نرخی نەوت بەرز بووەوە

:: AM:09:06:19/09/2018 ‌

لە سەرەتای ئەم هەفتەیەی بازاڕی بۆڕسەوە تا پێش نیوەڕۆی دوێنێ سێشەم، نرخی نەوت رووی لە نزمبوونەوە كردبوو، بەڵام لەوكاتەوە تا ئێستە رووی لە بەرزبوونەوە كردووە و بە رێژەیەكی بەرچاو لە نرخی نەوت بەرز بووەتەوە.

كەمترین نرخ كە دوێنێ بەیانی تۆمار كرا بریتی بوو لە 77 دۆلار و 53 سەنت و لەو كاتەوە تا ئێستە سەرووی دۆلارێك و نیو لە نرخی نەوت هەڵكشاوە و ئێستە هەر بەرمیلێكی بە 79 دۆلار و هەشت سەنت دەفرۆشرێت.

بەگوێرەی daylyfx نەوتی ئەمەریكی ناسراو بە WTI لە 68 دۆلار و 58 سەنتەوە بەرز بووەتەوە بۆ 70 دۆلار.

بەڵام پێشبینی كراوە لەگەڵ دەستپێكردنی سزاكانی ئەمەریكا بۆ سەر كەرتی نەوتی ئێران لە سەرەتای مانگی تشرینی دووەم، نرخی نەوت بەرز ببێتەوە و هەندێك دامەزراوەی دارایی ئاماژە بە 100 دۆلار دەكەن.

لە ماوەی مانگی رابردوو چەندان وڵات كۆتایییان بە گرێبەستەكانیان لەگەڵ ئێران هێناوە و رۆژ بە رۆژ لە هەناردەی نەوتی ئەو وڵاتە كەم دەبێتەوە و ئەگەر بە گشتی هەناردەی نەوتی ئێران بگاتە سفر، ئەوا كێشە لە پێداویستی نەوت دێتە كایەوە و دەبێت وڵاتانی تری بەرهەمهێنەری نەوت قەرەبووی ئەم كەمییە بكەنەوە ئەگەر نا نرخی نەوت بەرز دەبێتەوە.



وشە - سلێمان تاشان