نرخی نەوت دابەزی

:: AM:09:28:18/09/2018 ‌

لە دوێنێ دووشەمەوە كە هەفتەیەكی نوێ لە بازاڕی بۆڕسە دەستی پێ كردووە، نرخی نەوتیش رووی لە دابەزین كردووە.

دەستپێكردنی ئەم هەفتەیەی بازاڕی بۆڕسە هاوكاتە لەگەڵ دەستپێكردنی سەپاندنی باجی نوێی ئەمەریكا بۆ سەر 200 ملیار دۆلار كاڵای چینی بە رێژەی 10%، ئەمەش بە گرنگترین هۆكاری دابەزینی نرخی نەوت هەژمار دەكرێت.

بەگوێرەی dailyfx نەوت لە 78 دۆلار و شەش سەنتەوە دابەزیوە بۆ 77 دۆلار و 59 سەنت. پێویستە بگوترێ هەفتەی رابردوو نەوت بەرزترین نرخی لە ماوەی چوار مانگی رابردوو تۆمار كردبوو و گەیشتبووە سەرووی 80 دۆلار.

بەڵام پێشبینی كراوە لەگەڵ دەستپێكردنی سزاكانی ئەمەریكا بۆ سەر كەرتی نەوتی ئێران لە سەرەتای مانگی تشرینی دووەم، نرخی نەوت بەرز ببێتەوە و هەندێك دامەزراوەی دارایی ئاماژە بە 100 دۆلار دەكەن.

لە ماوەی مانگی رابردوودا چەندان وڵات كۆتایییان بە گرێبەستەكانیان لەگەڵ ئێران هێناوە و رۆژ بە رۆژ لە هەناردەی نەوتی ئەو وڵاتە كەم دەبێتەوە و ئەگەر بە گشتی هەناردەی نەوتی ئێران بگاتە سفر، ئەوا كێشە لە پێداویستی نەوت دێتە كایەوە و دەبێت وڵاتانی تری بەرهەمهێنەری نەوت قەرەبووی ئەم كەمییە بكەنەوە، ئەگەر نا نرخی نەوت بەرز دەبێتەوە.



وشە - سلێمان تاشان