا و زانیارییەكی پێشكەشی ئێمە نەكردووە، هەركات سكاڵای لای ئێمە تۆمار كرد، ئەوكات ئێمە بەدواداچوون دەكەین و ڕێوشوێنی یاسایی دەگرینەبەر.

هەڵەی پزیشكان بووەتە گرفتێكی گەورەی كەرتی تەندروستی، پێشتریش لە ئاكرێ بەهۆی هەڵەی پزیشكەوە دەستی منداڵێك هاتە بڕین، هاوكات بەهۆی ڤاكسینی بەسەرچوویش لە چەند ساڵی ڕابردوودا 30 كەس لە شاری هەولێر بینایییان لە دەست دا.

دهۆك/ نەوزاد هلۆری.





وشە - باز ئه‌حمه‌د