بەڕێوەبەری پەیوەندییەكانی یانەی بەرشەلۆنەی ئیسپانی ستایشی ئاستی ئەستێرە و كاپتنی یەكەمی تیپەكەی لیۆنێل میسی ئەرجەنتینی لە یارییەكەی شەوی رابردوو بەرامبەر یانەی ئایندهۆڤنی هۆڵەندی كرد.
شەوی رابردوو یانەی بەرشەلۆنە لە یەكەم یاریی قۆناغی كۆمەڵەكانی خولی پاڵەوانانی ئەوروپا لەنێو یاریگەی كامپ نوو بە 4 گۆڵی بێ وەڵام لە یانەی ئایندهۆڤنی بردەوە.
لە یارییەكەدا میسی ئاستێكی ناوازەی پێشكەش كرد و توانی 3 گۆڵ (هاتریك) لە خولەكانی 32 و 77 و 87 تۆمار بكات.
لەمبارەیەوە گێلێرمۆ ئەمور بەڕێوەبەری پەیوەندییەكانی یانەی بەرشەلۆنە بە رۆژنامەی (سپۆڕت)ی ئیسپانی راگەیاند: لیۆ ئاستێكی نموونەیی بەرامبەر یانەی ئایندهۆڤن پێشكەش كرد، بۆ هەر كەسێك ئەستەمە تێ بگات لەوەی كە ئەو ئەستێرە ئەرجەنتینیە دەیكات.
میسی پێشتر بەڵێنی بە هەوادارانی یانەی بەرشەلۆنە دابوو ئەمساڵ ناسناوی خولی پاڵەوانانی ئەوروپا ببەنەوە، لەمبارەیەوە ئەمور رایگەیاند: كاتێك میسی قسە دەكات پێویستە هەموو بێ دەنگ بن.
بەڕێوەبەری پەیوەندییەكانی یانەی بەرشەلۆنە ئاشكراشی كرد كە هەرچەندە كۆمەڵەكەیان لە خولی پاڵەوانانی ئەوروپا زەحمەتە، بەڵام بە دڵنیاییەوە دەتوانن ئەمساڵ ئامانجەكەیان بەدەستبێنن كە ئەویش بردنەوەی جامی خولەكەیە.
جێی باسە یانەی بەرشەلۆنە لە كۆمەڵەی دووەمی ئەمساڵی خولی پاڵەوانانی ئەوروپا یاری دەكات لەگەڵ یانەكانی تۆتنهامی ئینگلیزی، ئینتەر میلانی ئیتاڵی و ئایندهۆڤنی هۆڵەندی.