ئێسكەپەیكەرێكی تری مرۆڤی نیاندەرتاڵ لە شانەدەر دۆزرایەوە

:: PM:02:04:15/09/2018 ‌
تیمێكی زانكۆی كامبریجی بەریتانیا دوای كنە و پشكنین و لێكۆڵینەوە لە ئەشكەوتی شانەدەر، توانییان ئێسكەپەیكەری نۆم مرۆڤ لە ئەشكەوتەكە بدۆزنەوە كە مێژووەكەی بۆ 75 هەزار ساڵ پێش ئێستە دەگەڕێتەوە.

كۆلێژی شوێنەواری زانكۆی كامبریجی بەریتانی ماوەی سێ ساڵە لە ئەشكەوتی شانەدەر خەریكی هەڵكۆڵین و كنە و پشكنینن و گرێبەستێكی پێنج ساڵیشیان هەیە بۆ گەڕان و پشكنین لە ناوچە شوێنەوارییەكانی هەرێمی كوردستان. عەبدولوەهاب سلێمان بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی شوێنەواری سۆران بە "وشە"ی ڕاگەیاند، گرێبەستێكمان لەگەڵ شوێنەوارناسانی زانكۆی كامبریج هەیە، تا كاری هەڵكۆڵین لە ئەشكەوتی شانەدر بكەن، لە ئەنجامی هەڵكۆڵینەكانیشیان توانیویانە ئێسكەپەیكەرێكی تری مرۆڤی نیاندەرتاڵ لە ئەشكەوتەكە بدۆزینەوە.

ئاماژەی دا، بەگوێرەی پشكنینە سەرەتایییەكان، تەمەنی ئەو ئێسكەپەیكەرە بۆ 75 هەزار ساڵ پێش ئێستە دەگەڕێتەوە، ئەو جۆرە ئێسكەپەیكەرەی لە ئەشكەوتی شانەدەر دۆزراوەتەوە لەگەڵ هی ناوچەكانی تری دنیا جیاوازە و دۆزینەوەیەكی گرنگ و ناوازەیە.

ئەو ئێسكەپەیكەری ئەمجارە دۆزراوەتەوە، جەستەی مرۆڤێكی تەواوە و بێ كەموكوڕییە و ئەمەیش سەركەوتنێكی مەزنە بۆ تیمە شوێنەوارییەكە و زانكۆكە و كوردستان و دنیا بەگشتی.

ئەشكەوتی شانەدەر لە سنووری پارێزگای هەولێرە و دوو هەزار و 200 پێ لە ئاستی دەریاوە بەرزە و دەكەوێتە شارۆكەی مێرگەسۆر و لە بەرزایی چیای برادۆست هەڵكەوتووە، مێژووی ئەو ئەشكەوتە بۆ هەشتا هەزار ساڵ بەر لە زاین دەگەڕێتەوە، زۆر كەلوپەل و پارچەی شوێنەواری و ئێسكەپەیكەری مرۆڤی كۆنی سەردەمی چاخی بەردین و ناوەڕاست و كۆنی لێ دۆزراوەتەوە.

ئەشكەوتەكە بەرزی 18 مەترە و پانی 40 مەتر و 27 مەتر فرەوانه تا 60 مەتر بۆ ناوەوەی شاخەكە ڕۆیشتووە و بۆ یەكەمجار لە 1951 تا 1961 هەڵكۆڵینی تێدا كراوە، بەگوێرەی ئامارەكانیش لە سنووری شارۆكەی سۆران و مێرگەسۆر و ڕواندز و چۆمان نزیكەی 900 ناوچەی شوێنەواری هەن.

مێرگەسۆر/ مورشید برادۆستی.













وشە - باز ئه‌حمه‌د