رۆناڵدۆ هۆكاری دواكەوتنی تۆماركردنی گۆڵی بۆ یانەی یۆڤێنتۆس ئاشكرا كرد

:: AM:08:57:17/09/2018 ‌

كریستیانۆ رۆناڵدۆی ئەستێرەی پورتوگالی و باشترین یاریزانی جیهان هۆكاری دواكەوتنی لە تۆماركردنی گۆڵ بۆ یانەی یۆڤێنتۆسی ئیتاڵی ئاشكرا كرد.

دوێنێ یەكشەم لە چوارچێوەی ركابەرییەكانی گەڕی چوارەمی خولی پلە یەكی ئیتاڵیا، یانەی یۆڤێنتۆس لەنێو یاریگەی خۆی (ئەلیانز ستادیۆم) مێوانداری یانەی ساسولۆی كرد و یارییەكەشی بە ئەنجامی 2-1 گۆڵ لێ بردەوە.

هەردوو گۆڵەكەی یانەی یۆڤێنتۆس لەلایەن رۆناڵدۆ لە خولەكانی 49 و 65 هاتنە تۆماركردن، ئەمە لە كاتێكدابوو كە لە 3 یاریی رابردوویدا نەیتوانیبوو هیچ گۆڵێك بۆ یانە نوێیەكەی تۆمار بكات.

لەمبارەیەوە رۆناڵدۆ ئاشكرای كرد بەهۆی بوونی دڵەڕاوكێ دوای جێهێشتنی یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی، نەیتوانیبوو لە سێ یاریی رابردوودا گۆڵ بۆ یانەی یۆڤێنتۆس تۆمار بكات.

رۆناڵدۆ بۆ ماڵپەڕی (فوتبۆڵ ئیتاڵیا) رایگەیاند: راستییەكەی تووشی دڵەڕاوكێ ببووم بەهۆی جێهێشتنی یانەی ریال مەدرید و پەیوەندیكردنم بە خولی ئیتاڵیا و یانەی یۆڤێنتۆسەوە، بەڵام ئێستا دڵخۆشم توانیم یەكەم 2 گۆڵ و سەركەوتن پێشكەش بە یانەكەم بكەم.

زیاتر گوتی: پێموایە بۆ نەهێشتنی ئەم دڵەڕاوكێیەش پێویستم بە كاتی زیاترە تا لەگەڵ كەش و دۆخە نوێیەكە خۆم بگونجێنم، لێرەوەش سوپاسی هەموو هاوڕێكانم دەكەم لە یانەی یۆڤێنتۆس كە هەمیشە پاڵپشتم بوونە و هاوكارییان كردووم.

جێی باسە رۆناڵدۆ بە تۆماركردنی ئەم گۆڵە بووە پێنجەم یاریزان لە مێژووی تۆپی پێدا لە خولی تۆپی پێی وڵاتان ژمارەی گۆڵەكانی بكات بە 400 و هەروەها بووە یەكەم یاریزانیش لە سەدەی 21 بگاتە ئەم رێژەی تۆماركردنی گۆڵە.



وشە - ئامانج ئه‌كره‌م