بەیانی ئەمڕۆ پێنجشەم لەسەر ڕێی سەیدسادق – عەربەت، لە نزیك گوندی كانی پانكە ئۆتۆمبێلێك ئاگری تێبەر بوو و تا ئێستەیش كۆنتڕۆڵ نەكراوە و گڕ و دووكەڵی بە ئاسمان بەرز بووەتەوە.
بەگوێرەی ئەو وێنە و زانیارییانەی دەست "وشە" كەوتوون، ئۆتۆمبێلەكە لە جۆری هیوندای قەمەرەیە و شوفێری ئۆتۆمبێلەكە سەلامەت و هیچ سەرنشینێكیشی لەگەڵدا نەبووە.
تا ئێستە هۆكاری ئاگرگرتنی ئەو ئۆتۆمبێلە نەزانراوە، لەكاتی سووڕانەوەی پێچێك ئاگری لێ كەوتووەتەوە و لە كەناری شەقامەكە وەستاوە، زۆربەی جار ئۆتۆمبێلەكان بەهۆی تیژڕەوییەوە لەو پێچە تووشی ڕووداوی هاتوچۆ دەبن و كۆنتڕۆڵی ئۆتۆمبێلەكەیان لە دەست دەدەن، بەوهۆیەوە تووشی ڕووداوی نەخوازراو دەبنەوە.
لە هاوین بەگشتی گڕگرتنی ئۆتۆمبێل وەك دیاردەیەك لە شارە جیاوازەكانی هەرێمی كوردستان تۆمار دەكرێ و زۆرجاریش هۆكارەكەی بۆ خراپی فیولپەمپ دەگەڕێنرێتەوە، جیا لەوەیش لە كاتی ڕووداوی هاتوچۆ هەندێ جار ئۆتۆمبێلەكان تووشی گڕگرتن دەبن و بە تەواوی دەسووتێن، بەگشتی لە كوردستان ڕووداوەكانی هاتوچۆ بە یەكێك لە هۆكارە سەرەكییەكانی مەرگی خەڵك دادەنرێن و زۆربەیشی بەهۆی تیژڕەوی و پابەندنەبوونە بە ڕێنوێنییەكانی هاتوچۆ.
هەڵەبجە/شەفیق بانیشاری.