هاندەرانی یانەی هەولێر دەتوانن بە vip سەیری یارییەكان بكەن

:: AM:10:55:18/09/2018 ‌

یانەی هەولێر ئاشكرای كرد، بۆ یارییەكەی شەمووی داهاتوو بەرامبەر یانەی تەڵەبە لە خولی نایابی عێراق پلیتی vip دەفرۆشێ و بۆ هەر هاندەرێكیش بیەوێ لەم شوێنەوە سەیری یارییەكە بكات دەبێت 25 هەزار دیناری عێراقی بدات.

ماڵپەڕی یانەی هەولێر لە ئاگادارییەكدا بڵاوی كردەوە: بۆ ئەو کەسانەی کە ئارەزوویان ھەیە سەیری یارییەکانی یانەی ھەولێر بکەن لە یاریگەی شەھید فرانسۆ ھەریری لە شوێنی (vvip) دەتوانن لە رۆژی سێشەمە سەعات (٥:٣٠)ی ئێوارە سەردانی یانەکەمان بکەن بۆ گرتنی شوێنی تایبەت بەخۆیان.

یانەكە نرخی هەر پلیتێكی بینینی یارییەكەشی لە شوێنی vip بە (25000)ھەزار دینارە دیاری كرد و جەختیشی كردەوە كە  ئەوەی خاوەن ئەم بلیتە نەبێت رێگە نادرێت بچێتە شوێنی (vvip).

لەبەرامبەریشدا بەشێك لە هاندەرانی یانەی هەولێر لەسەر تۆڕەكانی كۆمەڵایەتی رەخنەیان لەم بڕیارەی دەستەی كارگێڕی یانەكەیان گرتبوو و داوایان كردبوو وەك پاڵپشتییەك بۆ یانەكە نرخ لەسەر پلیتی یارییەكان لاببەن، جەختیشیان كردبووەوە كە بەهۆی خراپی باری دارایی خەڵك كاتی ئەوە نییە ئەمساڵ بیر لە قازانجی ماددی بكەنەوە بەڵكو پێویستە بیر لە قازانجی مەعنەوی بكەنەوە كە ئامادەبوونی هاندەران لەنێو یاریگە بە یاریزانی ژمارە 12 بۆ هەموو یانەیەك هەژمار دەكرێ.

یانەی هەولێر رۆژی شەمووی داهاتوو لە دووەم یاریی وەرزی نوێی خولی نایابی عێراقدا یارییەی قورسی بەرامبەر یانەی تەڵەبە لەنێو یاریگەی فڕەنسۆ هەریری هەیە.

یانەكە ئێستا خاوەن تەنیا خاڵێكە دوای ئەوەی رۆژی هەینی رابردوو لە یەكەم یاریی خولەكدا لەنێو یاریگەی سەناعە لە شاری بەغدا بە ئەنجامی 2-2 گۆڵ لەگەڵ یانەی نەفت یەكسان بوو.




وشە - ئامانج ئه‌كره‌م