بڕی 22 ملیار دینار بەسەر جووتیاران دابەش دەكرێ‌

:: PM:03:05:17/09/2018 ‌
بەرێوەبەری گشتیی بازرگانی لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ڕای گەیاند، سبەی سێشەم 18ی ئەیلوول/ سێپتێمبەر، 22 ملیار دینار بەسەر جووتیارانی پارێزگای سلێمانی دابەش دەكرێ‌.

ئەمڕۆ دووشەم 17ی ئەیلوول/ سێپتێمبەر، نەوزاد ئەدهەم بەرێوەبەری گشتیی بازرگانی لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە "وشە"ی گوت، بڕیارە سبەی سێشەم بڕی 22 ملیار دینار بەسەر جووتیارانی سنووری سلێمانی دابەش بكرێ لەبەرانبەر وەرگرتنی گەنمی ساڵانی پێشوویان.

ڕوونیشی كردەوە كە ئەو پارەیە تەواوی جووتیاران دەگرێتەوە كە گەنمیان ڕادەستی سایلۆكان كردووە. هەروەك دوایشی كرد، سبەی جووتیارانی ئەو سنوورە سەردانی سایلۆ بكەن بە مەبەستی وەرگرتنی پارەكانیان.

پێشتر حكوومەتی عێراق شایستە داراییەكانی جووتیارانی ڕاگرتبوو، بەڵام ئەمساڵ دوای چەندان كۆبوونەوە لە نێوان حكوومەتی هەرێمی كوردستان و حكوومەتی عێراق بڕیار درا بەشێك لە شایستەی دارایی جووتیاران بۆ ساڵی 2016 و 2017 ڕەوانەی هەرێمی كوردستان بكرێت و ئێستە دەست بەدابەشكردنی كراوە.




وشە - سه‌رخێڵ هاشم