سەركۆمار چۆن هەڵدەبژێردرێ و دەسەڵاتەكانی چین؟

:: AM:11:25:18/09/2018 ‌
سەرۆكایەتی پەرلەمان دەرگای پاڵاوتنی بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار كردەوە كە بەگوێرەی عورفی دابەشكردنی پۆستە باڵاكان بێت، لە نێوان هەرسێ پێكهاتە سەرەكییەكەی عێراق، پۆستەكە پشكی كوردە. پارتی و یەكێتی هێشتا رێككەوتنی كۆتایییان لەسەر ئەو پۆستە نەكردووە و هەردوولا پێداگرن لەوەی شایستەی هەڵبژاردنیانە.

دەرگای پاڵاوتن كرایەوە
پەرلەمانی عێراق بە پشتبەستن بە مادەی "2 و 3"ی یاسای ژمارە "8"ی ساڵی 2012ی پێوەندار بە كردنەوەی دەرگای خۆپاڵاوتن بۆ پۆستی سەرۆك كۆماری، دەرگای خۆپاڵاوتنی بۆ ئەو پۆستە كردەوە و رای گەیاند، رۆژانی 18 و 19 و 23ی ئەیلوولی 2018، ماوەی دەستنیشان كراوە بۆ ئەوانەی خۆیان بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار كاندید دەكەن.

لە بەیاننامەیەكدا سەرۆكایەتی پەرلەمان داوا لە هەموو ئەو كەسانە دەكات كە دەیانەوێ خۆیان كاندید بكەن بۆ ئەو پۆستە، ئەوا دەبێت مەرجەكانی خۆپاڵاوتنیان بەگوێرەی دەستوور تێدا بێت و لە نووسراوی فەرمی سیڤی خۆیان بۆ فەرمانگەی یاسایی سەرۆكایەتی پەرلەمان رەوانە بكەن.

پەرلەمانی عێراق لە بەیاننامەكەیدا دەڵێ، بە پشتبەستن بە مادەی یەكی یاسای سەرۆكایەتی كۆمار، دەبێت ئەو كەسەی خۆی بۆ ئەو پۆستە كاندید دەكات ئەو مەرجانەی تێدا بێت، یەكەم/ لە دایك و باوكێكی عێراقی لە دایك بووبێت. دووەم/ تەواوی توانست و شیاوی هەبێت و تەمەنی 40 ساڵی تەواو كردبێت و بڕوانامەی زانكۆیی هەبێت و لەلایەن وەزارەتی خوێندنی باڵای عێراقی ددان پێدانراو بێت. سێیەم/ خاوەنی ناوبانگێكی پاك و شارەزای سیاسی بێت و كەسێكی دەستپاك و دادگەر و بە ئەمەك بێت بۆ نیشتمان. چوارەم/ بەهیچ تاوانێك پێوەند بە شەرەف تاوانبار نەكرابێت. شەشەم/ لەو كەسانە نەبێت كە یاسای رێوشوێنی لێپرسینەوە و دادگەری یان هەر رێوشوێنێكی تر بیگرێتەوە.

هەر لە بەیاننامەكەدا سەرۆكایەتی پەرلەمان، دووی تشرینی یەكەم/ ئۆكتۆبەر بەگوێرەی بڕگەی "ب"ی خاڵی دووەمی مادەی 72ی دەستوور، وەك دوا وادە دەستنیشان كردووە بۆ هەڵبژاردنی سەرۆك كۆماری عێراق.

بەیاننامەكەی سەرۆكایەتی پەرلەمان لە دیوە یاسایییەكەی لە جێی خۆیدایە، بەڵام لەدیوە سیاسییەكەی عێراق زۆر لە بەرپرسان بە "گرنگی" نابینن، بەوەی بەگوێرەی دابەشكاری پۆستە باڵاكانی عێراق بێت، ئەوا ئەو پۆستە بەر كورد دەكەوێت.

محەمەد قەیسی پەرلەمانتار لە هاوپەیمانی قەرار پێی وایە، بەیاننامەكەی سەرۆكایەتی پەرلەمان دیوە میدیاییەكەیەتی بەوەی ئەو پۆستە بەشی كوردە و كەس ناتوانێ دەستدرێژی بكاتە سەر، تەنانەت ئەگەر كەسانی تریش خۆیان كاندید بكەن ئەوا دەنگ ناهێنن، چونكە ئەو پۆستانە بە رێككەوتنی سیاسی یەكلا بوونەتەوە.

هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار لەناو هۆڵی پەرلەمان بەگوێرەی یاسا پێویستی بە دەنگی دوو لەسەر سێی ئەندامانی پەرلەمان هەیە، واتە لە كۆی 329 ئەندامی پەرلەمان دەبێت 219 ئەندام دەنگ بەو كەسە بدەن كە خۆی كاندید دەكات بۆ وەرگرتنی ئەو پۆستە.

هەر لە دوای 2005ەوە پۆستی سەرۆك كۆمار بە دەست كوردەوە بووە، لە ناو حزبە كوردستانییەكانیش لای یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بووە كە لە خولەكانی 2005 بۆ 2009، 2010 بۆ 2014 لای مام جەلال بووە، بەڵام بەهۆی ئەو جەڵتەیەی لێی دا ماوەی دوو ساڵ پۆستەكە بەتاڵ بوو، لە خولی 2014 بۆ 2018 فوئاد مەعسووم لە پشكی كورد بووە سەرۆك كۆمار.

پارتی و یەكێتی رێك نەكەوتوون
دوای هەڵبژاردنی 12ی ئایار، بەهۆی گۆڕانكارییە ناوخۆیییەكانی كوردستان و عێراق، مشتومڕی زۆر لە نێوان پارتی و یەكێتی هەیە لەسەر پۆستی سەرۆك كۆمار، تا دوا كۆبوونەوەیان لە ئێوارەی رۆژی یەكشەم 16ی ئەیلوول، ئەو دوو حزبە نەگەیشتوونە رێككەوتن لەسەر دەستنیشانكردنی كاندیدێك.

مەحموود محەمەد گوتەبێژ و ئەندامی مەكتەبی سیاسیی پارتی دەڵێ، بەپێی شایستەی هەڵبژاردن بێت ئەو پۆستە پشكی پارتییە، پارتیش دەستبەرداری نابێت و كاندیدی دەبێت.

بەگوێرەی راپۆرتە میدیایییەكان بێت، هەریەك لە فازڵ میرانی سكرتێری مەكتەبی سیاسی و هۆشیار زێباری ئەندامی مەكتەبی سیاسی پارتی، ناویان وەك كاندید دێت بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق.

لای خۆیەوە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان پێی وایە ئەو پۆستە شایستەی ئەوە و پێداگرە لەسەر وەرگرتنەوەی، بەڵام تا ئێستە ئەو حزبە لەسەر دەستنیشانكردنی كاندیدێك لەناو خۆیدا رێك نەكەوتووە.

چاوەڕوان دەكرێت سبەی مەكتەبی سیاسیی یەكێتی جارێكی تر لەسەر دەستنیشانكردنی كاندیدێك رێككەوتن بكات، بەڵام فەرید ئەسەسەرد ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی دەڵێ، ئەگەر لەگەڵ پارتی بگەن بە رێككەوتن یان نا، ئەوا یەكێتی كاندیدی بۆ ئەو پۆستە هەر دەبێت.

لەناو یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، ناوی هەریەك لە محەمەد سابیر كاندیدی ئەنجوومەنی ناوەند، لەتیف رەشید، مەلا بەختیار و فوئاد مەعسووم باس دەكرێت وەك كاندیدانی حزب، هاوكات هێشتا ناوی بەرهەم ساڵح سەركردەی هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی لەناو  ناواندا باس دەكرێت و دەنگۆی گەڕانەوەی بۆ ناو یەكێتی و بوونی بە كاندید بۆ ئەو پۆستە كۆتایی نەهاتووە.

لە راپۆرتێكی پێشتری "وشە" فەرید ئەسەسەرد باسی لەوە كرد كە لەتیف رەشید لە هەموو بارێكدا خۆی كاندید دەكات جا چ بكرێت بە كاندیدی فەرمی یەكێتی یانیش وەك كەسایەتییەك لە دەرەوەی حزب خۆی كاندید دەكات.

دەسەڵاتەكانی سەرۆك كۆمار
بەگوێرەی دەستوور، سەرۆك كۆمار وەك سیمبۆلی دەوڵەت لێی دەڕوانرێت، ئەو كەسەی دەبێتە سەرۆك كۆمار بۆی هەیە یەك خولی تریش ئەو پۆستە وەربگرێتەوە، واتە بۆی نییە لە دوو خول زیاتر سەرۆك كۆمار بێت.

لە مادەی 71ی دەستووری عێراقدا لە باسی دەسەڵاتەكانی سەرۆك كۆمار هاتووە، یەكەم/ بۆی هەیە بڕیاری لێبوردنی تایبەت لەسەر داوای سەرۆك وەزیران دەربكات بەو مەرجەی ئەو كەسەی بڕیارەكەی بۆ دەردەچێت تاوانبار نەكرابێت بە مافی گشتی یان تاوانی نێودەوڵەتی ئەنجام نەدابێت. دووەم/ پەسندكردنی پەیماننامە و رێككەوتنە نێودەوڵەتییەكان دوای رەزامەندی پەرلەمان. سێیەم/ یاسا دەركراوەكانی پەرلەمان پەسند دەكات بە مەبەستی جێبەجێكردنی. چوارەم/ دەسەڵاتی هەیە بانگهێشتی پەرلەمانی هەڵبژێردراو بكات بۆ كۆبوونەوە. پێنجەم/ پێدانی مەدالیای رێزگرتن لەسەر راسپاردەی سەرۆك وەزیران و بەگوێرەی یاسا. شەشەم/ قبووڵكردنی باڵوێزی وڵاتان. حەوتەم/ دەركردنی مەرسوومی كۆماری. هەشتەم/ پەسندكردنی بڕیاری لە سێدارەدان كە دادگاكانی پێوەندار دەری دەكەن. نۆیەم/ سەرۆك كۆمار ئەركی سەركردایەتی باڵای هێزی چەكدار وەردەگرێت بۆ مەبەستی تەشریفاتی و بۆنەكان. دەسەڵاتی بەسەر ئەو هێزە نییە، بەڵام بۆی هەیە داوای روونكردنەوە لە بارەی دۆخی ئەو هێزە بكات. دەیەم/ بۆی هەیە هەموو ئەو دەسەڵاتانەی لە دەستووردا بۆی دەستنیشان كراوە پێڕەوی لێ بكات. یانزە/ سەرۆك كۆمار كاندیدی لیستی گەورەی پەرلەمانی رادەسپێرێت بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكوومەت لە ماوەی 15 رۆژ. دوانزە/ سەرۆك كۆمار جێی سەرۆك وەزیران دەگرێتەوە بەو كاتەی ئەو پۆستە بەتاڵ بێت بەهەر هۆكارێكەوە بێت. سیانزە/ بەگوێرەی مادەی 123ی دەستوور، سەرۆك كۆمار و ئەنجوومەنی وەزیران بەیەكەوە بۆیان هەیە پێشنیاری هەمواركردنەوەی دەستوور پێشكەش بكەن. چواردە/ بۆی هەیە داوا لە پەرلەمان بكات بۆ دانیشتنی نائاسایی لەسەر یەك بابەتی دیاریكراو. پانزە/ پێشكەشكردنی پڕۆژە یاسا. شانزە/ پێشكەشكردنی داوای دەست لەكاركێشانەوە لە سەرۆك وەزیران بۆ پەرلەمان. حەڤدە/ سەرۆك كۆمار سیمبۆلی پاراستنی یەكێتی خاكی عێراقە و نمایندەی سەروەری وڵات دەكات، دەبێت پابەند بێت بە دەستوور و كار بۆ پاراستنی سەربەخۆیی سەروەری و یەكێتی و سەلامەتی خاكی عێراق بكات.



وشە - فه‌رمان سادق