قەرزی بچووك بە گەنجانی كوردستان دەدرێت

:: AM:10:54:19/09/2018 ‌
گفتوگۆ لەسەر پێدانەوەی قەرزی بچووك بە گەنجانی هەرێمی كوردستان دەكرێ و بەرپرسی قەرزی بچووكیش دەڵێت، گفتوگۆی لەسەر كراوە، بەڵام بڕیاری لێ نەدراوە.

ئەمڕۆ چوارشەم 19ـی ئەیلوول، ئارام عومەر بەڕێوەبەری قەرزی بچووك لە وەزارەتی كار و كاروباری كۆمەڵایەتی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، كۆبوونەوەمان لەگەڵ وەزیر كردووە بۆ دەست پێكردنەوەی قەرزی بچووك.

بەڕێوەبەری قەرزی بچووك گوتی، لە كۆبوونەوەكەدا گفتوگۆ لەسەر ئەو هاندانە كراوە كە پێویستە، بەڵام تا ئێستە هیچ بڕیارێك نەدراوە بۆ ئەوەی كەی دەست پێ‌ بكاتەوە، تەنیا گفتوگۆی لەسەر كرا.

لاپەڕەی فەرمی بەڕێوەبەرایەتی قەرزی بچووكیش بڵاوی كردووەتەوە كە وەزیری كار و كاروباری كۆمەڵایەتی بەڵێنی دەست پێكردنەوەی ئەو قەرزەی داوە.

مەرجەكانی پێدانی قەرزی بچووك لە ڕابردوو بۆ ئەو گەنجانی كە تەمەنیان لە نێوان 16 بۆ 35  ساڵیدایە، هاووڵاتی و نیشتەجێی هەرێمی كوردستان بێت و نابێ كارمەند بێت لە دەزگە حكوومییەكان و كەرتی تایبەت، بێكار و خاوەن دارایی لاواز و سنووردار بێت.




وشە - رامیار جەواد