لە کوردستان نەعلێک بڵاوە لۆگۆی زەردەشتی لێدراوە

:: AM:07:49:17/09/2018 ‌
لە بازاڕەكانی كوردستان نەعلێك بڵاو بووەتەوە كە لە كۆفرۆشەكانەوە گوازراوەتەوە بۆ دووكانەكان كە "لۆگۆی زەرشتی" لە بنی نەخشێنراوە. ئەوە بە هەولێك بۆ تێكدانی پێكەوەژیان لە كوردستان لێك دەدرێتەوە. بەڵام وەزارەتی ئەوقاف دەڵێت، هەر تانە و تەشەرێك بەقەد نووكی دەرزی بێت، ئێمە بەدواداچوون بۆ دەكەین.

هەرێمی كوردستان وا ناوی رۆشتووە كە ئارامترین شوێنی رۆژهەڵاتی ناوەڕەستە بۆ پێكەوەژیانی ئاین و نەتەوەكان. بەڵام هەوڵیش هەیە بۆ تێكدانی ئەو شانازییە و جاروبار تانە و تەشەر دێنە كایەوە و دەبنە هۆی بێزاركردنی ئاینێك، بەو ئامانجەی تووڕەیی لایەنگرانی ئەو ئاینەی لێ بكەوێتەوە. 

بەشێوەیەكی فەرمی ئێستە هەشت ئاین لە وەزارەتی ئەوقافی هەرێم تۆمار كراون، جگەلە نەتەوەكانی كورد، توركمان، عەرەب، كلدان سریان و ئەرمەن.

بارزان بورهان خاوەنی دووكانێكی كڕین و فرۆشتنی پێڵاو لە هەولێر، ئاشكرای دەكات كە "جۆرە نەعلێك هاتووەتە بازاڕەوە كە لۆگۆی زەردەشتیی لەسەرە". بەگوتەی بارزان، "ماوەی دوو مانگە ئەو نەعلە هاتووەتە بازاڕ و ئێمەش نازانین دروستكراوی چ وڵاتێكە و كێ‌ هاوردەی كردووە".

ئەو خاوەن دووكانە بۆ "وشە" وردەكاری زیاتری خستە ڕوو، "ئەو جۆرە نەعلە ناونیشانی هیچ وڵاتێكی لەسەر نییە، بەڵام لە بازاڕدایە و هەیە و ئێمەش لە شوێنی كۆفرۆش (جوملە) كڕیومانە و لە دووكانەكانمان دەیفرۆشینەوە".

لە بەرانبەردا ئاوات حیسامەدین نوێنەری زەردەشتییەكان لە وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئاینی كوردستان، بۆ "وشە" گوتی، زۆر بەداخەوە كەسانێك هەن پێ دەچێت دەستێكی چەپەڵی دژ بە ئاینی زەردەشتی لە پشتیانەوە بێ، لە كاتێكدا ئەو ئاینە یەكێكە لە مێژووە دێرینەكانی نەتەوەی كورد، بەڵام بە هەموو شێوەیەك سووكایەتیی پێ دەكەن.

نوێنەری زەردەشتییەكان بۆ "وشە" روونی كردەوە، "یەكێك لەو سووكایەتییانە كە تازە كردوویانە لە بازاڕ، دروستكردنی نەعلێكە و بڵاویان كردووەتەوە كە لۆگۆی پیرۆزی زەردەشتیی لەسەرە، دەڵێن (فرۆهەر) واتە بۆ پێشەوە بەرەو خوداپەرستی و رۆژێكی نوێی پڕ لە ئاشتی و بەختەوەری بۆ مرۆڤایەتی، لەسەر نەعلەكە دروستیان كردووە".

ئاوات روونی كردەوە كە ئەمە كارێكی خراپی دژ بە پرۆسەی پێكەوەژیان و یەكتر قبووڵكردنە لە كوردستان. دڵنیاییش دەدات "دەستێكی دوژمنكارانەی دژ بە مێژووی پیرۆزییەكانی ئاینی زەردەشتی و نەتەوەی كوردە". 

"پێشتر بەهەمانشێوە دژ بە ئاینی مەسیحی هەوڵێكی تێكدان هەبوو، بەوەی لۆگۆی خاچی پیرۆزی مەسیحییەكانیان لەژێر كالەیەك نەخشاندبوو و لە بازاڕ دەیانفرۆشت. بۆیە داواكارین لایەنە پێوەندیدارەكانی كوردستان، بەدواداچوونی رژدی بۆ بكەن بۆ دۆزینەوەی ئەو لایەنەی لە پشتی ئەو هەوڵە چەپەڵەوەن و دەیانەوێ پرۆسەی پێكەوەژیان تێك بدەن" ئاوات وای گوت.

هەروەها نیگەرانی خۆی نەشاردەوە لەوەی لە هەولێر كارگەیەكی دروستكردنی "دایبی منداڵ" بە ناوی "ئاڤێستا" دروست كراوە. دووپاتیشی دەكاتەوە "داوای گۆڕینی ناوەكەیمان كردووە، بەڵام تا ئێستە وەڵامی گونجاومان نەدراوەتەوە".

ئەمیر عوسمان بەڕێوەبەری ئاین و پێكەوەژیان لە وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئاینی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بۆ "وشە" گوتی، ئەگەر هاووڵاتییەك لە هەر ئاینێك بێت و لەسەر شەقامێك سووكایەتی بەقەد نووكی دەرزییەك پێ‌ بكرێت، ئێمە بەدواداچوون دەكەین.

بەڕێوەبەری ئاین و پێكەوەژیان ئاماژەی دا، "هەر بابەتێك پێوەست بێت بە تانە و تەشەر دژی ئاینەكان و پێكەوەژیان، ئێمە بەدواداچوونی بۆ دەكەین، لە ساڵی ڕابردووشدا بە نووسراوی فەرمی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان سەرجەم بازگە سنوورییەكان ئاگەدار كراونەتەوە كە ڕێ نەدەن هەر كاڵایەك بێتە بازاڕ كە دژی نەتەوەیەك بێت.

"وەك وەزارەتی ئەوقافیش لە ڕابردوودا بەدواداچوونمان كردووە و ئێستەش بەدواداچوون دەكەین لە هەر بابەتێك دژی ئاینێك یان ناشیرینكردنی ئاینێك بێت بەقەد نووكی دەرزییەك بێت، ئێمە كاری خۆمان دەكەین و ڕێ نادەین هیچ ئاینێك سووكایەتی پێ‌ بكرێت، بەڵام پێویستە ئەوەش بزانین هەندێك بابەت هەیە پێوەندی بە جوانكارییەوە هەیە" ئەمیر عوسمان وای گوت.

لای خۆیەوە جۆرج ئالیسم كە قەشەیەكی مەسیحی لە هەولێر، ئاشكرای دەكات كە لە رابردوودا هەمیشە هەوڵ هەبووە و بەردەوامیش بووە بۆ دروستكردنی دووبەرەكی لە نێوان ئێمە و ئاینەكانی تر لە هەرێمی كوردستان، بەڵام ئێمە هەموومان بەیەكەوە جوانین.

ئەو قەشەیە بۆ "وشە" دەڵێ، "ئێمە پێڕەوانی ئاینی خۆمان ئاگەدار كردووەتەوە هەرگیز تووشی دەمارگیریی نەبن، بۆیە هەوڵی لەم شێوەیە ژیانی ئێمە و مسوڵمان و ئاینەكانی تر تێك نادات".

جۆرج زیاتر گوتی، لە ڕابردوودا پێڵاو یان نەعل دروست كراون و بۆ بازاڕ هاتوونەتە ناردن كە دژی ئێمە و سووكایەتی بووە بە ئاینەكەمان، بەڵام بە هەوڵی حكوومەت و دەسەڵاتی جێبەجێكار كۆ كراونەتەوە لە بازاڕەكاندا نەماون.



وشە - رامیار جەواد