میلیشیاكان ئەزموونی بەسیجی ئێران لە بەسڕە كۆپی دەكەنەوە

:: AM:11:45:17/09/2018 ‌
میلیشیاكانی حەشد هێزی یەدەگ لە بەسڕە را دەگەیەنن، چالاكوانانی شارەكەش بە كۆپی هێزی بەسیجی ئێرانی دەناسێنن و داوای روونكردنەوەش لە عەبادی دەكەن. لە رێپێوانێكیشدا داوای ئازادكردنی چالاكوانان دەكەن كە هەواڵگری عێراقی دەیانی لێ گرتوون.

دوای رووداوەكانی سووتاندنی كونسڵخانەی بەسڕە، خۆپێشاندانی ناڕەزایەتی لەو شارە ماوەی چەند رۆژێك بێ دەنگی لێكرا، لەم ماوەیەدا وەك چالاكوانان باسی لێوەدەكەن سێ ناوەندی جیاوازی هەواڵگری هەڵمەتێكی گەورەی گرتنی چالاكوانانیان دەست پێكردووە، هاوشانی ئەو هەڵمەتە بە مەبەستی لاوازكردنی خۆپێشاندانەكان، میلیشیاكانی حەشدی شەعبی كە عەبادی سەركردایەتی دەكات، هێزی پشتگیری و یەدەگی خۆبەخشی راگەیاند و داوا لە گەنجانی بەسڕە دەكات خۆیان لەو هێزەدا ناونووس بكەن، چالاكوانانیش پێیان وایە ئەمە دووبارە كردنەوەی سیاسەتی كۆماری ئیسلامی ئێران و دروستكردنی هێزی بەسیجە.

دوای كۆپی پاسداران.. بەسیجیش كۆپی دەكەن
دەستەی حەشدی شەعبی لە بەسڕە، لە بەیاننامەیەكدا كە ئێوارەی دوێنێ بڵاوكرایەوە، پێكهێنانی هێزی یەدەگی خۆبەخشیان راگەیاند كە خۆی لە چەند دەستە و یەكەیەكی جیاواز لە ناوچە جیاوازەكانی بەسڕە دەبینێتەوە، ئاماژە بەوەش دەكەن كە سروشتی ئەو هێزە سەربازی نابێت، بەڵكوو خزمەتگوزاری دەبێت بۆ هێزە تەناهییەكان.

لە بەیاننامەكەدا ئەوە روون كراوەتەوە دروستكردنی ئەو هێزە دوای رووداوەكانی ئەم دواییەی بەسڕە دێت، دەڵێ دوای ئەوەی هەندێك "لایەنی تێكدەر بە پشتگیری لایەنی دەرەكی هەوڵی تێكدانی ئارامی و سەقامگیری بەسڕەیان دا، هەوڵیاندا زیان بە حەشدی شەعبی بگەیەنن، بۆیە بڕیاری دروستكردنی ئەو هێزە دراوە".

هێما بۆ ئەوەش دەكات كاری ئەو هێزە پاراستنی دۆخی تەناهی و پارێزگاری كردن دەبێت لە موڵكی گشتی و پێشكەشكردنی خزمەتگوزاری و بەهانەوە چوون بۆ ئەو ناوچانەی رووداو تێیاندا روودەدات.

دروستكردنی ئەو هێزە كە هەمان ناو و ئەركی بەسیجی ئێرانی هەیە و چالاكوانان پێیان وایە كۆپی ئەوە هەروەك چۆن حەشدی شەعبی كۆپی پاسدارانە كە ساڵی 2014 بەهۆی شەڕی دژ بە داعش بە فتوای سیستانی پێكهێنرا.

تا ئێستە حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیران و سەرۆكی دەستەی حەشدی شەعبی هیچ روونكردنەوەیەكی لەسەر پێكهێنانی ئەو هێزە خۆبەخشە نەداوە كە دەستەی میلیشیاكانی حەشد لە بەسڕە رایان گەیاندووە، ئەمەش لە كاتێكدایە باس لە ئاشتبوونەوەی عەبادی و موهەندیس دەكرێت دوای تێكچوونی پێوەندی نێوانیان بەهۆی گرژی و تەنگژەی ئەمدواییەی بەسڕە. 

بەگوێرەی هەواڵەكان عەبادی و ئەبو مەهدی موهەندیس دوای تەنگژەی بەسڕە ئاشتبوونەتەوە و كۆتایی هەفتەی رابردوو لە بەغدا دیداری تایبەتیان هەبووە. ئەمە لەكاتێكدایە كۆتایی هەفتەی رابردوو دوای ئەو دیدارە تایبەتە، عەبادی بڕیاری زیادكردنی دەرماڵەی دارایی بۆ مووچەی میلیشیاكان دەركردووە كە یەكێك بوو لە هۆكارە بنەڕەتییەكانی ناكۆكییەكانی نێوانیان.

دوای راگەیاندنی پێكهێنانی ئەو هێزە لە بەسڕە، چاوەڕوان دەكرێت لە شارەكانی تری شیعەش لە داهاتوودا دروستكردنی رابگەیەنرێت.

تا ئێستە حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیران و سەرۆكی دەستەی حەشدی شەعبی هیچ روونكردنەوەیەكی لەسەر پێكهێنانی ئەو هێزە خۆبەخشە نەداوە كە دەستەی میلیشیاكانی حەشد لە بەسڕە رایان گەیاندووە، ئەمەش لە كاتێكدایە باس لە ئاشتبوونەوەی عەبادی و موهەندیس دەكرێت دوای تێكچوونی پێوەندی نێوانیان بەهۆی گرژی و تەنگژەی ئەمدواییەی بەسڕە. 

بەگوێرەی هەواڵەكان عەبادی و ئەبو مەهدی موهەندیس دوای تەنگژەی بەسڕە ئاشتبوونەتەوە و كۆتایی هەفتەی رابردوو لە بەغدا دیداری تایبەتیان هەبووە. ئەمە لەكاتێكدایە كۆتایی هەفتەی رابردوو دوای ئەو دیدارە تایبەتە، عەبادی بڕیاری زیادكردنی دەرماڵەی دارایی بۆ مووچەی میلیشیاكان دەركردووە كە یەكێك بوو لە هۆكارە بنەڕەتییەكانی ناكۆكییەكانی نێوانیان.


بەسیج چیە و كەی دامەزراوە؟
بەسیج هێزێكی سەربازی یەدەگە، كورتكراوەی هێزی پڕكردنەوە و خۆبەخشییە كە دوای شۆڕشی ئیسلامی لە ئێران ساڵی 1979، لەلایەن خومەینی سەركردەی شۆڕش، بڕیاری پێكهێنانی درا.

ئەو هێزە راستەوخۆ سەر بە رابەری شۆڕشە كە سوپای پاسداران سەرپەرشتی دەكات، پێكهاتەی هێزەكەش لە گەنجانی هەردوو رەگەزی نێر و مێ پێكهاتووە و لیوا غولام محسین غیبپەروەر سەركردایەتی دەكات.

ئەو هێزە وەك سەركردەكانی ئێرانی باسی دەكەن، رۆڵێكی كاریگەری هەبوو لە شەڕی هەشت ساڵەی دژ بە عێراق، لە كاتی ئاشتی و  ئارامیشدا كاری ئەو هێزە پێشكەشكردنی خزمەتگوزاریی جۆراوجۆرە، لەوانە یارمەتیدانی هێزە تەناهییەكان بۆ پاراستن و سەقامگیری شارەكان و پێشكەشكردنی خزمەتگوزاری كۆمەڵایەتی، رێكخستنی ئاهەنگ و بۆنە ئاینییەكان.

بەسیج كە ژمارەی ئێستە 90 هەزار كەسە بە فەرمی، بەڵام لە كاتی پێویستدا ژمارەیان بۆ یەك ملیۆن كەس بەرز دەبێتەوە، لە رووی كردار و فرمان وەرگرتنەوە، سەر بە سوپای پاسدارانە كە سوپایەكە لە دەرەوەی كایەكانی حكوومەت و راستەوخۆی بڕیار لە رابەری شۆڕش وەردەگرێت.

بەگوێرەی زانیارییەكان، لە مانگی ئابی رابردوو سێ هەزار چەكداری باسیج لە رێگەی دەروازەی سنووری شلامجە گەیشتوونەتە بەسڕە و لە كۆنە سەربازگەكانی سەردەمی رژێمی بەعس لە دەوروبەری بەسڕە جێگیر كراون و بەشێكیشیان رەوانەی شارەكانی سەماوە و ناسڕییە و دیوانییە كراون، هەروەك سەرچاوەیەكی پۆلیسی بەسڕە دەڵێ ئەو هێزە جلوبەرگی هێزی سواتی عێراقییان پۆشیوە.

جێی باسە هێزی باسیج شارەزاییەكی باشی هەیە لە سەركوت كردنی خۆپێشاندانەكان، بەهۆی بەشداری كارایان لە سەركوت كردنی خۆپێشاندانەكانی شارەكانی ئێران لە ماوەی رابردوودا.


چالاكوانان.. هێزی خۆبەخش كۆپی بەسیجە
ئەگەرچی دەستەی حەشدی شەعبی جەخت لەوە دەكاتەوە كە ئەو هێزە كاری یارمەتیدان دەبێت، هەروەك فالح زاملی پەرلەمانتار لەسەر هاوپەیمانی فەتح دەڵێ دروستكردنی ئەو هێزە بە عەسكەر كردنی كۆمەڵگا نییە، بەڵكوو پێشكەشكردنی خزمەتگوزارییە. بەڵام چالاكوانانی كۆمەڵی مەدەنی لە بەسڕە دەیچووێنن بە هێزی بەسیج كە كۆماری ئیسلامی لە ئێران پێكی هێناوە، ئامانجیش لێی سەركوت كردنی خەڵكی بەسڕە بە گشتی و گەنجانە بە تایبەتییە.

ئەحمەد بەسڕەیی یەكێك لە چالاكوانان دەڵێ پێكهێنانی هێزی خۆبەخش پرسێكی مەترسیدارە، پێدەچێ دروستكردنی هەمان هێزی بەسیج بێت كە لە ئێران بوونی هەیە.

بەسڕەیی داوا لە حەیدەر عەبادی سەركردەی دەستەی حەشدی شەعبی دەكات كە روونكردنەوە بدات لەسەر سروشت و كاری ئەو هێزە، گوتی "پێویستە وەڵامی ئەو پرسیارەش بداتەوە، بۆچی ئێستە ئەو هێزە دروست دەكرێت".

لای خۆیەوە نائل زامل لە بارەی پێكهێنانی هێزی پشتگیری و خۆبەخش لەلایەن میلیشیاكانی حەشد، پێی وایە ئەوە هەوڵێكە بۆ ئەوەی دەسەڵاتی حەشد لە شارەكە زیاتر فراوان بێت و بگاتە گەڕەك و كۆڵانەكان، بۆ ئەوەی سیخوڕی بەسەر هاووڵاتییان بكەن هەروەك چۆن كاتی خۆی حزبی بەعس لە رێی رێكخراوەكانی سیخوڕی بەسەر هاووڵاتییان دەكرد.

گوتی "ئەوە راست نییە كە دەڵێن خۆبەخشییە، راستە لە رووكەش دەڵێن خۆبەخشە، بەڵام لە ناوەڕۆكدا حزبەكان سوود لەو كەسانە وەردەگرن كە جەماوەری حزبەكان خۆیانن و خەڵكی هەژارن و لە میلیشیاكانی حەشد جێگەیان نەبووەتەوە، بۆیە لەوەها رێكخستنێكی سیخوڕیدا بەناوی خۆبەخشی رێكیان دەخەن و سیخوڕی بەسەر هاووڵاتییانەوە دەكەن".
زامل ئاماژەی بە ژمارەی ئەو هێزە خۆبەخشە كرد، ئاشكرای كرد تا ئێستە 30 هەزار كەس خۆیان تۆمار كردووە، دیاریش نییە چیە ئەو خزمەتگوزارییەی وەك حەشدی شەعبی دەڵێ پێشكەشی خەڵكی بەسڕەی دەكەن، گوتی "بە دیدی من ترساندن و سەپاندنی هەژموون خۆیانە بەسەر خەڵك".

هەڵمەتی گرتنی چالاكوانان بەردەوامە
هاوشانی دروستكردنی هێزی بەسیج، سێ هێزی هەواڵگری عێراقی لە بەسڕە هەڵمەتێكی گرتنی چالاكوانانی شارەكەیان دەستپێكردووە.

نائل زامل چالاكوان لە بەسڕە روونی كردەوە ئەو هێزانە هەڵدەكوتنە سەر ماڵی چالاكوانان و لە بەرەبەیاندا دەیان گرن، یانیش لەناو بازاڕ و لە رێی بازگەكانی دایان ناوە، چالاكان دەگرن.
گوتی "لە دوو رۆژی رابردوودا زیاتر لە 20 چالاكوان گیردراوە، لەناویاندا وەلید ئەنساری یەكێك لە دیارترین چالاكانی بەسڕە هەیە".

پێكهێنانی هێزی خۆبەخش لەلایەن حەشد و هەڵمەتی گرتنی چالاكوانان، وایكرد ئێوارەی دوێنێ بەسڕەییەكان بڕژێنە سەر شەقامەكان و داوای ئازادكردنی چالاكان بكەن.

لە رێپێوانێكی ئاشتیانەدا كە چالاكوانان و خەڵكی بەسڕە ئەنجامیاندا، داوایان كرد هەرچی زووە ئەو چالاكوانانە ئازاد بكەن كە بەشداریان لە خۆپێشاندانەكان كردووە.

كازم سەهلانی دەڵێ رێپێوانەكە لە گۆڕەپانی عروسەی ناوچەی تویسە دەستی پێكرد و لە نزیك بەڕێوەبەرایەتی پۆلیس لە ناوچەی حەكیمییە كۆتایی پێهێنرا، تاكە داواكاریش ئازادكردنی ئەو چالاكانە بوو كە چەند رۆژێكە گیراون.

هاوكاتی رێپێوانی داواكردنی ئازادكردنی چالاكان، هێشتا حكوومەتی عێراق هیچ یەكێك لە بەڵێنەكانی بە خەڵكی ناڕازی ئەو شارەی داوە جێبەجێ نەكردووە، تەنانەت نەیتوانیوە سەرچاوەكانی دابینكردنی ئاوی خاوێنیش بۆ هاووڵاتییان پاك بكاتەوە كە بەهۆیەوە بەگوێرەی ئامارە فەرمییەكانی بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی بەسڕە و كۆمسیۆنی مافەكانی مرۆڤ، ژمارەی تووشبووان بە نەخۆشییە جۆراوجۆرەكانی پێوەست بە ئاوی پیس بوو، گەیشتووەتە 60 هەزار كەس.



وشە - فه‌رمان سادق