بەرێوەبەری پۆلیسی كۆیە رای گەیاند، ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەم 17ی ئەیلوول/ سێپتێمبەر، لە بەنداوی سماقوڵی باوك و كوڕێك خنكان كە خەڵكی شاری هەولێرن.
بەنداوی سماقوڵی لە ساڵی ڕابردووەوە ئاوێكی زۆری تیادا گل دراوەتەوە و ئێستە ڕۆژانە بەمەبەستی گەشتكردن و مەلەوانی هاووڵاتییان لە هەولێر و ناوچەكانی تری كوردستانەوە ڕووی تێدەكەن، هاوكات لەماوەی ڕابردوو چەندان ڕووداوی خنكان و رووداوی هاتوچۆ لەو سنوورە ڕووی داوە.
شۆڕش كاكە بەڕێوەبەری پۆلیسی كۆیە بە "وشە"ی ڕاگەیاند، ئێوارەی ئەمڕۆ لە بەنداوی سماقوڵی باوك و كوڕێك خنكان كە دانیشتووی شاری هەولێرن لە گەڕەكی باداوا.
وەك بەرێوەبەری پۆلیسی كۆیە ئاماژەی بۆ كرد، باوكەكە ناوی "شەهاب هاشم نادر"ە و لە دایكبووی ساڵی 1977ە و كوڕەكەیش ناوی"نەشوان شەهاب هاشم"ە لە دایكبووی ساڵی 2005ە.
هێمای بۆ ئەوەیش كرد كە ئێستە تەرمەكانیان ڕەوانەی نەخۆشخانە كراون پەڕاوی لێكۆڵینەوە لەبنكەی پۆلیسی نەخۆشخانە كراوەتەوە.