له خوێندنه‌وه‌ى رۆمانى كوردیدا هه‌ست به جۆرێك له بێئاگایى نووسه‌ر ده‌كه‌یت
گوزاره‌ى "هونه‌رى رۆمان" له "هونه‌رى رۆمان‌نووسین" راستتره
سه‌نگه‌ر زرارى چه‌ند ساڵێكه له بوارى ره‌خنه‌ى ئه‌ده‌بى كار ده‌كات و له بواره‌دا ناسراوه، ئه‌و چه‌ندان كتێبى هه‌یه و هه‌فته‌ى رابردووش دواین كتێبى به‌ناونیشانى "هونه‌رى رۆمان" بڵاو كرده‌وه. زراری له دیمانه‌یه‌كى "وشه"دا باس له ناوه‌ڕۆكى دواین كتێبی ده‌كات و وێڕاى ئه‌مه‌ش له‌سه‌ر چه‌ند لایه‌نێكى هونه‌رى رۆمان ده‌دوێت.
دواین كاری تۆ كتێبێكه له‌باره‌ی رۆمانه‌وه، حه‌ز ده‌كه‌م سه‌ره‌تا خۆت پێناسه‌یه‌كی كورتی كتێبه‌كه بكه‌یت؟
كتێبه‌كه له سێ به‌شی سه‌ره‌كی پێكهاتووه، به‌شی یه‌كه‌م چه‌ند بابه‌تێكی پێوه‌سته به ناساندنی ڕۆمان و مێژووی ڕۆمان و پێوه‌ندییه‌كانی ڕۆمان به ژانر و بابه‌ته‌كانی تری وه‌ك سینه‌ما، شیعر، مێژوو، ژیاننامه و.. هه‌ریه‌كه له‌م بابه‌تانه به بابه‌تی جیاواز و سه‌ربه‌خۆ باس كراون. له به‌شی دووه‌مدا مێژووی ڕۆمانی كوردی و ئه‌و هه‌وڵانه خراونه‌ته ڕوو كه له سه‌ره‌تاوه بۆ نووسینی ڕۆمانی كوردی دراون، شیكردنه‌وه و پێڕستێكی تێروته‌سه‌لیش بۆ ئه‌و ڕۆمانانه كراون كه له سه‌ره‌تای مێژووی نووسینی یه‌كه‌م ڕۆمانی كوردییه‌وه تا ساڵی 1991 نووسراون، ئه‌و ڕۆمانانه‌شم له خشته‌كه داناوه كه له‌م قۆناغه‌دا هاتوونه‌ته وه‌رگێڕان. به‌شی سێیه‌میش بریتییه له خوێندنه‌وه بۆ چه‌ند ڕۆمانێكی وه‌رگێڕاو.
وه‌ك ده‌زانین تۆ له بواری ره‌خنه‌ی ئه‌ده‌بی ده‌نووسیت و خوێندنه‌وه بۆ كتێبه ئه‌ده‌بییه‌كان ده‌كه‌یت، ئایا ئه‌م كتێبه توێژینه‌وه‌یه‌كی سه‌ربه‌خۆیه؟ یان كۆكردنه‌وه‌ی به‌شێك له‌و وتاره ره‌خنه‌یانه‌یه كه له ماوه‌ی رابردوودا نووسیوتن؟
ڕاسته ئه‌م ڕه‌خنه و لێكۆڵینه‌وانه پێشتر به‌شێكی زۆریان بڵاو كراونه‌ته‌وه، به‌ڵام له‌لایه‌ك ئه‌م نووسینانه له شوێنی په‌رشوبڵاون و دۆزینه‌وه‌یان بۆ خوێنه‌ر یان توێژه‌رێكی ئه‌م بواره ئاسان نییه، له‌لایه‌كی تره‌وه ئه‌وه بزانه كه نووسینی بابه‌ته‌كان هه‌ر له سه‌ره‌تاوه وه‌ك پڕۆژه‌یه‌ك بووه بۆ كتێب، واتا له یه‌كه‌م نووسینی ئه‌م بابه‌تانه‌وه من به نیازی كتێب و وه‌ك پڕۆژه‌ی كتێب كارم له‌سه‌ر كردوون، نه‌ك ئه‌وه‌ی بابه‌ته‌كانم نووسیبێ و دواتر به‌هۆی زۆریی بابه‌ته‌كان كۆم كردبنه‌وه بۆ كتێب، نا. هه‌ر له بنه‌ڕه‌تدا بۆ كتێب نووسراون و به‌شێوه‌یه‌كی ڕێكخراو كارم له‌سه‌ر كردوون.
وه‌ك له ناونیشانه‌كه‌وه دیاره "هونه‌ری رۆمان، مێژوو، خوێندنه‌وه، به‌رده‌وامی" مه‌به‌ست له‌م "به‌رده‌وامییه" چییه؟
مه‌به‌ستم ئه‌وه‌یه ڕۆمان به‌رده‌وام ده‌بێت و هیچ كاتێك سه‌رده‌می ڕۆمان به‌سه‌ر ناچێ، ئه‌مه له‌وێوه هاتووه كه ماوه‌یه‌كی زۆر گره‌و له‌سه‌ر ئه‌وه ده‌كرا به‌هۆی خێرایی سه‌رده‌م و گۆڕانی ئامرازه‌كانی ڕۆشنبیریی و خۆڕۆشنبیركردن و په‌یدابوونی تۆڕه‌كانی كۆمه‌ڵایه‌تی و كه‌مبوونه‌وه‌ی كاتی خه‌ڵك، ڕۆمان به‌ره‌و له‌ناوچوونه و له داهاتوویه‌كی نزیكدا ده‌مرێ و به‌ته‌واوی نامێنێ، به‌ڵام به تێپه‌ڕینی كات ئه‌وه به‌دیار كه‌وت كه ڕه‌نگه ڕۆمان جۆر و شێوازه‌كانی بگۆڕێن، به‌ڵام به‌هیچ جۆرێك له‌ناو ناچێ و خوێندنه‌وه‌ی ڕۆمان ئێسته له زۆر كات و سه‌رده‌م بره‌وی زیاتره.
هه‌ندێك جار هونه‌ری رۆمان‌نووسین به‌كار ده‌هێنرێت، به‌ڵام تۆ ته‌نیا "هونه‌ری رۆمان"ت به‌كار هێناوه، بۆچی؟
گوزاره‌ی "هونه‌ری ڕۆماننووسین" وه‌ك ئه‌وه دێته به‌رچاو كه ڕێبه‌رێك بێت فێری ئه‌وه‌مان بكات چۆن ڕۆمان بنووسین؟ یان چۆن ببین به ڕۆماننووس؟! ئه‌مه‌ش كاری من و كاری ئه‌م كتێبه نییه، من له‌م كتێبه‌دا باسی ڕۆمان خۆی ده‌كه‌م نه‌ك شێوازی نووسینی ڕۆمان یان چۆنیه‌تیی نووسینی ڕۆمان، باسی ئه‌وه ده‌كه‌م ڕۆمان چییه و كه‌ی سه‌ری هه‌ڵداوه و پێوه‌ندی چییه به ژانر و ڕه‌گه‌زه ئه‌ده‌بییه‌كانی تر. بۆیه بۆ ئه‌م كتێبه "هونه‌ری ڕۆمان" دروسته نه‌ك "هونه‌ری ڕۆماننووسین".
له رابردوودا كتێب له‌باره‌ی رۆمانی كوردی زۆر كه‌م بووه، مه‌به‌ست له‌و كتێبانه‌یه كه له‌ڕووی ره‌خنه‌ی ئه‌ده‌بییه‌وه له‌سه‌ر رۆمان نووسراون، به‌ڵام له‌م ماوه‌یه‌دا چه‌ند كتێبێك له‌باره‌ی هونه‌ری رۆمان ده‌رچووه، پێت وانییه كاتی ئه‌وه هاتووه ره‌خنه‌گری كورد ئاوڕێك له‌و رۆمانه كوردییانه بداته‌وه كه نووسراون؟
پێشتر ئه‌گه‌ر ڕه‌خنه‌ی ڕۆمان كه‌م بووبێ، به‌هۆی ئه‌وه بووه ڕێژه و ژماره‌ی ڕۆمانی كوردی كه‌م بووه، به‌دڵنیایییه‌وه كه ئێسته ژماره‌یه‌ك ڕۆماننووسی باش له‌ناو كورد هه‌ن و ده‌قی جوانیان پێشكه‌ش كردووه، ده‌بێ هاوته‌ریب به‌مه ڕه‌خنه‌ی ڕۆمانیش هه‌بێ، هه‌ندێ هه‌وڵ له‌مباره‌یه‌وه هه‌ن، به‌ڵام ده‌بێ هێشتا ئه‌م هه‌وڵانه زیاتر بن و ڕه‌خنه‌گر بگاته ئاستێك هه‌م بتوانێ یارمه‌تی خوێنه‌ر بدات بۆ خوێندنه‌وه‌ی ده‌ق و لێك جیاكردنه‌وه‌ی ده‌قی باش و خراپ، هه‌م یارمه‌تی نووسه‌ر بدات، به‌وه‌ی كه‌موكوڕییه‌كانی ده‌قه‌كه‌ی بۆ به‌دیار بخات و نووسه‌ره‌كه له ده‌قه‌كانی دواتر سوودیان لێ وه‌ربگرێ.
به بڕوای تۆ رۆماننووسی كورد له‌ڕووی تیۆرییه‌وه تا چه‌ند له هونه‌ری رۆمان و ته‌كنیكه‌كانی نووسینی ڕۆمان ئاگاداره؟
ڕۆماننووس ده‌بێ باكگراوندێكی زۆر باشی رۆشنبیریی هه‌بێ و بزانێ ڕۆماننووسین چۆنه، به‌ڵام ئه‌مه نابێ وای لێ بكات له قاڵبی بدات، با ئه‌م قسه‌یه‌م ڕوونتر بكه‌مه‌وه. ڕۆماننووس كه بیرۆكه‌ی ڕۆمانێكی له خه‌یاڵدایه، ده‌ینووسێ و بۆ خوێنه‌ر و به‌تایبه‌تیش بۆ ڕه‌خنه‌گری جێدێڵێ كه ئه‌م ڕۆمانه به چ شێوازێك و به چ ته‌كنیكێك نووسراوه و له چ ئاستێكدایه. هه‌ندێ جار هه‌ست ده‌كه‌م هه‌ندێ له ڕۆماننووسانی كورد خۆیان نیه‌تێكیان خستووه‌ته دڵیان و گوتوویانه به‌م شێوازه، یان به‌م ته‌كنیكه ڕۆمانه‌كه‌مان ده‌نووسین، به‌ڵام به‌هۆی ئه‌وه‌ی بیرۆكه‌ی ڕۆمانه‌كه له‌گه‌ڵ ته‌كنیكه‌كه گونجاو نه‌بووه، له ڕۆمانه‌كه‌دا جۆرێك له تێكه‌ڵی دروست بووه، ڕۆمان هه‌یه به‌هۆی بابه‌ته‌كه‌ی زۆر سه‌رنجڕاكێش نییه، به‌ڵام ته‌كنیكی گێڕانه‌وه‌كه سه‌رنجڕاكێشی كردووه، به‌ڵام ڕۆمانیش هه‌یه بیرۆكه‌كه‌ی گرنگه و سه‌رنجڕاكێشه و ته‌كنیكه‌كه‌ی ساده‌یه، بۆ نموونه ڕۆمانێك كه باسی ژیاننامه‌ی كه‌سایه‌تییه‌كی مێژوویی ده‌كات، ئه‌وه‌نده پێویستی به ته‌كنیكی ئاڵۆز نییه، بارته‌قای ئه‌وه‌ی پێویستی به‌وه‌یه تا چه‌ند ڕۆماننووس ده‌توانێ بیروباوه‌ڕ و ژیان و به‌رهه‌مه‌كانی كه‌سایه‌تییه‌كه له ڕۆمانه‌كه‌دا ته‌وزیف بكات، بۆیه گرنگه ڕۆماننووس ئاگاداری ئه‌م خاڵانه بێت كه له هه‌ندێ ڕۆمانی كوردی له‌م ڕووه‌وه هه‌ست به جۆرێك له بێئاگایی و كه‌موكوڕی ده‌كرێ، به‌ڵام بێگومان كاری باشیش زۆرن.
تا چه‌ند له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی رۆمانی كوردی به رۆمانی بیانی به‌راورد بكرێت و قۆناغبه‌ندی بۆ بكرێت؟
جا بۆ به‌راورد بكرێت؟ ڕاسته ڕۆمان له ئه‌ده‌بیاتی كوردی به به‌راورد به ڕۆمان له ئه‌ده‌بیاتی دنیا، مێژوویه‌كی دووری نییه، به‌ڵام پێویسته ئێمه له چوارچێوه‌ی مێژووی ئه‌ده‌بیاتی خۆمانه‌وه ته‌ماشای مێژووی ڕۆمان بكه‌ین، نه‌ك له‌ڕووی ئه‌ده‌بیاتی دنیا، له‌چاو ئه‌و مێژووه‌ی ئێمه هه‌مانه، ئێسته ڕۆمان و ڕۆماننووسی باش له‌ناو كورددا هه‌ن، هه‌ندێ گه‌نجیش هه‌ن خه‌ریكی ڕۆماننووسینن، كاری جوانیان هه‌یه و ئاگاداری جۆر و شێوازه‌كانی ڕۆماننووسینن و چاوه‌ڕێی كاری جوانیان لێ ده‌كرێ.
چه‌ند ساڵێك له‌مه‌وبه‌ر رۆماننووسێكی كورد گوتی، هه‌موو كورد به‌قه‌د نه‌جیب مه‌حفووز رۆمانی نییه، ره‌نگه ئه‌وكات ئه‌م رۆماننووسه پاساوی خۆی هه‌بووبێت، به‌ڵام بۆ ئێسته ئه‌م قسه‌یه تا چه‌ند راسته، ئایا ده‌توانین بڵێین كورد رۆمانی خۆی هه‌یه و له نووسینی رۆمان تایبه‌تمه‌ندیی خۆی هه‌یه؟
ئه‌گه‌ر له‌ڕووی ژماره‌وه وا بڵێین، ئه‌م قسه‌یه بۆ قۆناغی پێش ڕاپه‌ڕینی 1991ی خه‌ڵكی كوردستان دروسته، چونكه له سه‌ره‌تاوه تا ڕاپه‌ڕین، به هه‌موو نووسه‌رانی كورد خاوه‌نی ته‌نیا 46 ڕۆمانن، له كاتێكدا ته‌نیا نه‌جیب مه‌حفووز زیاتر له 50 به‌رهه‌می هه‌یه، ئه‌گه‌ر بڵێین خه‌تای ئه‌وه‌یه مێژووی ڕۆمان لای ئێمه نوێیه، ئه‌مه نابێته پاساو، چونكه له دنیای عه‌ره‌بیشدا ڕۆمان مێژوویه‌كی دوورودرێژی نییه.
ڕۆمانی "ئاقیبه‌ت خێر"ی "زه‌ینه‌ب فه‌واز (1899)" به یه‌كه‌مین ڕۆمانی عه‌ره‌بی داده‌نرێ، ڕۆمانی كوردیش له "ئه‌حمه‌د موختار جاف" و "مه‌سه‌له‌ی ویژدان"ـه‌وه ده‌ست پێ ده‌كات كه له نێوان ساڵانی (1927-1928) نووسراون، كه‌واته عه‌ره‌ب كه‌متر له سێ ده‌یه به‌ر له كورد ده‌ستیان به ڕۆماننووسین كردووه، ئه‌مه‌ش بۆ بواری ئه‌ده‌بیات زۆر نییه، بۆیه له‌م ڕووه‌وه نووسه‌رانی عه‌ره‌ب له نووسه‌رانی كورد چوست و چالاكتر بوونه، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا له دوای ڕاپه‌ڕینه‌وه و به‌تایبه‌تیش له دوای دوو هه‌زاره‌كانه‌وه، هه‌وڵێكی زۆر و باشی ڕۆماننووسین هه‌یه و ئه‌م هه‌وڵه‌ش به‌رده‌وامه.
ئه‌ركی له چاپدانی ئه‌م كتێبه "هونه‌رى رۆمان" له ئه‌ستۆی كامه ده‌زگه بووه؟
ئه‌م كتێبه به سوپاسه‌وه له‌لایه‌ن "نووسینگه‌ی ته‌فسیر بۆ چاپ و بڵاوكردنه‌وه" به چاپ و كوالێتییه‌كی به‌رز چاپ كراوه، ده‌مه‌وێ لێره‌شه‌وه سوپاسی هاوڕێیانم له ته‌فسیر بكه‌م، به‌تایبه‌تی عومه‌ر كۆیی كه زۆر به دیزاینی كتێبه‌كه‌وه ماندوو بوو، هه‌روه‌ها سوپاسی كاك محه‌مه‌د موخڵیس به‌ڕێوه‌به‌ری چاپ له نووسینگه‌ی ته‌فسیر ده‌كه‌م كه به‌چاپكردنی كتێبه‌كه‌وه زۆر ماندوو بوو.