فاو ستراتیجیترین ناوچه‌ی عێراق..دەبێتە چۆڵەوانی و خەڵك بەلێشاو كۆچ دەكەن

:: PM:12:16:19/09/2018 ‌
سەرەڕای ئەوەی سەرجەمی نەوتی عێراقی لێ هەناردە دەكرێ و بە تاكە دەرچەی عێراق لەسەر دەریا دادەنرێ، بەڵام بەهۆی وشكبوون و سوێری ئاو و نەبوونی كارەبا، سەدان خێزانی نیمچە دوورگەی فاو لە بەسڕە ماڵەكانیان جێهێشتووە و كۆچیان كردووە.

فاو دوورترین خاڵی باشووری عێراقە و دەكەوێتە نێوان ئاوی شەتولعەرەب و كەنداوی عەرەبی، لە ڕۆژهەڵاتەوەی ئێرانەوە و لە ڕۆژئاوایش كوێت، لە ڕووی كارگێڕییەوە سەر بە پارێزگای بەسڕەیە و زیاتر لە 50 هەزار كەسی لێ دەژی، بە ناوچەیەكی ستراتیجی و گرنگ دادەنرێ، چونكە تاكە دوا دەرچە و دەروازەی عێراقە بۆ گەیشتن بە دەریا، زۆرینەی دانیشتووانی لە هۆزەكانی "دواسر، ڕەواشد، بەنی تەمیم، شەلەش، حەیال" پێك دێن.

قایمقامی شارۆكەی فاو "وەلید شەریفی" بە ڕۆژنامەی "العربی الجدید"ی ڕاگەیاند، سەدان لە خێزانەكانی فاو لە ماوەی ڕابردوودا كۆچیان كردووە و ماڵەكانیان بەجێهێشتووە، ئەمەیش بەهۆی وشكبوونی ناوچەكە و سوێری ئاو و نەبوونی كارەبا، بەگوێرەی ئەو ئامارەی لە بەردەستمان تا ئێستە 400 خێزان فاویان بەجێهێشتووە، حاڵەتەكانیش ڕۆژ دوای ڕۆژ ڕوو لە زیادبوون دەكەن، بارهەڵگرەكانی شارۆكەكە ڕۆژانە خواستێكی زۆریان لەسەرە، چونكە بە سەدان لە خەڵكی ناوچەكە بەكرێ دەیانگرن، بۆ ئەوەی ماڵەكانیانی لێ بار بكەن و فاو بەجێ بهێڵن.

ئاماژەی دا، هەرچەندە ئێمە دەمانەوێ ڕێگری لە كۆچكردنی خەڵكی شارۆكەكە بكەین، بەڵام بە گشتی ڕۆژانە سێ خێزان شارۆكەی فاو بەجێ دەهێڵن.

فیراس عەبدوڵا عامری یەكێك لە هاووڵاتییانی فاو بۆ ڕۆژنامەكە گوتی، شارەكە ڕووبەڕووی قورسترین تەنگژە بووەتەوە، ئاوی شیرین بۆ خواردنەوە دەست ناكەوێ و تەنگژەیەكی گەورە دروست بووە، دەبێ ڕۆژانە بیكڕین، بەڵام خەڵكەكەی هەژارن و پارەی ئەوەیان نییە هەموو ڕۆژ ئاویش بكڕن، جیا لەوە ئەو ئاوەی ئێستە لە شارەكە هەیە بۆ خۆشووشتن و تەنانەت شووشتنی قاپ و كەلوپەلی خواردنیش بە كەڵك نایەت.

سەرچاوەكان لە فاو بۆ ڕۆژنامەكە ئاماژەیان داوە، تا ئێستە نزیكەی پێنج هەزار حاڵەتی ژەهراویبوون لە شارەكە تۆمار كراوە و ڕێژەكەیش بەردەوام ڕوو لە زیادبوونە.


وشە - باز ئه‌حمه‌د