لە هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان تاران یان واشنتن بردیانەوە؟

:: PM:09:37:16/09/2018 ‌

دوێنێ و ئەمڕۆ پەرلەمانتارانی عێراق دەستەی سەرۆكایەتی خولی چوارەمی پەرلەمانی عێراقیان هەڵبژارد و محەمەد حەلبووسی دوای بەدەستهێنانی پاڵپشتی هاوپەیمانی فەتح بە سەرۆكایەتی هادی عامری پۆستی سەرۆكی پەرلەمانی بردەوە و بەوەیش بووە بچووكترین سەرۆك پەرلەمان لە عێراقی هاوچەرخ كاتێك توانی بەسەر دوو ركابەری گەورە سەر بكەوێ ئەوانیش ئوسامە نوجێفی و خالید عوبێدی بوون.

لێرە پرسیارەكە ئەوەیە كە كاریگەری ئەو رووداوە لەسەر هاوسەنگی هێز لە عێراق چییە؟، ئاخۆ راستە ئێران یەكەم گەڕی جەنگەكەی لەسەر حیسابی ئەمەریكا بردەوە؟، ئاخۆ كاریگەری ئەوە لەسەر پێكهێنانی حكوومەتی چی دەبێ؟، ئەوەیش دوای ئەوەی بردنەوەی حەلبووسی ئاماژەی بۆ گەورەترین فراكسیۆن كرد.

بەپێی زانیارییەكان حەلبووسی لەلایەن 50 ئەندام پەرلەمانی ناو هاوپەیمانی بەرەی نیشتیمانی (سوننە) كاندی كرابوو و لەلایەن هادی عامری سەركردەی هاوپەیمانی فەتح پاڵپشتی كرا، كە هەر ئەوەیش بووە هۆكاری پاشەكشەی ژمارەیەك لە پەرلەمانتارانی هاوپەیمانی سائیروون لە دانیشتنەكە، بۆیە هەڵبژاردنی حەلبووسی دەرگە لەبەردەم پێكهێنانی حكوومەت واڵا دەكا، لەدوای چوار مانگ لە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق.

حەلبووسی دوای بەدەستهێنانی دەنگی 169 پەرلەمانتار كە لە 329 كورسی پێك دێ، بووە سەرۆكی پەرلەمان، ئەو لەگەڵ لیستی (ئەنبار هەویەتونا)، بەشداری هەڵبژاردنی كرد و زیاتر لە 40 هەزار دەنگی بەدەست هێنا، ئەو كەسێكی نزیكە لە جەمال كەربوولی كە بازرگان و كەسایەتییەكی ناسراوە لە ناوچەكە توانای ئەنجامدانی رێككەوتننی سیاسی هەیە و حەلبووسی پشتی پێ بەست بۆ وەرگرتنی پۆستەكە، بۆیە دیاریكردنی حەلبووسی چەند مانایەكی هەیە لەوانە:     

پاڵپشتیكردنی لەلایەن هاوپەیمانی فەتح، بەهێزترین هاوپەیمانی ئێران لە عێراق، ئاماژەیە بۆ ئەوەی ململانێی ئێران و ئەمەریكا لە عێراق بۆ بەرژەوەندی بەرەی ئێران یەكلا بووەتەوە. جیا لەوە بردنەوەی كاندیدی نزیك لە فەتح ئاماژەیە بۆ روونبوونەوەی فراكسیۆنی گەورەترین لە پەرلەمان كە هەر ئەوانن حكوومەت پێك دێنن، بەڵام هاوكات دیاریكردنی حەلبووسی ئاماژەیەكیشە بۆ ئەوەی پێ ناچێ دۆخەكە بەرەو سەقامگیری و هاوسەنگی بچێ لە سایەی بوونی پاڵەپەستۆی دژی دەرەكی و ناوخۆیی، بۆیە ئەگەر پاڵەپەستۆی ئەمەریكا بۆ سەر ئێران زیاتر بێ، گۆڕەپانی عێراقیش رەنگدانەوەی بۆ سەر دروست دەبێ. هاوكات لە سایەی نەمانی چانسی حەیدەر عەبادی بۆ گەیشتنەوە بە دەسەڵات و خواستی مەرجەعیەت بۆ هێنانە پێشەوەی دەموچاوی نوێ، دیار نییە دۆخی عێراق لە نێوان هەرسێ هێزی ئێران و مەرجەعیەت و ئەمەریكا بەرەو كێ هەنگاو دەنێ.  

نووسەری عێراقی موشریق عەباس، لەبارەی رووداوەكانی عێراق لە وتارێكی لە رۆژنامەی "حەیات"ی لەندەنی بە ناونیشانی "پەرلەمانی عێراق.. دەستەوارەیەكی تەواو نەكراو" دەڵێ، رۆژێكی درێژ و سەخت بەسەر پەرلەمانی عێراق تێپەڕ بوو كە بە هەڵبژاردنی پەرلەمانتاری گەنجی پارێزگای ئەنبار و پارێزگارەكەی محەمەد حەلبووسی (لەدایكبووی 1981)، بۆ سەرۆكی پەرلەمان و جێگرانی لە سائیروون و پارتی دیموكراتی كوردستان كۆتایی هات.  

بێ رەچاوكردنی ئەوەی لە دانیشتنەكە و یەكتر نۆمەتباركردن رووی دا، دەری خست كە كێبەركێی وەرگرتنی پۆستەكە راستەقینە بوو نەوەك شێوەیی، هاوكات ئاماژە بوو بۆ ئەوەی ئەو بەرەی لە فەتح و دەوڵەتی یاسا پێك هاتبوو سەركەوت لە تێپەڕاندنی كاندیدی بۆ سەرۆكی پەرلەمان دوای ركابەری لەگەڵ زیاتر لە كاندیدێكی بەرەی سائیروون و نەسر و حیكمە، بۆیە لەو كاتەی بەرەی یەكەم بەهەنگاوی جێگیر لە رێككەوتن لەگەڵ هەمووان دەچێتە پێشەوە و سەركەوت لە پەرتكردنی هاوپەیمانی نەسڕ و راكێشانی زۆرینەی كورد و سوننە، بەرەی نەیاری كە لە یەكەم دانیشتن رای گەیاند فراكسیۆنی گەورەترینی پێك هێناوە، پێ دەچێ پەشۆكاو و ترازاو بێ و پاڵەپەستۆی زۆری لەسەرە و ستراتیجیەتێكی نەبێ.  

بەرەی بینا كە بە نزیك لە ئێران پۆلێن كراوە، هاوكات ئەویش نەیارانی بە لایەنگیریان بۆ ئەمەریكا تۆمەتبار دەكا، توانی لە گفتوگۆكانی لەسەر بنەمای دابەشكردنی پۆست و وەزارەتەكان سەركەوتوو بێ، چونكە سەرەڕای درووشمە بریسكەدارەكان، ئەوەیە ئامانجی هێزە عێراقییەكان، بۆیە لێرە پێویستە بەوردی لەبەردەم ئەو دەستەوارە هەڵوەستە بكەین، چونكە ئەگەر دەستەوارەی پەرلەمان بەو جۆرە تێپەڕی كە بینیمان، دوو دەستەوارەی سەرۆك كۆمار و سەرۆك وەزیران چۆن تێپەڕ دەبێ؟.  

لە پرسی هەڵبژاردنی سەرۆك كۆماردا، تا ئێستە پێشبینییەكان ئەوەن كە سەرۆك كۆمار بە دەستەوارەیەكی هاوشێوەی هەڵبژاردنی سەرۆكی پەرلەمان بەڕێوە دەچێ، واتە ئەو لایەنە كوردییەی بەشدارە لەو دەستەوارە پۆستەكە دەباتەوە، هەرچی سەرۆكی حكوومەتە كە مەرجەعیەتی باڵا و سەدر مەرجیان بۆی هەیە كە سەربەخۆ بێ، پێ ناچێت ئەو میكانیزمەی بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكی پەرلەمان بەرەو هەڵبژاردنی سەرۆكێكی سەربەخۆمان بگەیەنێ، چونكە هەڵبژاردنی سەرۆكی پەرلەمان و سەرۆك كۆمار بەو شێوەیە ئاماژەیە بۆ ئەوەی رێككەوتننێكی گشتی لەپشت پەردەوە بۆ دابەشكردنی پۆستە سەرەكییەكان كراوە و ئەوەیش بوار بە جێبەجێكردنی بیردۆزی حكوومەتی توانست نادا كە رێگربێ لە چوونی سامانی وڵات بۆ گەنجینەی پارتەكان.    

بۆیە ئەگەر ئەوە روو بدا كە گوترا، هەندێك بەو شێوە لێكی دەدەنەوە كە ئێران سەركەوت لە تێپەڕاندنی دەستەوارەی حكوومەتی بەغدا كە بە كورتی حكوومەتێك دەبێ كار بۆ رووبەڕووبوونەوەی واشنتن دەكا لەبارەی سزاكانی سەر ئێران، بەڵام ئەوەیش یەكلاكراوە نییە، چونكە ململانێی نێوان دوو بیردۆزی دابەشكردنی پۆستەكان و حكوومەتی توانست دوورودرێژە و رەنگە لە رۆژانی داهاتوو ئەو ململانێیە بێتە سەرەوە و بە چارەسەری ناوەندمان بگەیەنێ. 






وشە - مه‌حموود ئیسماعیل