سلێمانی.. ژنان كەمترین ڕووداوی هاتوچۆ دەكەن

:: PM:11:25:18/09/2018 ‌

ساڵانە ژنان زیاتر مۆڵەتی شۆفێری بە دەست دێنن، بەڵام كەمترین ڕووداوی هاتوچۆیش لەلایەن ئەوانەوە تۆمار دەكرێت و گوتەبێژی هاتوچۆی پارێزگای سلێمانیش هۆكاری كەمی ڕوداوی شوفێری ژن بۆ چەندین هۆكار دەگەڕێنێتەوە.

بە پێی ئاماری بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆی پارێزگای سلێمانی تەنیا لە شەش مانگی سەرەتای ئەمساڵدا هەشت هەزار و ٥٢٥ مۆڵەتی شۆفێری دەركراوە و ژنانیش بە ڕێژەی هەزار و ٢٦٤ مۆڵەتیان لە هەردوو جۆری ( گێڕ ئۆتۆماتیك و عادی) وەرگرتووە و پیاوانیش حەوت هەزار و ٢٦١ مۆڵەتیان وەرگرتووە. 

زیاتر گوتی، هەروەها لەو شەش مانگەدا ٥١٣ ڕووداوی هاتوچۆ لە سنووری پارێزگای سلێمانی ڕووی داوە كە زۆرینەی ڕووداوەكان لەلایەن پیاوانی شۆفێرەوە تۆمار كراوە، ئەمەیش دەگەڕێتەوە بۆئەوەی كە پیاوان زیاتر لە دەرەوەی شار شۆفێری دەكەن یان پیاوانن كە ماتۆڕسكیلیان هەیە و تیژڕەوترن.

كاروان محەمەد سدیق، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆی پارێزگای سلێمانی بۆ " وشە" گوتی، ژنان كەمتر ڕووداوی هاتوچۆ دەكەن و هۆكاری كەمی ڕووداوەكانی هاتووچۆ لەلایەن ژنانەوە دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی كە ژنان كەمتر لە دەرەوەی شار شۆفێری دەكەن و لە شۆفێریدا ئارامتر و تیژڕەو نین و ژنان ماتۆڕسكیل لێناخوڕن كە زۆربەی ڕووداوەكان لەلایەن ماتۆڕسكیلەوە دروست دەبێت، هەروەها پیاوان شۆفێری پاس و تەكسی دەكەن و ژنان بە ڕێژەیەكی زۆر كەم شۆفێری بۆ ئەو جۆرە ئۆتۆمبێلانانە دەكەن، هەروەها شۆفێری ئۆتۆمبێلی فەرمانگەكان كە پیاوانن.

بەیان محەمەد، شۆفێرێكی ئۆتۆمبێلی تایبەتە و ماوەی ١٠ ساڵە شۆفێرە لە شاری سلێمانی بۆ "وشە" دەڵێت، لە كاتی شۆفێریدا زۆر بە هێمنی شۆفێری دەكەم و هیچ تیژڕەوییەكم نەكردووە لە ماوەی ئەو ١٠ ساڵەدا تەنیا جارێك تووشی ڕووداوی هاتوچۆ بووم كە ئەویش لەلایەن ئۆتۆمبێلی بەرامبەرەوە ڕووی دا و خەتا لای منەوە نەبووە.

بەیان داوا لە شۆفێرە پیاوەكان دەكات كە ڕێز لە ژنانی شۆفێر بگرن  و دەڵێت، زۆرجار كاتێك شۆفێرانی پیاو ئێمە دەبینن كە شۆفێری دەكەین، ئەوا هۆڕنمان بۆ لێدەدەن یان سوكانەكانیان بەسەرماندا دەشكێننەوە یان تیژڕەوی دەكەن، دەیانەوێت سەرمان لێبشێوێت، من دەپرسم كە ئەگەر بەهۆی ئەوەوە ڕووداوێك ڕوو بدات و خەڵكی تێدا گیان لەدەست بدات یاخود بریندار ببێت، یاخود ئۆتۆمبێلەكان زیانی مادیان پێبگات ئەوا چ سودێكیان پێدەگات.

سلێمانی / لۆڤە محەمەد







وشە - مه‌حموود ئیسماعیل