یانەی هەولێر لەسەر ناڕەزاییەكانی فرۆشتنی پلیتی vip روونكردنەوەیەكی بڵاو كردەوە

:: AM:08:58:19/09/2018 ‌

یانەی هەولێر دوای ئەو ناڕەزاییانەی سەبارەت بە فرۆشتنی پلیتی vip یاریگەی فڕەنسۆ هەریری بڵاو بوونەوە، بەفەرمی روونكردنەوەیەكی بڵاو كردەوە.

دوێنێ سێشەم ماڵپەڕی یانەی هەولێر لە ئاگادارییەكدا بڵاوی كردەوە: بۆ ئەو کەسانەی کە ئارەزوویان ھەیە سەیری یارییەکانی یانەی ھەولێر بکەن لە یاریگەی شەھید فرانسۆ ھەریری لە شوێنی (vip) دەتوانن لە رۆژی سێشەمە سەعات (٥:٣٠)ی ئێوارە سەردانی یانەکەمان بکەن بۆ گرتنی شوێنی تایبەت بەخۆیان.

یانەكە نرخی هەر پلیتێكی بینینی یارییەكەشی لە شوێنی vip بە (25000)ھەزار دینارە دیاری كرد و جەختیشی كردەوە كە  ئەوەی خاوەن ئەم بلیتە نەبێت رێگە نادرێت بچێتە شوێنی (vvip).

ئەمە بووە هۆی ئەوەی هاندەرانی یانەی هەولێر لەسەر تۆڕەكانی كۆمەڵایەتی رەخنە لەم بڕیارەی دەستەی كارگێڕی یانەكە بگرن و داوایان كرد وەك پاڵپشتییەك بۆ یانەكە نرخ لەسەر پلیتی یارییەكان لاببەن، جەختیشیان كردبووەوە كە بەهۆی خراپی باری دارایی خەڵك كاتی ئەوە نییە ئەمساڵ بیر لە قازانجی ماددی بكەنەوە بەڵكو پێویستە بیر لە قازانجی مەعنەوی بكەنەوە كە ئامادەبوونی هاندەران لەنێو یاریگە بە یاریزانی ژمارە 12 بۆ هەموو یانەیەك هەژمار دەكرێ.

لەبەرامبەر ئەم ناڕەزاییانە یانەی هەولێر روونكردنەوەیەكی بڵاو كردەوە و تێیدا ئاماژەی بەوەدا ئەم هەواڵە لێكدانەوەی جیاوازی بۆ كراوە.

لە روونكردنەوەكەدا یانەی هەولێر ئاماژەی بەوەدا كە سەرجەم پلیتەكانی یاریگەی فڕەنسۆ هەریری بە 25 هەزار دینار نییە و بەڵكو پلیتی ئاسایی زۆر لەم نرخە هەزانترە و لەمبارەیەوە دەڵێت "فرۆشتنی بلیتی ئاسایی بۆ ھەر یارییەک نرخەکەی تەنیا 3 ھەزار دینارە.

هەروەها دەڵێت: بەڵێ نرخی پلیتی مەقسورە  (vip)مان دیاركردووە كە ژمارەی کورسییەکان دیاریکراوە بۆ ھەر یارییەک 25 ھەزار دینارە.

جەختیشی كردەوە "مەبەست لە فرۆشتنی پلیت دابینکردنی داھاتە بۆ یانەکەمان، چونکە ئەم وەرزە پێویستمان بە خەرجییەکی زۆر ھەیە (١٩) یاری لە دەرەوەی یاریگای خۆمان ئەنجام دەدەین.

لە كۆتایی روونكردنەوەكەدا یانەی هەولێر دەڵێت " هەمیشە پێویستمان بە پاڵپشتی ھاندەران ھەیە تا بتوانین ئەم وەرزە ئەنجامی باش بەدەست بھێنین" جەختیشی كردەوە كە لە پێناو ئامادەبوونی ھاندەران بەفەرمی کاتی یارییەکانیان لە خولی نایابی عێراق بۆ سەعات 6 ئێوارە گۆرییەوە.

یانەی هەولێر رۆژی شەمووی داهاتوو لە دووەم یاریی وەرزی نوێی خولی نایابی عێراقدا یارییەی قورسی بەرامبەر یانەی تەڵەبە لەنێو یاریگەی فڕەنسۆ هەریری هەیە و یارییەكەش سەعات 6ی ئێوارە بەڕێوەدەچێت.

یانەكە ئێستا خاوەن تەنیا خاڵێكە دوای ئەوەی رۆژی هەینی رابردوو لە یەكەم یاریی خولەكدا لەنێو یاریگەی سەناعە لە شاری بەغدا بە ئەنجامی 2-2 گۆڵ لەگەڵ یانەی نەفت یەكسان بوو.



وشە - ئامانج ئه‌كره‌م