زانیاری لەسەر بوومەلەرزەكەی سلێمانی ئاشكرا كرا

:: PM:07:22:16/09/2018 ‌
ئێوارەی ئەمڕۆ یەكشەم 16ی ئەیلوول/ سێپتێمبەر، بوومەلەرزەیەك لە سلێمانی ڕوویدا و لەلایەن هاووڵاتییانی شارەكەوە بە تەواوی هەستی پێ كرا.

چەند شایەتحاڵێك لە سلێمانی بە "وشە"یان ڕاگەیاند، دوای سەعات شەشی ئێوارەی ئەمڕۆ بوومەلەرزەیەك ڕوویداوە و بە ئاشكرا لەلایەن هاووڵاتییانەوە هەستی پێ كراوە و ترس و دڵەڕاوكێی دروست كردووە.

هاوكات بەرێوەبەرایەتی گشتیی كەشناسی و بوومەلەرزەزانی هەرێمی كوردستان زانیاری لەبارەی بوومەلەرزەكە ئاشكرا كرد و ئاماژەی بەوە كردووە كە لە سەنتەری شاخی ئەزمەر بوومەلەرزەكە تۆمار كراوە.

وەك كەشناسی و بوومەلەرزەزانی ئاماژەی بۆ كردووە، بوومەلەرزەكە بە گوڕی 3.5 پلە تۆمار كراوە. هاوكات ڕوونكراوەتەوە كە بوومەلەرزەكە سەعات شەش و سێ‌ خوولەك ڕوویدا و قوڵایەكەیشی 10 كیلۆمەتر بووە لە دووری 44 كیلۆمەتر لە سەنتەری چیای ئەزمەڕ.

ئەوە لەكاتێكدایە كە ساڵی ڕابردوویش ژمارەیەك بوومەلەرزە كە بەپلەی زۆری رێختەر ڕوویدەدا لە سنووری سلێمانی و دەربەندیخان تۆمار كران كە سەرچاوەی سەرجەمی بوومەلەرزەكان چەند شارێكی ئێران بوو.




وشە - سه‌رخێڵ هاشم