ئەمشەو پارتی و یەكێتی بڕیاری كۆتایی لەسەر كاندیدی سەرۆك كۆمار دەدەن

:: PM:08:44:16/09/2018 ‌
پارتی و یەكێتی پێداگیرن لەسەر ئەوەی پۆستی سەرۆك كۆماری شایستەی هەڵبژاردنی ئەوانە، چاوەڕوان دەكرێ ئەمشەو لە دوا كۆبوونەوەی نێوانیان لەسەر ئەو پرسە بڕیاری كۆتایی بدەن. ئەندامێكی سەركردایەتی یەكێتیش دەڵێ یەكێتی چاوەڕوانی ئەنجامی كۆبوونەوە دەكەین تا بڕیار لەسەر كاندیدێك بدەین، لە هەموو بارێكیشدا یەكێتی كاندیدی دەبێت.

دوای هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان، محەمەد حەلبوسی سەرۆكی پەرلەمان دوای هەڵبژاردنی بەشیر حەداد وەك جێگری دووەمی سەرۆكی پەرلەمان، رای گەیاند، پەرلەمان رۆژی سێشەم 25ی ئەیلوول/ سێپتێمبەر، دەستنیشان كرد بۆ هەڵبژاردنی سەرۆك كۆماری نوێ عێراق كە بەگوێرەی دابەشكاریی پۆستە باڵاكان بەر كورد دەكەوێت.

هێشتا پارتی و یەكێتی لەسەر ئەو پۆستە نەگەیشتوونەتە رێككەوتنی كۆتایی، ئەگەرچی هەڵبژاردنی بەشیر حەداد وەك جێگری دووەمی سەرۆكی پەرلەمان لە پشكی پارتی، ئەگەری هەیە پۆستی سەرۆك كۆماری بۆ یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان یەكلایی كردبێتەوە، بەڵام مەحموود محەمەد گوتەبێژ و ئەندامی مەكتەبی سیاسی پارتی دەڵێ، وەك پارتی پۆستی سەرۆك كۆمار بە شایستەی هەڵبژاردنی خۆمانی دەزانین.

گوتەبێژی پارتی كە قسەی بۆ "كوردستان 24" كردووە، روونی دەكاتەوە كە لە خولەكانی رابردوو ئەو پۆستە لای یەكێتی بووە و كاتی ئەوە هاتووە ئەو پۆستە بدرێت بە پارتی، زیاتر گوتی، "پارتی كاندیدێك بۆ ئەو پۆستە دەستنیشان دەكات و هیچ رێككەوتنێك لەنێوان ئێمە و یەكێتی نییە لەسەر پۆستی سەرۆك كۆمار".

هاوكات ڤیان سەبری، سەرۆكی كاتی لیستی پارتی لە پەرلەمانی عێراق، لە لێدوانێكی تایبەت بە "وشە" جەختی لەوە كردەوە كە پۆستی سەرۆك كۆماری بە شایستەی هەڵبژاردنی پارتی دەزانێت.

ڤیان رەتی كردەوە رێگەی پێ درا بێت بۆ راگەیاندنی ئەوەی پارتی سیڤی كاندیدەكانی خۆی بۆ پۆستی سەرۆك كۆماری پێشكەش بە سەرۆكایەتی پەرلەمان كردووە یان نا، بەڵام جەختی لەوە كردەوە كە كاندیدیان دەبێت.

لێدوانەكەی گوتەبێژی پارتی لە كاتێكدایە بەپێی پێڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی عێراق بێت، دەبێت 48 سەعات زووتر لایەنەكان كاندیدی خۆیان بۆ پۆستی سەرۆك كۆماری پێشكەش بە سەرۆكایەتی پەرلەمان بكەن تا لە ئاشكراكردنی كارنامەی دانیشتنی پەرلەمان بۆ پەرلەمانتاران و لیستەكانی ناو پەرلەمان، روون بێت كێن ئەوانەی خۆیان بۆ پۆستی سەرۆك كۆماری كاندید دەكەن، بەڵام هێشتا پارتی بە فەرمی ناوی هیچ كەسێكی ئاشكرا نەكردووە كە كاندیدن بۆ ئەو پۆستە ئەگەرچی ناوی هەریەكە لە فازڵ میرانی و هۆشیار زێباری سكرتێر و ئەندامی مەكتەبی سیاسی ئەو حزبە لە میدیاكان باس دەكرێت.

بەگوێرەی زانیارییەكانی لە سەركردایەتی هەردوو حزب دەست "وشە" كەوتووە، كاندیدانی هەردوو حزب سیڤییەكانیان داوە بە سەرۆكایەتی پەرلەمان، ئەوەی ماوەتەوە رێككەوتنی نێوان یەكێتی و پارتییە لەسەر ئەو پۆستە كە دوای رێككەوتن دەبێت كاندیدی لایەنێكیان بكشێتەوە، بەڵام لە هەموو حالەتەكاندا یەكێتی كاندیدی هەر دەبێت، وەك ئەندامێكی سەركردایەتی ئەو حزبە جەختی لێ دەكاتەوە.

بەپێ زانیارییەكانی دەست "وشە" كەوتووە، هەریەكە لە مەلا بەختیار، لێپرسراوی دەستەی كارگێڕی مەكتەبی سیاسی، لەتیف رەشید، بەرهەم ساڵح، فوئاد مەعسووم و محەمەد سابیر، كاندیدی یەكێتیین بۆ پۆستی سەرۆك كۆماری، تەنیا محەمەد سابیر نەبێت كە ئەنجوومەنی ناوەندی یەكێتی بە فەرمی كاندیدی كردووە و هەموو ئەوانەش سیڤی خۆیان داوەتە سەرۆكایەتی پەرلەمانی عێراق، ماوەتەوە لە كۆبوونەوەی سبەی دووشەم 17ی ئەیلوول/ سێپتێمبەر، ئەنجوومەنی سەركردایەتی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بڕیاری یەكلا كەرەوە بدات كامیان بە فەرمی كاندیدی یەكێتیین بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار.

رەنگە ئەنجامی كۆبوونەوەی پارتی و یەكێتی دوا چانس بێت بۆ بەرهەم ساڵح كە دەچێتەوە ناو یەكێتی یان نا، بەپێی لێكدانەوەی قسەی ئەندامێكی سەركردایەتی یەكێتی بێت ئەگەر پۆستی سەرۆك كۆمار بۆ یەكێتی و لەنێویاندا بۆ بەرهەم ساڵح یەكلایی ببێتەوە ئەوا بەرهەم ساڵح رەنگە بگەڕێتەوە ناو یەكێتی.

ئارێز عەبدوڵڵا ئەندامی سەركردایەتی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە لێدوانێكی تایبەت بە "وشە" رای گەیاند لە كۆبوونەوەی ئەمشەوی نێوان پارتی و یەكێتی لەسەر ئەو پرسە، بڕیاری كۆتایی دەدرێت و پێویستە یەكلایی بكرێتەوە.

"وەك یەكێتی داوای ئەو پۆستەمان كردووە و ئێستەش پێداگیرین لەسەر ئەو پۆستە". ئارێز عەبدوڵڵا وا دەڵێت، ئەوەشی خستەڕوو تا ئەو كاتەی بەرهەم ساڵح بە فەرمی دەگەڕێتەوە ناو یەكێتیی ئەوا دەبێتە یەكێك لە پێنج كاندیدەكە، زیاتر گوتی "ئەگەر ئەمشەو لەگەڵ پارتی یەكلایی بووەوە، ئەوا سبەی سەركردایەتی كۆبوونەوەی خۆی دەكات بۆ دەستنیشانكردنی كاندیدێك بە فەرمی".

لای خۆیەوە فەرید ئەسەسەرد، ئەندامی سەركردایەتی یەكێتیی نیشتمانی كوردستان لە لێدوانێكی تایبەت بە "وشە" ئاماژەی بەوە دا لە هەموو حالەتێكدا یەكێتی كاندیدی دەبێت، ئەگەر لەگەڵ پارتی بگەن بە رێككەوتن یان نا، بەڵام ئەگەر گەیشتن بە رێككەوتن و پۆستەكە بووە بە پشكی یەكێتی ئەوا سەركردایەتی یەكێتی لەسەر دەستنیشانكردنی كاندیدی خۆی سبەی دووشەم كۆ دەبێتەوە.

زیاتر گوتی، "ئەگەریش نەگەیشتین بە رێككەوتن ئەوا هەم پارتی و هەمیش یەكێتی كاندیدی خۆیان دەبێت بۆ ئەو پۆستە". روونی كردەوە، "لە كۆبوونەوەكانی دوێنێ و پێشتریش، یەكێتی لەسەر یەك كاندید نەگەیشتووەتە بڕیاری كۆتایی، رەنگە سبەی دیسان كۆ ببینەوە".

فەرید ئەسەسەرد روونی كردەوە كە هێشتا یەكێتی كاندیدی فەرمی نییە، بەڵام محەمەد سابیر كاندیدی ئەنجوومەنی ناوەندە بۆ ئەو پۆستە، هەروەها لەتیف رەشید كاندیدی نافەرمی یەكێتییە كە ئێستە لە بەغدایە و خۆی كاندید دەكات چ وەك كاندیدی فەرمی یەكێتی یان كاندیدی نافەرمی.



وشە - فه‌رمان سادق