كاندیدێكی تر بۆ پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق ئاشكرا كرا

:: PM:09:07:17/09/2018 ‌
چاودێرێكی سیاسیی و ئەندامی خولی پێشووتری ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ڕای گەیاند كە ئەو خۆی بۆ پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق كاندید دەكات و داویشی كرد كە هێزە كوردستانییەكان لە بەغدا پشتیووانی بكەن.

پۆستی سەرۆك كۆمار لە بەغدا پشكی كوردە، بەڵام لەناو كورددا تا ئێستە ئەو پۆستە بە كەس یەكلا نەبووەتەوە و یەكێتی نیشتمانی كوردستان ڕای گەیاندووە كە دوو كاندیدی بۆ ئەو پۆستە هەیە و پارتی دیموكراتی كوردستانیش رەتی كردووەتەوە كە ڕێككەوتن لەسەر ئەو پۆستە كرا بێت، هاوكات لەو ناوەندەدا كەسێكی تر كاندیدبوونی خۆی بۆ پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق ڕاگەیاند.

ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەم 17ی ئەیلوول/ سێپتێمبەر، سەردار عەبدوڵا چاودێری سیاسیی و ئەندامی خولی پێشوتری ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ڕای گەیاند، خۆی كاندید كردووە بۆ پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق و داوایشی  لە هێزە سیاسییە كوردییەكان كرد پشتیوانی بكەن.

سەردار عەبدوڵا قسەی بۆ كەناڵی كوردستان 24 كردووە و ڕای گەیاندووە، كورد لە هەرێمی كوردستان دەوڵەتە و دامەزراوەی دەوڵەتی هەیە، بۆیە ماوەتەوە دانی پێدا بنرێت هاوكات پۆستی سەرۆك كۆمار تەشریفاتی نییە و پۆستێكی كاریگەرە و سەرۆك كۆمار بەو دەسەڵاتەی ئێستە لە دەستوور هەیەتی دەتوانێت رێگە لە تاكڕەوی سەرۆك وەزیران بگرێت و پێشێلكردنی مافی هەرێمی كوردستان رابگرێت و سنوورێك بۆ ئەنجوومەنی وەزیران دابنێت.

بڕیارە ڕۆژی سێشەمی داهاتوو ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق كۆبێتەوە و پرسی سەرۆك كۆماری عێراق یەكلا بكاتەوە، بەڵام پێش ئەو وادەیە دەبێت كورد كاندیدێكی ئامادە بێت كە هێشتا حزبەكان لەوبارەیەوە ڕێكنەكەوتوون.



وشە - سه‌رخێڵ هاشم