وەزیری دارایی: پێویستە بەغدا لەناردنی مووچەی فەرمانبەران بەردەوام بێ‌

:: PM:08:13:16/09/2018 ‌
وەزیری دارایی و ئابووری حكوومەتی هەرێمی كوردستان ڕای گەیاند، هەرێم پابەندە بە لێكتێگەیشتنەكانی لەگەڵ بەغدا و پێویستە حكوومەتی عێراقیش بەردەوام بێت لەسەر ناردنی مووچەی فەرمانبەران و مافی خەڵكی كوردستان.

بەگوێرەی ڕاگەیەنراوێكی وەزارەتی دارایی و ئابووری حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئەمڕۆ وەزیری دارایی و ئابووری پێشوازی ستیڤ فەیگن، كونسوڵی گشتی ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمەریكا لە هەرێمی كوردستان كردووە و باسی لە دەست بەكاربوونی كرد وەك كونسوڵی نوێی ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمەریكا.

وەك لە ڕاگەیەنراوەكەدا هاتووە، لە كۆبوونەوەكە گفتوگۆ كرا لەسەر پێوەندییەكانی نێوان بەغدا و هەولێر لەگەڵ بەرە و پێشبردنی پێوەندییەكان و رێباز حەملان روونیكردەوە وەك چۆن هەرێم پابەندە بە لێكتێگەیشتنەكانی لەگەڵ بەغدا پێویستە حكوومەتی عێراقیش بەردەوام بێت لەسەر ناردنی مووچەی فەرمانبەران و مافی  خەڵكی كوردستان لە بودجەی عێراق دابین بكرێت كە ئێستە ئیستیحقاقی هەرێم بڕدراوە و نادریت.

" لە تەوەرێكی تری كۆبوونەوە باس لە هاوكاریەكانی  ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا كرا بۆ هەرێمی كوردستان و گۆڕانكارییەكانی ناوچەكە وەزیری دارایی و ئابووری ئاماژەی بەوەكرد كە پێویستە رەچاوی ژیان و گوزەرانی هاووڵاتییان و دۆخی بازاڕی هەرێم  و ئاڵوگۆڕی بازرگانی لە سنوورەكان بكرێت لەو گۆڕانكاریانەی لە ناوچەكە روودەدەن" لە ڕاگەیەنراوەكەدا وا نووسراوە.

لە كۆتایشدا وەك ئاماژەی بۆ كراوە چاكسازییەكانی وەزارەتی دارایی و ئابووری لە بواری باج، گومرگ و بانك  گفتوگۆی لەسەر كراوە.



وشە - سه‌رخێڵ هاشم