عێراق.. دوای ساڵانێك حزبی دەعوە دەستبەرداری دەسەڵات دەبێت؟


ساڵانێكە حزبی دەعوەی ئیسلامی لە عێراق فەرمانڕەوایی ناو ماڵی شیعە و عێراق دەكات، ئەو سەرچاوەی هێزی خۆی لە خەباتی دوورودرێژ و محەمەد باقر سەدری دامەزرێنەر و پاڵپشتی لەلایەن ئێرانەوە وەردەگرت و فەرمانڕەوایی عێراقی كرد، بەڵام هەر ئەو ساڵانەی فەرمانڕەواییە و شكستی سەرانی لە كۆنترۆڵكردنی حزبەكە و تەشەنەكردنی گەندەڵی و دروستبوونی ركابەر لە لایەنگری بۆ ئێران، وای كرد كە دەسەڵاتیان لەدەست دەرچێت، بەڵام چارەنووسی پارتەكە چی دەبێت؟.

حزبی دەعوەی ئیسلامی لە عێراق یەكێكە لە پارتە سەرەكییەكانی شیعە لە عێراق، لە 1957 ئەندامانی دامەزرێنەری پارتەكە كۆبوونەوە و یەكەم كۆمەڵەی دامەزرێنەری پارتەكەیان لە دەستەیەكی 18 كەسی دامەزراند و محەمەد باقر سەدر رۆڵی سەرەكی هەبوو لە لیژنەی سەركردایەتی پارتەكە.

حزبی دەعوە لە ساڵانی حەفتاكانی سەتەی رابردوو دیار كەوت و هەڵمەتێكی چەكداری لە دژی حكوومەتی عێراق و حزبی بەعس دەست پێ كرد و بەو هۆیەوە ژمارەیەكی زۆری قوربانی كەوتنەوە، دوای سەركەوتنی شۆڕشی ئیسلامی لە ئێران بە سەرۆكایەتی خومەینی، حزبی دەعوە پێوەندی باشی لەگەڵ دروست كرد، ئەگەرچی تاكە خاڵی ناكۆكی نێوانیان بریتی بوو لەوەی خومەینی باوەڕی بە ویلایەتی فەقێكان هەبوو، واتە لە سیاسەتی دەوڵەت بڕیار بە دەستی زانایانی ئاینییە، لەو كاتەی حزبی دەعوە باوەڕی وا بوو كە دەسەڵات پێویستە بە دەستی نەتەوە بێ. 

لە 1969 هەڵمەتەكانی بەعس بۆ سەر حزبی دەعوە دەستی پێ كرد و ئەوانیش چەندان خۆپێشاندانیان ساز كرد، بۆیە لە 1974 حزبی بەعس كۆمەڵێك لە سەرانی ئەو حزبەی لەسێدارە دا و لە 1975 رێوڕەسمی رێپێوانی شیعەی لە نەجەفەوە بەرەو كەربەلا قەدەغە كرد و لە 1977 رووبەڕووبوونەوە لە نێوانیان رووی دا و لە 1980 لە دوای پاڵپشتی حزبی دەعوە بۆ شۆڕشی ئێران، بەعس بڕیاری لەسێدارەدانی هەر كەسێكی دەركرد كە پێوەندی بە حزبی دەعوەوە هەبێت و لە پێشەوەیان محەمەد باقڕ سەدر و خوشكەكەی لەو ساڵە لەسێدارە دران.  

لە دوای رووخانی رژێمی سەدام حوسێن لە 2003 حزبی دەعوە بەشداری كارای لە پرۆسەی سیاسی لە عێراق كرد و توانی بە درێژایی ساڵانی رابردوو كۆنترۆڵی بڕیار لە ناو ماڵی شیعە بكات و سەرۆك وەزیرانی عێراق بە درێژایی ماوەی رابردوو بەدەستی ئەوانەوە بوو هەر لە ئیبراهیم جەعفەرییەوە تا نووری مالیكی و حەیدەر عەبادی.

لە 2003 ئیبراهیم جەعفەری، سەرۆكایەتی یەكەم مانگی ئەنجوومەنی فەرمانڕەوایی لە عێراق وەرگرت كە پۆل بریمەر دایمەزراند و لە 12 كەسایەتی پێك هاتبوو، دوای ئەوە حزبی دەعوە بەشداری لە هەڵبژاردنەكانی عێراق كرد و ئیبراهیم جەعفەری بووە سەرۆكی حكوومەتی گوێزەرەوە بۆ ماوەی ساڵێك، دوای هەڵبژاردنی گشتیش جەعفەری دووبارە وەك سەرۆك وەزیرانی هەڵبژێردرایەوە، بەڵام كورد و سوننە رەتیان كردەوە و نووری مالیكی لە شوێنی ئەو بووە سەرۆك وەزیران.

لە 2007 نووری مالیكی بووە ئەمینداری گشتیی حزبی دەعوە و تا ئێستەیش هەر ئەو پۆستەی هەیە، بەڵام لە كۆتایی قۆناغەكانی فەرمانڕەوایی مالیكیدا، حەیدەر عەبادی دیار كەوت و لە 2014 بووە سەرۆك وەزیران دوای رەتكردنەوەی خۆكاندیكردنەوەی مالیكی بۆ پۆستەكە.  

بەم دواییە عەلی سیستانی مەرجەعی باڵای نەجەف لە بەیاننامەیەكدا لەبارەی دیاریكردنی سەرۆك وەزیرانی نوێی عێراق هەڵوێستێكی توند و راشكاوانەی راگەیاند بەوەی نابێت ئەوانەی ساڵانێكە فەرمانڕەوایی دەكەن خۆیان كاندید بكەنەوە، بەتایبەتی نووری مالیكی و حەیدەر عەبادی و هادی عامری و تاریق نەجم و فالح فەیاز كە زۆرینەیان سەركردەی حزبی دەعوەن.

لە بەرانبەر راگەیاندنەكەی سیستانی حزبی دەعوە لە بەیاننامەیەك رای گەیاند كە هەر لە سەرەتای دروستبوونی پرۆسەی سیاسی لە عێراق حزبی دەعوە تاكڕەوانە بڕیاری نەداوە و هەمووانی بەشدار كردووە، بۆیە بە تەنیا بەرپرسیارەتی سەركەوتن و شكستەكان لە بەڕێوەبردنی دەوڵەت ناگرێتە ئەستۆ و هەر بڕیارێك لە دەرەوەی یاسا و دەستوور رەت دەكەینەوە و داوای پێكهێنانی حكوومەتێك دوور لە بەشبەشێنە و بەرژەوەندی تایبەت دەكەین. 

محەمەد حەسەن ساعیدی، نووسەری عێراقی لەو بارەوە لە وتارێكی بەناونیشانی "ئاخۆ حزبی دەعوە مردنی كلینیكی خۆی رادەگیەنێت؟" دەڵێت، لەوەتەی هاتنی حزبی دەعوە بۆ دەسەڵات لە عێراق و بوونی ئیبراهیم جەعفەری بە سەرۆك وەزیران، عێراق گۆڕانكاری ئاڵۆزی سیاسی بەخۆیەوە بینی، چونكە كەسایەتییەكانی ئەو حزبە كە فەرمانڕەوایی عێراقیان كرد، راستە لە ئۆپۆزسیۆن بوون، بەڵام تەنیا لە راگەیاندنەكان بوونیان هەبوو نەوەك لایەنی سیاسی و جیهادی، واتە سەرانی حزبەكە دوای رووخانی سەدام تەنیا دەیانویست بەشداری لە حكوومەت بكەن بەهەر پۆستێك بێت، لەو كاتەی سودفە ئەوانی گەیاندە باڵاترین پۆست و دەسەڵات لە عێراق.

زیاتر گوتی، دوای زنجیرەیەك فەشەلهێنان كە عێراق پێیدا تێپەڕ بوو لەگەڵ وەرگرتنی دەسەڵات لەلایەن ئیبراهیم جەعفەرییەوە، چەندان گورزی كاریگەر بەر عێراق كەوتن لەوانە دەركەوتنی رێكخراوی قاعیدە و گرووپەكەی ئەبوموسعەب زەرقاوی و دروستبوونی جەنگی تایفی و رێكخراوی داعش و كەوتنی مووسڵ و پارێزگاكانی رۆژئاوا بەدەستیانەوە و بوونی چەندان دۆسیەی گەندەڵی، هەموو ئەوانە چەندان پرسیاریان لەبارەی فەرمانڕەوایی حزبی دەعوە لە عێراق دروست كرد.

بۆیە دوای ئەو شكستە گەورەی حزبی دەعوە بۆ فەرمانڕەواییكردنی عێراق، تا ئێستەیش دۆسیەكانی گەندەڵی بەدوایانەوەیە و ئەوان هەوڵی پارێزگاریكردن لە رابردوو و دەستكەوتەكانیان دەدەن، هەر ئەوەیش وای كرد كە مەرجەعیەتی باڵا شاندێكی فەرمی رەوانەی لای هێزە سیاسییەكان بكات بۆ رەتكردنەوەی ئەو كەسایەتییانەی پێشتر فەرمانڕەوایی عێراقیان كردووە بۆ وەرگرتنی پۆستی باڵا لە حكوومەتی داهاتوو.

بەو شێوەیە سەرانی حزبی دەعوە كە هەوڵی وەرگرتنی پۆستی سەرۆك وەزیرانیان لێ داخرا، ئێستە هەوڵی بەشداریكردن لە حكوومەت دەدەن لە چەند پۆستێكی باڵای وەك جێگری سەرۆك كۆمار و وەزارەت و دەستەكانەوە، یان بەشداری نەكردن لە پێكهێنانی حكوومەت كە ئەوەیش دەرگای راوەدوونانی بەرپرسانیان بە دزی و گەندەڵی لێ واڵا دەكات، كە هەر ئەوەیشە نەیارانی حزبی دەعوە هەوڵی بۆ دەدەن كە ئێستە لە پێشەوەی براوەی هەڵبژاردنن، بۆیە ئێستە حزبی دەعوە لەژێر چەكوشی راوەدوونانی یاساییە و ئاخۆ بەمنزیكانە كۆتایی قۆناغێك لە قۆناغەكانی مێژووی عێراق و راگەیاندنی مردنی كلینیكیانەی حزبی دەعوە دەبین؟.      



     



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل


PM:07:18:18/09/2018




ئه‌م بابه‌ته 348 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌