پووتین و ئەردۆغان لەبارەی ئیدلبەوە بە نیازی چین؟

:: PM:06:53:16/09/2018 ‌

بڕیارە سبەی دووشەم هەریەك لە ڤلادیمێر پووتین سەرۆكی رووسیا و رەجەب تەیب ئەردۆغان هاوتا توركییەكەی لە سوچی لە رووسیا كۆبوونەوەیەكی دووقۆڵی ساز بكەن بۆ باسكردنی پرسی سووریا و جەنگی ئیدلب بە وردی كە سوپای سووریا بە پاڵپشتی رووسیا بەنیازە بەمنزیكانە ئەنجامی بدا بۆ وەدەرنانی گرووپەكانی ئۆپۆزسیۆن. 

ئەو لووتكەی سبەی هەردوو سەرۆك لە سایەی بوونی چەند گۆڕانكاری و پێشهاتێك دێ لەوانە، قووڵبوونی ناكۆكییەكانی نێوان لایەنەكانی پاڵپشت بۆ كۆنگرەی ئەستانا كە بریتین لە رووسیا و توركیا و ئێران، بەتایبەتی لە لووتكەی سیانی دوایی بەر لە دوو هەفتە لە ئێران كە توركیا پلانێكی خستە روو بۆ جیاكردنەوەی گرووپەكانی میانڕەو لە توندڕۆیان لە ئیدلب و پێویستە ئۆپراسیۆنەكان تەنیا چەكدارانی (داعش و نوسڕە) بگرێتەوە. 

هەروەها لەو ماوەیە توركیا پاڵپشتییەكی گەورەی چەك و تەقەمەنی بۆ چەكدارانی ئۆپۆزسیۆنی سووریا رەوانە كردووە و هێزی سەربازیشی لەسەر سنوورەكان و لە دەشتەكانی حەلەب و حەما كۆ كردووەتەوە و ئەوەیش ئاماژەیە بۆ بێمتمانەیی بە رووسیا و ئێران. 

هەروەها لووتكەكە لە كاتێك دێ كە چەندان لایەنی نێودەوڵەتی وریاییان داوەتە رووسیا و ئێران و سوپای سووریا لە ئەگەری ئەنجامدانی تاوانی دژ بە مرۆڤ و بەكارهێنانی چەكی كیمیایی لە جەنگی ئیدلب، كاتێك هەریەك لە ئەمەریكا و ئەوروپا هەڕەشەی كردنە ئامانجی سوپای سووریا و میلیشیاكانی ئێرانیان لە سووریا كرد، جیا لە كۆكردنەوەی هێزی دەریاوانی لەلایەن رووسیا و ئەمەریكا لە لێوارەكانی سووریا و ئامادەیی بنكەی سەرازییەكانی ئەمەریكا لە سووریا و ناوچەكە بۆ هەر رووبەڕووبوونەوەیەیەك. جیا لەوانەیش كەمبوونەوەی توندی گوتاری رووسیا و ئێران و سووریا بەوەی ئەوان مەبەستیان لە جەنگی ئیدلب تەنیا توندڕۆیانە.

لووتكەی سووچی لە نێوان پووتین و ئەردۆغان بێ بەشداریكردنی ئێران، جیا لەوەی ئەگەری لێكگەیشتنی هەردوو لایەنی كاریگەرە لەسەر گۆڕەپانی سووریا، بەڵام پەیامێكی نەرێنییە بۆ ئێران و گومانی ئێران بەهەردووكیان زیاتر دەكا، بەتایبەتی هەڵوێستی رووسیا لە بەرانبەر مانەوەی ئێران لە سایەی رێككەوتنی لەگەڵ ئەمەریكا و ئیسرائیلدا لە سووریا شاراوە نییە وەك ئەوەی لە جەنگەكانی باشوور ئاشكرا دیاربوو، هەروەها چاوپۆشیكردنی رووسیا بۆ گورزە ئاسمانییەكان لەدژی ئامانجەكانی ئێران لە سووریا. 

رەنگە پرسیار بكرێ ئاخۆ ئەردۆغان لە گفتوگۆكانی لەگەڵ پووتین چی بەدەست دێنێ؟، بە تایبەتی لە سایەی بوونی دوو راستی یەكەمیان رووسیا هەوڵی كۆتاهێنان بە هەڕەشەی گرووپەكان لە ئیدلب بۆ سەر بنكەی سەربازییەكەی لە ئیدلب دەدا و گەڕاندنەوەی بۆ ژێر كۆنترۆڵی سوپای سووریا وەك هەر ناوچەیەكی تری سووریا، ئەوەی دووەمیش دەستگرتنی توركیا بە ستراتیجیەتی لە بەرانبەر كورد و پابەندبوونی بە بەڵێنەكانی بە سوپای ئازاد و گرووپەكانی لایەنگیری دەكەن و دامەزراندنی ناوچەیەكی ئارام لەسەر سنوورەكانی لە ناو سووریا بۆ رێگرتن لە هاتنی زیاتری ئاوارەكان بۆ ناو خاكەكەی، هاوكات رێگرتن لە گەیشتنی سوپای سووریا و میلیشیاكانی نزیك لە ئێران بۆ سنوورەكانی.

پێشبینییەكان ئاماژە بۆ ئەوە دەكەن كە لووتكەی رووسیا و توركیا رەنگە بە رێككەوتننێك بۆ هاریكاری كۆتایی بێ بۆ كردنە ئامانجی داعش و نوسڕە بەتەنیا لەگەڵ بەڵێندانی توركیا بۆ جیاكردنەوەی گرووپەكانی میانڕەو لەگەڵ ئەوان، لە بەرانبەر دامەزراندنی ناوچەیەكی ئارام لە ناو خاكی سووریا و لەسەر سنوورەكانی توركیا بۆ ئۆپۆزسیۆنی سەر بە توركیا، واتە بەو شێوەیە داواكارییەكانی توركیا بێتە دی لە بەرانبەر جێبەجێبوونی ئامانجەكانی رووسیا بە گەیشتنی سوپای سووریا بۆ ئیدلب و ئازادكردنەوەی، واتە توركیا داوایەكانی جێبەجێ دەبێ بە هێشتنەوەی عەفرین لەژێر دەسەڵاتی و دروستكردنی ناوچەیەكی ئارام بۆ سوپای ئازاد لەسەر سنوورەكانی. 

بەڵام بەپێی ئەو سیناریۆیەی باس كرا توانای رووسیا بۆ جێبەجێكردنی پابەندییەكانی بكەوێتە بەر پاڵەپەستۆی سوپای سووریا و میلیشیاكانی سەر بە ئێران كە دەیانەوێ كۆنترۆڵی تەواوی پارێزگای ئیدلب بكەن و تەواو پشت بە بژارەی سەربازی ببەستن، ئەگەرچی رووسیا لە ناوچەكانی حەلەب و درعا و غوتە سەركەوتوو بوو لە كۆنترۆڵكردنی میلیشیاكانی سەر بە ئێران، بەڵام بوونی هێزەكانی توركیا لە سەر سنوورەكانی سووریا و دەشتی ئیدلب و هێزی میلیشیاكانی سەر بە ئێران بەتایبەتی حزبوڵای لبنانی رەنگە ئاماژەیەك بێ بۆ دروستبوونی پشێوی و رووسیا نەتوانێ كۆنترۆڵی سوپای سووریا و میلیشیاكان بكا و جەنگی سەرانسەری لە ئیدلب دەست پێ بكا، بەتایبەتی لە سایەی دەسترۆیشتووی هەریەك لە ئێران و رووسیا لەناو دامەزراوە سەربازی و تەناهییەكانی سووریا. 

لووتكەی سوچی نەوەك لووتكەی تاران سنوورەكانی جەنگی ئیدلب و وادە و ئامانجەكانی دیاری دەكا بەشێوەیەك بەرژەوەندییەكانی هەردوولا رەچاو بكا، واتە رووسیا و توركیا، نەوەك هەستی تۆڵەكردنەوەی سوپای سووریا و میلیشیاكانی سەر بە ئێران، بۆیە دڵنیایە ئەو لووتكە ئەنجام نەدەدرا ئەگەر لێكگەیشتن لە نێوان رووسیا و توركیا لەئارادا نەبووایە، زیاتر لە خواستی سووریا و ئێران بە سووتاندنی ئیدلب بەوەی لەناویەتی.




وشە - مه‌حموود ئیسماعیل