ئەم جۆرەی گەشتی عه‌مرە قەدەغە دەكرێ

:: AM:11:09:19/09/2018 ‌
بەڕێوەبەرایەتی گشتیی حەج و عه‌مرەی هەرێمی كوردستان، جۆرێك لە گەشتی عه‌مرە ڕەت دەكاتەوە و ئاشكرای دەكات بەپێی ڕێنوێنییەكان ڕێی پێ نەدراوە.

ئەمڕۆ چوارشەم 19ـی ئەیلوول، لە روونكردنەوەكەی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی حەج و عه‌مرەی سەر بە وەزارەتی ئەوقاف و كارەباری ئاینیدا هاتووە، ما‌وەی چەند رۆژێكە لەلایەن هەندێك كۆمپانیای حەج و عه‌مرە رێكلام بۆ ئەوە كراوە گەشتی عه‌مرە بە ڕێی وشكانی ئەنجام دەدەن بۆ سعوودیە، ئێمە ئاگەداری سەرجەم هاووڵاتییانی كوردستان دەكەین‌ هیچ رێنوێنییەكی فەرمیمان لەلایەن دەستەی باڵای حەج و عه‌مرەی عێراقەوە لەوبارەیەوە پێ نەگەیشتووە.

حەج و عه‌مرەی هەرێمی كوردستان ئەوەشی ئاشكرا كردووە، هەموو ئەو كۆمپانیایانەی كە ڕێكلامیان كردووە بۆ ئەنجامدانی گەشتی عه‌مرە بە ڕێی وشكانی، بەپێی یاسا لێپێچینەوەیان لەگەڵدا دەكرێت، چونكە ئەوە پێچەوانەی رێنوێنییەكانی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی حەج و عه‌مرەیە.

لە كۆتایی ڕاگەیەنراوەكەدا هاتووە، داوا لە كۆمپانیاكانی حەج و عه‌مرە دەكەین سەردانی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی حەج و عه‌مرە بكەن بۆ تەواوكردنی مامەڵەكانیان، چونكە هەر كۆمپانیایەك دوور لە رێنوێنییەكان، عه‌مرەكاران بگوازێتەوە بەرپرسیار دەبێت.



وشە - رامیار جەواد