حەلبووسی یەكەم هەنگاوی بە دژایەتی ئەمەریكا دەست پێ كرد

:: PM:04:41:17/09/2018 ‌
زۆری نەبرد سەرۆكی پەرلەمان پەردەی لەسەر ئاراستەی سیاسی خۆی هەڵدایەوە بە پشتگیریكردنی ئێران، دژایەتی خۆیشی دژ بە سزا ئابوورییەكانی ئەمەریكا بۆ سەر تاران راگەیاند. پەرلەمانتارێكی سوننەش دەڵێ حەلبووسی كەسایەتییەكی لاوازی هەیە.

محەمەد حەلبووسی سەرۆكی پەرلەمان، دوای تەواوبوونی دانیشتنی دوێنێ 16ی ئەیلول/ سێپتێمبەر، پەرلەمان بۆ هەڵبژاردنی جێگری دووەم راستەوخۆ بەرەو ماڵی هادی عامری سەركردەی هاوپەیمانی فەتح بەڕێكەوت و لەگەڵ عامری و سەركردەكانی هاوپەیمانی فەتح و سەركردەی میلیشیاكان كۆ بووەوە، یەكەمین هاوتاشی كە پیرۆزبایی لێی كرد، عەلی لاریجانی سەرۆكی پەرلەمانی ئێران بووە.

حەلبووسی لە پێوەندی تەلەفۆنی پیرۆزبایی لاریجانی، رۆڵی ئێرانی لە عێراق بە گرنگ ناوبرد و ئاماژەی بەوەدا كە گەلی عێراق و ئەندامانی پەرلەمانەكەی رێز لە پشتگیری كراوەی ئێران بۆ عێراق دەگرن لە ئێستە و لە رابردووشدا، بەتایبەت لە پرسی یارمەتیدانی عێراق لە شەڕی دژ بە داعش.

بەگوێرەی بەیاننامەی نووسینگەی حەلبووسی لەبارەی پێوەندییە تەلەفۆنییەكە، حەلبووسی بەناوی پەرلەمانتارانی خولی پێنجەمی پەرلەمانەوە قسەی كردووە و بە لاریجانی راگەیاندووە كە هەموویان دژی هەر گەمارۆیەكی ئابووری و گوشارێكن لەسەر ئێران، پێیان وایە ئەوەی روودەدات "زوڵمە" لە ئێران دەكرێت و "پەرلەمانتاران لە تەك گەلی ئێران لەو پرسە دەوەستن"، هەروەك داوەتنامەیەكی فەرمی ئاراستەی لاریجانی كرد بۆ سەردانیكردنی عێراق.


لە بەرانبەر هەڵوێستەكەی حەلبووسی، لاریجانی بە سەرۆكی پەرلەمانی راگەیاندووە كە ئاگاداریان لەسەر رۆڵی سەرۆكی پەرلەمانی عێراقی هەیە بەتایبەت لەو دۆخە هەستیارەی عێراق پێیدا تێپەڕ دەبێت لەسەر ئاستی رێكخستنەوەی ریزەكانی.
 
هەر دوای پێوەندییە تەلەفۆنییەكە، حەلبووسی راستەوخۆی سەردانی ماڵی هادی عامری سەركردەی هاوپەیمانی فەتحی كردووە، كە باڵی سیاسی میلیشیا چەكدارەكانە.

نووسینگەی سەرۆكی هاوپەیمانی فەتح ئاماژەی بەوەدا كە هادی عامری لە ماڵەكەی خۆیدا پێشوازی لە محەمەد حەلبووسی و حەسەن كەعبی جێگری یەكەمی سەرۆكی پەرلەمان و ژمارەیەك لە پەرلەمانتاران كردووە.

لە بەیاننامەیەكدا نووسینگەی عامری هێمای بۆ ئەوە كردووە كە هەردوولا لە دانیشتنی نێوانیاندا باسی كۆمەڵێك پرس كراوە لە نێوانیاندا گێڕانەوەی شكۆ بۆ پەرلەمان و دەركردنی بڕیاری گرنگ و كاركردن بە یەك تیمی و بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی.


چاودێران سەردانەكەی حەلبووسی بۆ لای هادی عامری بە سەردانی "سوپاس" كردن بۆ عامری لێكدەدەنەوە بەهۆی ئەو پشتگیرییەی لیستەكەی لە حەلبووسی كردووە.

عامری پرسی كەمكردنەوەی مووچەی ئەندامانی پەرلەمانی لەگەڵ حەلبووسی و گرنگی دان بە بەسڕە لەگەڵ حەلبووسی باسكردووە، سەرچاوەیەكی سیاسی ئاگادار، لە یەكێك لە ئەندامانی پەرلەمان كە هاوشاندی حەلبووسی بوون، دەگێڕێتەوە كە سەردانەكەی حەلبووسی بۆ سوپاسگوزاری دەربڕین بوو بۆ عامری بەرانبەر بەو پشتگیرییەی لە دانیشتنی دەنگدان بۆ سەرۆكی پەرلەمان لێیان كردووە، گوتی "لە دانیشتنەكەدا حەلبووسی بەڵێنی ئەوەی بە عامری داوە كە پشتگیرییان لێ بكات لە پرسی پێكهێنانی حكوومەت و دەستنیشان كردنی لیستی زۆرینە".

هاوكات سەرۆكی پەرلەمان، لای عامریش جارێكی تر جەختی لەوە كردووەتەوە كە ئێران وڵاتێكی دراوسێی عێراقە و ناكرێت هیچ لایەنێك دەستی بۆ ببات ئەگەر ئەو لایەنە "ئەمەریكاش" بێت.

پێوەند بە جموجۆڵەكانی حەلبووسی و سەردانی بۆ لای عامری و پێوەندییە تەلەفۆنەكەی لاریجانی، محەمەد عەبدوڵا پەرلەمانتاری پێشتری هاوپەیمانی قوەی وەتەنی دەڵێ سەردانی حەلبووسی بۆ لای عامری شتێكی ئاساییە بەو پێیەی ئەوان پشتگیریان كردووە ببێتە سەرۆكی پەرلەمان، گوتی "تەنانەت پێشبینی دەكرێت قۆناغی داهاتوو لێك نزیكی زیاتر لەنێوان عێراق و ئێران رووبدات".

 روونی كردەوە كە ئێرانییەكان سەركەوتوو بوون لە دەستخستنی پۆستی سەرۆك پەرلەمان لە ڕێی كەسێكی سوننەوە كە لە خولەكانی رابردوودا هەوڵی زۆری دەدات، بەڵام لە تەواوی هەوڵەكانیان شكستیان هێنا.

ئەو پەرلەمانتارەی رەخنەی توندی لە حەلبووسی گرت بەوەی پشتگیری لە قسەكانی عەممار تەعمە سەرۆكی لیستی فەزیڵە لە پەرلەمان كردووە كاتێك لەسەر ناساندنی بەغداد بە شاری هاڕونە رەشید و عەباسییەكان، هێرشی توندی كردە سەر محەمەد زەینی سەرۆكی تەمەن و پێ گوتووە ناكرێت بەغدا بەوان ببەسترێتەوە، بەمەش مشتومڕێكی زۆر لەناو پەرلەمان دروست بوو.

دوای دەرچوون و بوونی بە سەرۆكی پەرلەمان، حەلبووسی، بە عەممار تەعمەی گوتووە كە بۆچوونەكەی قبوڵ كراوە و پشتگیری لێ كردووە، پەرلەمانتارەكەی خولی پێشتری قوەی وەتەنی دەڵێ ئەمە باشترین بەڵگەی لاوازی حەلبووسییە.



وشە - فه‌رمان سادق