میدیایەكی عەرەبی: ناكۆكی قووڵ لە نێوان كۆسرەت ڕەسووڵ و بافڵ تاڵەبانی دروست بووە

:: AM:11:12:16/09/2018 ‌
بڕیارە ئەمڕۆ یەكشەم مەكتەبی سیاسی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان كاندیدی حزبەكەی بۆ سەركۆماری عێراق یەكلا بكاتەوە. میدیایەكی عێراقی ئاشكرای دەكات كە ناكۆكی قووڵ لەسەر دیاریكردنی كەسێك وەك كاندیدی یەكێتی بۆ سەركۆمار لە نێوان كۆسرەت ڕەسووڵ جێگری یەكەمی سكرتێری گشتی و بافڵ تاڵەبانی كوڕە گەورەی سكرتێری كۆچكردووی یەكێتی دروست بووە.

سەرچاوەیەك بە پێگەی "بغداد الیوم"ی ڕاگەیاند، "مەكتەبی سیاسی لەسەر كاندیدی یەكێتی بۆ سەركۆمار كۆ دەبێتەوە، دوای دیاریكردنی كاندیدەكە لە مەكتەبی سیاسی، ئاراستەی ئەنجوومەنی سەركردایەتی دەكرێ تا ئەوانیش ڕەزامەندی لەسەر بدەن، پاشان وەك كاندیدی فەرمی یەكێتی مامەڵەی لەگەڵ دەكرێت بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆك كۆمار".

سەرچاوەكە دووپاتی كردووەتەوە كە مەكتەبی سیاسی یەكێتی بە نیازە ئەمڕۆ كاندیدی حزبەكەی یەكلا بكاتەوە و لە كۆبوونەوەی سبەی ئەنجوومەنی سەركردایەتیش بڕیار لەسەر كاندیدەكە دەدرێ، گفتوگۆ و ململانێكانیش لەسەر ئەوەیە مەكتەبی سیاسی دەیانەوێ لەسەر یەك كاندید ڕێك بكەون و دوای ڕەزامەندی سەركردایەتیش، لەگەڵ پارتی بكەونە گفتوگۆ بۆ ئەوەی بە كاندیدی یەكێتی ڕازی ببن.

سەرچاوەكە بەو پێگە عێراقییەی ڕاگەیاندووە، "بافڵ تاڵەبانی دەیەوێ بەرهەم ساڵح بگەڕێنێتەوە ناو یەكێتی و بە فەرمی ئەو بكاتە تاكە كاندیدی یەكێتی بۆ سەركۆمار، بەڵام كۆسرەت ڕەسووڵ بە توندی دژی ئەو كارە وەستاوەتەوە و هێمای بۆ ئەوە كردووە، بەرهەم ساڵح ڕەخنەی زۆری لە یەكێتی گرتووە و تۆمەتی زۆری داوەتە پاڵ، بۆیە ناكرێ بگەڕێتەوە و ڕاستەوخۆیش بكرێتە تاكە كاندیدی یەكێتی بۆ سەركۆمار".


وشە - باز ئه‌حمه‌د